رۆژنامه‌یه‌كى عێراق له به‌دواداچوونێكدا ئاشكراى ده‌كات، له‌ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوودا عێراق بایى 149 ملیار دۆلار چه‌كى كڕیوه و به‌رپرسێكى عێراقیش ده‌ڵێ، "به‌و پاره‌یه‌ى عێراق له كڕینى چه‌ك خه‌رجى كردووه، ده‌توانرێت یه‌ك كیشوه‌ر چه‌كدار بكرێت".
رۆژنامه‌ى "مه‌دا"ى عێراقى به‌دواداچوونێكى رۆژنامه‌وانى بۆ ئه‌و گرێبه‌ستانه كردووه كه له‌ماوه‌ى رابردوودا عێراق له بوارى كڕینى چه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه ئه‌نجامى داوه، له راپۆرته‌كه‌دا سه‌رۆكى پێشووى لیژنه‌ى ته‌ناهى په‌رله‌مانى عێراق هه‌ندێك زانیارى وردى له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ئاشكرا كردووه.
حاكم زاملى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگرى له خولى پێشووى په‌رله‌مان و سه‌ركرده له ره‌وتى سه‌در بۆ رۆژنامه عێراقییه‌كه‌ى ئاشكرا كردووه له ماوه‌ى رابردوو هێزه عێراقییه‌كان به قه‌رز شه‌ڕى داعشیان كردووه، دووپاتیشى ده‌كاته‌وه قه‌رزى وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق گه‌یشتووه‌ته زیاتر له دوو ملیار دۆلار، به‌شێكى زۆرى ئه‌و پاره‌یه‌یش له كڕینى فڕۆكه‌كانى F16 ئه‌مه‌ریكى و T50 كۆرى و L195 چیكى خه‌رج كراوه، به پێى گرێبه‌سته‌كان بێت عێراق به قیست ده‌بێت پاره‌ى ئه‌م كۆمپانیا بیانییانه بدات.
له بۆدجه‌ى گشتى فیدڕاڵى بۆ ساڵى 2019 نزیكه‌ى حه‌وت ملیار دۆلار بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ته‌رخان كراوه، ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش كراوه به دوو به‌ش. به‌شێكیان بۆ كه‌رتى وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كراوه ئه‌مه‌یان له دوو ملیار دۆلار تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام پێنج ملیاره‌كه‌ى تر پشكى به‌كارخستنه واته به‌شێكى زۆرى پاره‌كه وه‌ك مووچه بۆ فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌ته‌كه به‌كار دێت كه ژماره‌یان 288 هه‌زار كه‌سه.
حاكم زاملى له لێدوانه‌كه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى مه‌دا ده‌ڵێ، "ئه‌و گه‌نده‌ڵییه له گرێبه‌سته‌كانى ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان كراوه به‌هۆى ده‌ستێوه‌ردانى به‌رپرسانى سیاسى و ده‌ڵاڵ و بازرگانه‌كانى چه‌ك بووه جا له ده‌ره‌وه‌ى عێراق بێت یان له‌ناوه‌وه". دواتریش زاملى ئاشكراى ده‌كات كه عێراق له ساڵى 2003 وه، واته له‌دواى كه‌وتنى رژێمى به‌عسه‌وه، تا ئێسته نزیكه‌ى 149 ملیار دۆلارى له‌كڕینى چه‌ك خه‌رج كردووه.
دواتر سه‌رۆكى پێشووى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگرى له خولى پێشووى په‌رله‌مان به توانجه‌وه ده‌ڵێ، "ئه‌م گرێبه‌ستانه پاره‌یه‌كى وه‌هاى زۆر و زه‌وه‌ندى بۆ خه‌رج كراوه و ده‌توانرا به‌و پاره‌یه یه‌ك كیشوه‌ر چه‌كدار بكرێت". به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌ناوى سوپاوه خه‌رج كراوه، كه‌موكوڕییه‌كانى كه‌م كردووه‌ته‌وه؟ حاكم زاملى له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ "سه‌ره‌ڕاى خه‌رجكردنى ئه‌م پاره زۆره كه‌چى هێشتا هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق له زۆر پێداویستى كه‌موكوڕى گه‌وره‌ى هه‌یه".
