چێڵسی جێگرەوەی هازاردی دۆزیوەتەوە

:: PM:12:35:20/02/2019 ‌

یانەی چێڵسیی ئینگلیزی بڕیاریداوە لە ئەگەری رۆیشتنی ئەستێرە بەلجیكییەكەی ئیدین هازارد لە وەرزی داهاتوودا گرێبەستێت لەگەڵ ئەستێرەیەكی یانەی رۆمای ئیتاڵی دەكات.

كارگێڕی یانەی چێڵسی لە ماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆریان دابوو بۆ رازیكردنی هازارد سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، بەڵام یاریزانەكە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئامادە نییە ئیمزا لەسەر گرێبەستە نوێیەكە بكات.

لەبەرامبەریشدا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بێتە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد.

ماڵپەڕی (توركیش فوتباڵ) بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی چێڵسی لە ئێستاوە دەستیان كردووە بە دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆ شوێنی هازارد تا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بتوانن گرێبەستی لەگەڵ بكەن.

یانەی چێڵسی پێیوایە باشترین بژاردە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی هازارد، جەنگیز ئۆندێری ئەستێرەی توركی و یانەی رۆمای ئیتاڵییە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی چێڵسی بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە یانەی رۆماشەوە كردووە، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و نرخەكەیان بە 55 ملیۆن پاوەن دیاری كردووە.

جگە لە یانەی چێڵسی چەند یانەیەكی تری ئینگلیزیش داواكارییان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئۆندێر ناردووە كە ئەوانیش برێتین لە ئارسناڵ و تۆتنهام.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م