مەرج بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی نوێ‌ دادەنرێت

:: AM:11:10:20/02/2019 ‌
بە پشتبەستن بە نووسراوی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرای دەكات، پێویستە ئۆتۆمبێلی نوێ‌ لە ماوەی 60 ڕۆژدا تابلۆ وەربگرێت دەنا سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، بەپێی نووسراوێكی هاتوچۆی سلێمانی: هەر كڕیارێكی ئۆتۆمبێل لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا ساڵانە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی وەرنەگرێت، بە بڕی یەك ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، پێویستە كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەسەر گرێبەستەكانیان بنووسرێت دەبێت لە دوای واژووكردنی ئەم گرێبەستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بكرێت بە مەبەستی تۆماركردنی، ئەگەر لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ساڵانە و تابلۆ وەرنەگیرێت، سزا دەدرێت بە بڕی یەك ملیۆن دینار.

پێشتر لە گرێبەستی كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا تەنیا دەنووسرا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ كار بەم گرێبەست دەكرێت.

ئەو گۆڕانگارییە لە تۆماری ئۆتۆمبێلی نوێ‌ لە كاتێكدایە پێناسی گومرگی ئێستە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لە ڕۆژی 17ـی شوباتەوە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە یەك پێناسی گومرگی هەیە.





وشە - رامیار جەواد