له راپۆرته‌كه‌ى
مه‌دا باس له‌وه كراوه، هه‌رچه‌نده ئێسته چاودێریى زیاتر خراوه‌ته له گرێبه‌سته‌كانى كڕینى چه‌ك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌نده‌ڵى له گرێبه‌سته‌كان به‌رده‌وامه‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پێشتر لێكۆڵینه‌وه‌یش كراوه و چه‌ندان به‌رپرس گیراون".
له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو عێراق له‌گه‌ڵ رێكخراوى تیرۆریستى داعش رووبه‌ڕووى جه‌نگێكى سه‌خت بووه‌وه، وێڕاى خه‌رجكردنى ئه‌و پاره زۆره، كه‌چى سوپاى عێراق نه‌یتوانى به‌رگرى له شاره‌كانى عێراق بكات و ته‌نانه‌ت داعش به‌چه‌ند تیرۆریستێكى كه‌م توانى چه‌ند شارێكى عێراق داگیر بكات، به‌شێوه‌یه‌ك دواى دوو ساڵ له جه‌نگ به‌هاوكارى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ئینجا توانراوه ئه‌و شوێنانه كۆنتڕۆڵ بكرێنه‌وه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه بێت عێراق له‌ماوه‌ى رابردوودا به قه‌رز شه‌ڕى داعشى كردووه، ئه‌گه‌ر قه‌رزى ئه‌و ماوه‌یه ته‌نیا دوو ملیار دۆلار بێت، ئه‌ى پێشتر 147 ملیار دۆلارى بۆچى خه‌رج كردووه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له بودحه‌ى عێراقه‌وه هاتووه، وه‌زاره‌تى به‌رگرى له 288 هه‌زار و 979 مووچه‌خۆرى هه‌یه له‌ناویاندا 462 كه‌س پله‌باڵان، هه‌زار و 779 كه‌س پله‌یه‌ك و سێ هه‌زار و 243 كه‌س پله دوو، سێ هه‌زار و 523 كه‌سیش فه‌رمانبه‌رى پله سێن، ژماره‌كه‌ى تریش به‌سه‌ر حه‌وت پله‌كه‌ى تر دابه‌ش كراون.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌و پێیه‌ى كه سه‌ركرده‌ى هێزه چه‌كداره‌كانى عێراقه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى گرێبه‌سته‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و گرێبه‌ستانه‌ى پێشتر ئه‌نجام دراون.
عه‌بدولخالق عه‌زاوى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگرى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى مه‌دا دووپاتى ده‌كاته‌وه، هێشتا سوپاى عێراق له رووى لۆجستییه‌وه پێدوایستى تر‌ى هه‌یه و ده‌بێت بۆى دابین بكرێت، ئه‌و ده‌ڵێ "گرێبه‌ستى كڕینى هه‌ندێك چه‌كى پێشكه‌وتوو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى به‌رگرییه‌وه تاوتوێ ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێسته هیچ گرێبه‌ستێك ئه‌نجام نه‌دراوه".
هه‌ندێك له به‌رپرسانى تر‌ى عێراق ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له گرێبه‌سته‌كانى پێشووى عێراق به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف ئه‌نجام نه‌دراون، بۆیه نازارێت قه‌باره‌ى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه چه‌نده كه له گرێبه‌سته‌كان ئه‌نجام دراون.
له ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوو، چه‌ندان جار دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى له وه‌زاره‌تى به‌رگرى له لایه‌ن میدیاكانه‌وه ئاشكرا كراون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان به‌رپرسانى باڵاى عێراق تێیدا تۆمه‌تبار كراون.