ڕوانگەی سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەر

PM:01:34:07/12/2022 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای دەستبەكاربوونی بڕیاری ڕژد و یەكلاكەرەوەی دا كە لە هەموو بوارەكاندا چارەسەر و چاكسازی پێشكەش بكات، ئەمەش بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە و بە كردار بینراوە، ئێستە دەزانین مەسروور بارزانی ڕژدترین و بەهێزترین كەسایەتییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان و هاوكات خاوەن دیدێكی روونە بۆ بەرەوپێشبردنی.

ئەم كابینەیە زۆر بە ڕاشكاوی و ڕاستگۆیانە پەنجە دەخاتە سەر هەموو برین و گرفت و كەموكوڕییەكان، هەوڵ دەدات بۆ چارەسەر و چاكسازی، خۆ ئەگەر بۆ بابەتێكیش توانا و چارەسەری لا نەبێت، زۆر بە ڕاشكاوی ئاماژەی پێ دەدات و بەرنامەی بۆ دادەنێت تا زاڵ دەبێت بەسەریدا و چارەسەری دەكات.

لە هەموو گرنگتر و دڵخۆشكەرتر ئەوەیە سەرۆكی حكوومەت بەتەواوی خۆی یەكلاكردووەتەوە بۆ چاكسازی و پاكسازی و باشتركردنی دۆخی كوردستان و پلان و بەرنامەكانی، نیاز و مەبەست زۆر گرنگە لە سەركردە ببینرێت، بۆیە لە دۆخە لەناكاوەكاندا خێرا بڕیار دەدات و خۆی دەچێتە ناو بابەتەكانەوە و چارەسەری دەكات، بۆ ئەو دەردانەیشی كە درێژخانن، پلانی دوورمەودای هەیە.

ئەوەی یەكلا بووەتەوە ئەوەیە كە كابینەی نۆ بۆ چاكسازی و باشكردنی دۆخەكە هاتووە، ئەمەش لە هەموو شتێك گرنگترە و هەست بە باشتربوونی ژیان و گوزارنی خەڵك دەكرێت و خزمەتگوزاریش كەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی. ڕەنگە هەندێك بڵێن كابینەی نۆ كاری تەنیا قسە و نووسین بووە، بەڵام ئەگەر بێلایەنانە سەیری كارەكانی ئێستە و ئەوكاتە بكرێت كە كابینەكە دەست بەكار بوو، بێ دوودڵی دەتوانی بڵێی ئەو قسانە لە بێئاگایی و نەزانینەوە دێن یان بەمەستی سیاسیی دەكرێن، چونكە هەر كابینەی نۆ بوو توانی بەرگەی ئەو هەموو قەیران و گوشار و پەستانە بگرێت كە دووچاری كوردستان هاتن، بگرە شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی و هەموو بەربەستەكانی تێكشكاند، بۆ خەڵكی كوردستانی سەلماند كابینەیەكی بەرپرسە و هەڵنەهات لە هیچ ئەرك و بەرپرسیاریەتییەك كە لە ئەستۆیدا بوو.

ڕوانگەی سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەر، هەر لە سەرەتای دەستەبەكاربوونییەوە جێی دڵخۆشی و خۆشحاڵی بوو، چونكە خۆی پیاوی تێپەڕاندنی قەیران و دۆخە سەختەكانە و بێگومان دەبێت هەموومان پشتی پێ ببەستین و پاڵپشتی بین. بە بڕوای من سەرۆكی حكوومەت دەیەوێ هاووڵاتی خۆی بەرپرس بێت، وڵاتێك كە هاووڵاتییان و تاكەكانی هەستیان بە بەرپرسیاریەتی كرد و دڵسۆز بوون بۆ خاكەكە، حكوومەتیش دەبێتە بەهێزترین و باشترین حكوومەت، بۆیە هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە حكوومەت و هاووڵاتی هاوئاهەنگ و تەواوكاری یەكتربن.

ڕوانگەیەكی تری سەرۆكی حكوومەت ئەوەیە پێی وایە دەبێت حكوومەت تا بكرێ كارەكانی بە ئەلیكترۆنی و سیستمی پێشكەوتووی هاوشانی وڵاتە بەهێزەكانی دنیا بەڕێوە ببات، ئەمەش بۆ ئەوەی كەس تووشی ڕۆتین و هەڵەی مامەڵەكانی نەبێت، پاشان بتوانرێ دامەزراوەكان بەهێزتر و تۆكمەتر بكرێن.

ڕوانگەیەكی تری ئەوەیە ئاسایش و تەناهیی كوردستان و هاووڵاتییانی، لە پێش هەموو شتێكەوە بێت، چونكە پێی وایە ئازادی و ئاسایش و سەلامەتی وەك نان و ئاو گرنگە و مرۆڤ ناتوانێ بژی بەبێ ئاسایش و ئارامی. بۆیە لە زانایەكیان پرسی، ئایا ئازادی و ئاسایش گرنگە یان نان؟ لە وەڵامدا گوتوویەتی، ئەگەر ئازاد و ئارام بم، دەتوانم نان پەیدا بكەم، بەڵام ئەگەر ئازاد نەبم، ئەوا نان بەبێ ئازادی و سەلامەتی هیچ مانای نییە.

روانگەیەكی تر ئەوەیە راستەوخۆ هاووڵاتییان داوا و سكاڵای خۆیان بە سەرۆكی حكوومەت بگەیەنن، هەر كەموكوڕییەك هەبێت خۆی بێتە سەر هێڵ و پرسەكە چارەسەر بكات، ببێتە فریاڕەسی كەسە بێ پشتوپەناكان. سەرۆكی حكوومەت دەیەوێ هەموو پێوەندییەكانی بخاتە خزمەت سوودی گەلەكەی و لەو ڕێیەوە بتوانێ هەموو كەرتەكانی كوردستان ببووژێنێتەوە

دانایی و ژیری سەرۆكی حكوومەت زۆر بابەت و باس هەڵدەگرێت، چەندان پلان و ڕێی تر هەن بۆ چارەسەری دۆخ و گوزەرانی گەلەكەی كە ڕۆژ بە ڕۆژ لە كار و پڕۆژە و خزمەتەكانیدا دەردەكەون.