راوێژكارێكی ئەسەد: بیرۆكەی خۆبەڕێوەبەری بۆ كورد رەت دەكەینەوە

:: PM:08:46:19/02/2019 ‌

بوسەینە شەعبان راوێژكاری راگەیاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بە توندی بیرۆكەی پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە كورد لە سووریا رەت كردەوە و ئاماژەی كرد كە ئەو هەنگاوە دەرگە لەبەردەم دابەشكردنی وڵات واڵا دەكات. 

ئێستە كورد كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فرەوان لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا دەكەن و لە دوای بڕیاری دۆناڵد تەرمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە، كوردی سووریا نەخشەرێگەیەكیان پێشنیاز كردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی بەشار ئەسەد لە رێگەی ئەو كۆبوونەوانەی لە ماوەی دوایی لەگەڵ رووسیا سازیان كردووە. 

گرنگترین داواكارییەكانی كورد لە سووریا، هێشتنەوەی ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەرییە كە تیایداندا لامەركەزیانە فەرمانڕەوای خۆیان دەكەن، جیا لە پاراستنی بوونیان لە بەرانبەر هێرشەكانی سوپای توركیا، بۆ ئەوەیش خوازیارن لەگەڵ حكوومەتی سووریا بە میانگیری رووسیا بگەن بە رێككەوتن.

شەعبان ئەمڕۆ سێشەم كاتێك پرسیاری لێ كرا لەبارەی ئاخۆ دیمەشق ئامادەیە بۆ كاركردن لەسەر رێككەوتننێك بۆ پێدانی جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەری بە كورد، گوتی، ئەو پێشنیازە بەتوندی رەت دەكەینەوە.

شەعبان لە پەراوێزی كۆنگرەیەك لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆسكۆ كە یانەی فاڵداری بۆ گفتوگۆكردن سازی كردبوو، بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاند، خۆبەڕێوەبەری واتە دابەشكردنی سووریا و ئێمەیش هیچ نیازێكمان نییە بۆ دابەشكردنی. دووپاتی كردەوە كە كورد بەشێكی گرنگی گەلی سووریان كە هەمووانی لەخۆ گرتووە.

ئەو لێدوانەی شەعبان دوای لێدوانی فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا دێت كە مانگی رابردوو گەشبینی خۆی لەبارەی گفتوگۆكانی كورد و دیمەشق راگەیاندبوو، لەوكاتەی دیمەشق چاوی لەوەیە دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاكی ئەو وڵاتە بسەپێنێت كە لە جەنگ و تەنگژەی هەشت ساڵی رابردوو لە دەستی دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل