شەرمەزاری زارا بن

PM:12:06:09/01/2022 ‌
مرۆڤ كە هەندێ هەڵوێست و گوتار و كۆڕ و كۆبوونەوە دەبینێ، دڵی ژان دەكات و دەكەوێتە حاڵەتی نائومێدی. تەماشای قەدەری كورد بكە، دوێنێ لە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری، یادی سەروەری پارێزگای شارەكە "سلێمانی" و كردنی بە كاریزما و پیاوی گەردوونی، ئێستەیش بەندكردن و سزادانی زارا لەسەر زمانی كوردی، لەلایەن ئەو رژێمەی سلێمانی هەڵسووڕێنەری بوو بۆ لەناودانی كورد و زمانەكەی و خاكەكەی، ئاخر ئەمە چ قەدەرێكە تووشی كورد هاتووە؟.

ئەو گوزارشتە تەواو پڕ واتا و ڕاستە، كە گوتراوە كورد بە درێژایی مێژوو، هەر خۆی دوژمنی خۆی بووە نەك بێگانە و كەسیتر، بۆیە دەبینین لە ڕۆژهەڵاتمانەوە ڕۆژانە كچ و كوڕەكانمان ئەشكەنجە و ئازار و سزا دەدرێن و بەند دەكرێن و لە دار دەدرێن، تەنیا لەسەر كوردبوون و زمانی شیرینی كوردی، كەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی رەنگاوڕەنگ، بێ شەرمانە بە باڵای ئاغای ئەو حكوومەت و وڵاتەدا هەڵدەدەن كە كوردی تا بینەقاقا لە ستەمدا خنكاندووە. 

ئاخۆ دەبێت ئەو سیاسییانەی ئەو ڕۆژە لە هۆڵەكەدا دانیشتبوون و یادی ئەو سەركردەیەی ئێرانیان دەكردەوە، ئێستە هەستیان چۆن بێت، ئایا شەرمەزار دەبن یان پەشیمان، یان خۆ گێل دەكەن. ئاخۆ ئەو سیاسی و ڕۆشنبیر و مەلا و كەسایەتی و نووسەر و ئەكادیمی و تەواوی ئەو كەسانەی ئەو یادەیان كردەوە، لە سەرووی هەموویشیانەوە پارێزگاری شار، دەبێت چ وەڵامێكیان هەبێت بۆ زارا و بەندكردنی لەسەر زمان و ئەلفوبێی كوردی. لە خۆمەوە دڵنیام كەڕ و كوێر و لاڵ دەبن لە ئاستیدا و بە وشەیەكیش باسی لێوە ناكەن و گرنگی پێ نادەن و سەركۆنەی ئەو بەندكردنەی زارا ناكەن.

دەمێكە سەرۆك بارزانی فەرمووی ئیرهابێكی فیكری ترسناك هەیە لە كوردستان، هۆشداری دا كە ئەو شەپۆلە لە دژی خاك و وڵات و كوردایەتی و بەلاڕێدابردنی دۆزی ڕەوای گەلێك و لاوازكردنی ئینتمای نیشتمانی و بێگانەپەرستی و جاشایەتی كار دەكات، ئەوەتا بەرهەمەكەی دەبینین و زۆر ڕاست و دروست بوو، ببینن كوردایەتی و خاك و وڵاتپارێزی لای هەندێك كەس بە ئاشكرا بوو بە جاشایەتی، خاكفرۆشی، بۆیە ئەم گرووپە بێشەرمە وا بەدەنگی بەرز وتاریان دا، تا بڵێن ئەوە وێنە تازەكەی ئێمەیە و بمانناسن.

كورد ڕۆژێكی غەمگینی بەڕێ كرد، هەواڵی بەندكردنی زارا تەواوی دنیای تەنی و گشت مرۆڤێكی خاوەن دۆز و و وڵاتانی هەژاند، تەنیا كوڕە ناڕەسەنەكان نەبێت كە رۆژێك دێت دەبن بە پەندی زەمانە و مێژوو لە ئاست گەل و خاكدا و شەرمەزاری بەشیان دەبێت، چونكە دۆزی كورد گەورەیە و ئەوانیش گرووپێكی بوودەڵەن كە شەڕی چرووكی و بچووكی و خۆڕێسواكردن دەكەن، بۆ ئەوەیشی تێبگەن جیاوازییەكە چییە؟ تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كەناڵی خێران، ببینن زارا لە چ پێگەیەكدایە و ئێوەش كێن.