یه‌كه‌م/ ده‌ستوور به‌بێ دیموكراسی
دوای ململانێ ناوخۆییه‌كانی سووریا و هه‌ڵوێستی وڵاتان و پێكدادان و رێككه‌وتنی نێوان چه‌ند هێز و لایه‌نێك، دواجار ده‌ستوورێكی تازه بۆ قۆناغی گواستنه‌وه له سووریا داڕێژرا، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه و ده‌ربازبوون له ململانێ و كۆتاهێنان به ناكۆكییه‌كان، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌ستووره به‌م شێوه و ناوهڕۆك و ناسنامه‌یه‌وه، ده‌توانێت سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جۆرێك له ئاسایش له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت؟، به‌تایبه‌ت كاتێك ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووره‌كه به‌تاڵه له پرۆسه‌ی دیموكراسی و به دیموكراتیكردنی كۆمه‌ڵگه و رێزگرتن له فره‌یی و هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات و پێكه‌وه‌ژیان و به‌شداریی هه‌مووان له بڕیاردان.
بێگومان به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه ئه‌م جۆره ده‌ستووره، ناتوانێت سه‌قامگیری و دیموكراسی و هاوبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هیچ جۆره كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بهێنێت، به‌ڵام با بزانین ئه‌م ده‌ستووره كاتییه كێشه و كه‌لێن و درز و بۆشاییه‌كانی له كوێدان و بۆچی ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر و پۆلیسی، جارێكی تر له سووریا بینا بكاته‌وه و دووباره په‌رژینێكی تر له كۆمه‌ڵگه بداته‌وه؟.
ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئاماده كرا له 53 ماده پێكدێت و بۆ پێنج ساڵی قۆناغی گواستنه‌وه‌یه له سووریا. قۆناغی گواستنه‌وه بریتییه له ده‌ربازبوون له قۆناغی دیكتاتۆری بۆ قۆناغی دیموكراسی له ڕووی تیۆرییه‌وه، به‌ڵام له ڕووی كردارییه‌وه پێده‌چێت ئه‌م قۆناغه له سووریا شتێكی ترمان پێ بڵێت. ده‌ستووره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع له ڕووی رووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌وه تاكڕه‌وانه‌یه و له بری دابه‌شكردن و په‌رتكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی له كاره‌كته‌ری سه‌رۆك كۆماردا كۆ كردووه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی یه‌كجار فراوانی هه‌یه و هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كسان كردووه به ده‌زگا و كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك كۆمار.
هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه تا ده‌گاته ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری و چۆنیه‌تیی دانان و لابردن و قبووڵكردنی ده‌ست لهكاركێشانهوهكانیان، چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزی چه‌كدار و سوپا و سه‌رباز، هه‌مووی به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه.
دووه‌م/ ئه‌حمه‌د شه‌رع و ده‌سه‌ڵاته‌كانی
به‌پێی ده‌ستووره تازه‌كه، ئه‌حمه‌د شه‌رع خۆی چه‌ق و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته، ناوه‌ند به‌و مانایه‌ی ناوكی هێز، حوكمڕانی و ئامرازه‌كانی هێز و شێواز و چۆنیه‌تیی بهركاهێنانیان به ته‌نیا. یه‌كێك له فه‌لسه‌فه‌كانی پشت جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هاوسه‌نگی كه به Separation of powers and Checks and Balance ناسراوه، رێگرییه له دروستبوونی دیكتاتۆر و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و چه‌وساندنه‌وه‌ی گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراو له‌لایه‌ن گرووپێكی تری باڵاده‌سته‌وه، له ڕێگه و به ناوی ده‌ستووره‌وه.
ئه‌حمه‌د شه‌رع به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره تازه‌یه، ده‌توانێت یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن یان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان دابنێت، ئه‌مه‌یش جۆرێكه له ده‌ستوه‌ردان و باڵایی و كهڵهگایی سه‌رۆك به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌زگای نوێنه‌رایه‌تیی هاوشێوه‌ی په‌رله‌مان یان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، بریتییه له نوێنه‌رایه‌تی و هه‌ڵبژاردنیان له ڕێگه‌ی خه‌ڵك، جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ره‌وه، نه‌ك دانان و دامه‌زراندنیان به شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا، ئه‌مه دژی بنه‌ماكانی دیموكراسی و ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه و ناگونجێت له‌گه‌ڵ سیماكانی ژیانی دیموكراتی، به‌تایبه‌ت كاتێك سه‌رۆك ئه‌ندام داده‌نێت له په‌رله‌مان، بێگومان هۆگری سه‌رۆكیش ده‌بێت و ناتوانێت له سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی لا بدات، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر پرس و پرۆسه‌ی یاسادانان و شێوازی ده‌رچوونی یاساكان، پرسی دادپه‌روه‌ری و فره‌یی و مه‌ده‌نیبوونی یاساكان و چاودێری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ئه‌ركه‌كانی تری په‌رله‌مان ده‌بێت.
سێیه‌م/ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
ده‌ستووره‌كه رێگه‌ی داوه سه‌رۆك، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران یان حكوومه‌ت دابنێت، واته وه‌زیره‌كان له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه داده‌نرێن نه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراو كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رددا متمانه‌یان پێ بدرێت، ئه‌مه‌یش جۆرێكه له قۆرخكردن و مۆنۆپۆلكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن تاكه‌كه‌سێكه‌وه.
هاوكات ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری یان دادوه‌ره‌كان، له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه داده‌نرێن و جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتی تری گرنگ كه دادوه‌ری و دادگایه سه‌ربه‌خۆیی خۆی له ده‌ست ده‌دات، به‌مه‌یش ناتوانن كارا و كاریگه‌ر بن و كه‌ناڵی دادپه‌روه‌ری و گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كان بن بۆ هاووڵاتییانی كۆمه‌ڵگه‌ی سووری، به‌تایبه‌ت كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ی سووری خۆی فرهئیتنیك و پێكهاته و ئاین و مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه‌یه. كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌كولتوور به‌بێ ده‌زگای دادوه‌ریی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ و پیشه‌یی، ناتوانێت ببێت به سه‌رچاوه‌ی داد و ماف بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان.
ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری، به سه‌رۆك و كه‌سایه‌تیی ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و هه‌ژموون و باڵایی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كاندا هه‌یه و دایانده‌نێت، ته‌نانه‌ت ده‌شتوانێ لایان بدات و دووریان بخاته‌وه، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداری گه‌ڕانه‌وه و دروستكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ی سته‌م و دیكتاتۆرییه، به فۆرمێكی تری ده‌سه‌ڵات و هێز و به رووخسارێكی تر و به ده‌ستوورێكی تازه‌وه.
دیاره ده‌ستوور زۆرجار له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا ده‌توانێت رێخۆشكه‌ر بێت بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانی دیكتاتۆری و تۆتالیتاریزم بۆ قۆناغی دوای گواستنه‌وه، ئه‌مه‌یش جارێكی تر دوورمان ده‌خاته‌وه له ده‌ستووری مه‌ده‌نیی بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاووڵاتیبوون و سه‌روه‌ری یاسا، رێزگرتن له فره‌یی سیاسی و گه‌یشتن به بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی و گه‌شه‌پێدانی سیاسی.
به ئایدۆلۆجدیكردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوور، هه‌رگیز ناتوانێ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی دروست بكات و بنیات بنێت.