روانگه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی بۆ چه‌مكی ئازادی
حسه‌ین له‌تیف
یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی ساڵی رابردوو خوێندمه‌وه، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می كچه ڕۆماننووسی فارس "مه‌ریه‌م مه‌جیدی"ـه كه خه‌ڵاتی (غۆنكۆر)ی ساڵی 2017ی پێ به‌خشراوه. هه‌رچه‌نده تێكسته‌كه جۆرێكه له ژیاننامه‌ی نووسه‌ر خۆی، به‌ڵام به‌دیوێكی تردا خاڵی نییه له ته‌كنیكی ڕۆمان و ڕۆمانی نوێ.
شۆكی كولتووری، تێمای هه‌ره سه‌ره‌كی تێكسته‌كه‌یه، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی گێڕه‌ره‌وه‌یه، كه‌سی یه‌كه‌می تاكه، باس له ژیانی خێزانه‌كه‌ی خۆیان ده‌كات كه چه‌پخوازن و له‌ناو ڕێكخستنێكی سیاسیی چه‌پدا كاریان كردووه، چه‌ند ساڵێك پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئه‌و وڵاته به‌جێ دێڵن و به‌ره‌و فڕه‌نسا ده‌ڕۆن. له‌وێ ئه‌و كچه منداڵه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌یه، تووشی شۆكی كولتووری ده‌بێت، به‌رده‌وام بیری خواردنی ده‌ستی نه‌نكی ده‌كات، به خواردنی په‌نیری سارد و گۆشتی خاوی ئه‌وێ ڕا نایه‌ت.
كاتێكیش حه‌ز ده‌كات كوڕێكی هاوڕێی بانگێشتی ماڵه‌وه بكات، دایك و باوكی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ڕده‌بڕن. ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دایك و باوكه چه‌پخوازه‌كه‌ی كێشه‌ی ئازادی رامیارییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا هه‌بووه، نه‌ك ئازادی وه‌ك پرسێكی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه له ماڵه‌وه ئازادیی تاكه‌كه‌سیی له كچه‌كه‌یان وه‌رده‌گرنه‌وه. ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه‌كه ده‌كرێت ئاراسته‌ی كۆی ئه‌و هێزه رامیارییانه‌ی دنیای ئێمه بكرێت كه داوای ئازادی ده‌كه‌ن و ئازادی ته‌نیا له چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌كدا ده‌بیننه‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئازادی پێویستی به ژێرخانێكی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه، گێڕه‌ره‌وه به منداڵی ڕۆیشتووه‌ته فڕه‌نسا، ڕۆژێك به پاسپۆرتی نوێی كه هی وڵاته تازه‌كه‌یه‌تی فڕه‌نسا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران، له تاران كه ئیسلامی و شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌م به‌هۆی كوڕه مامه‌كه‌یه‌وه تارانێكی نه‌بینراو و نهێنی ده‌ناسێت كه هه‌م كحوولی تێدا ده‌خورێته‌وه و هه‌م شه‌وه ئاهه‌نگی تێدا ساز ده‌كرێت، ئیتر كچه‌كه بڕیار ده‌دات بۆ هه‌میشه له تاران بمێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای پێداگیری دایك و باوك كه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه پاریس، به‌ڵام ئه‌و كچه هه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه، چونكه ئه‌و وه‌ك دایك و باوكه چه‌پخوازه‌كه‌ی كێشه‌ی سیاسی نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی كولتووری و شۆكی كولتووری هه‌بووه، كێشه‌ی ئازادی هاوڕێیه‌تی ڕه‌گه‌زی جیاوازی هه‌یه، كه دایك و باوكه چه‌په‌كه‌ی لێیان قه‌ده‌غه كردووه.
ئه‌م تێكسته پێمان ده‌ڵێت: ئازادی ڕووداوێكه له ناخی مرۆڤ خۆیدا نه‌ك له ده‌ره‌وه، مرۆڤ كه له‌ناو خۆیدا ئازاد نه‌بێت، ناتوانێ له ژینگه‌ی ئازاد‌دا ژیانێكی ئازاد بكات.
بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئازاد بێت، به‌ر له هه‌ر شتێك پێویسته گرتووخانه‌كانی ناخی خۆی بڕووخینێت. ده‌شێ مرۆڤ له چیایه‌كی سه‌ركه‌شدا بێت و دیل بێت، چونكه له ناخه‌وه ئازاد نییه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده‌كرێت مرۆڤێك هه‌بێت له گرتووخانه‌دا، به‌ڵام ئازاد بێت، مرۆڤێك بێت گرتووخانه‌كه‌ی ناخی خۆی رووخاندبێت. وه‌ك پیته‌ر فایس له شانۆنامه‌ی مارا ساد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و راستییه كردووه:
(ساد) به (مارا) ده‌ڵێ:
مارا گرتووخانه‌كانی نێو زاتی مرۆڤ
گه‌لێ له گرتووخانه تاریك و به‌ردینه‌كان...
ناخۆش و ته‌نگتره.
هه‌ڵهاتن له جیۆگرافیا و ده‌سه‌ڵاتێك كه سه‌رقاڵی چه‌پاندنی رامیاری و سێكس بێت، مانای ئه‌وه نییه تۆ مرۆڤێكی ئازادیت، ئه‌گه‌ر ئازادی به‌شیكی گرنگی كولتوور و بیركردنه‌وه‌كانی تۆ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌م جۆره نه‌بوو ئه‌وا تۆ ته‌نیا جیۆگرافیای خۆتت گۆڕیوه، هه‌موو ئه‌و ترسه‌ی له رووخاندنی دیواره‌كانی ناخت هه‌تبووه له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌یبه‌یته جیۆگرافیایه‌كی نوێوه كه سه‌رشاره له ئازادی! له وه‌ها بارودۆخێكدا تۆ جگه له شۆكبوون، هیچی تر نابینیته‌وه.
ئازادی به‌ر له‌وه‌ی گرێدراوی شوێن بێت، گرێدراوه به تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه، هه‌ڵه‌كه له‌وێدایه كه ئێمه به‌ر له‌وه‌ی له ناخه‌وه مرۆڤێكی ئازاد بین، ده‌ڕۆین به‌دوای ژینگه‌ی ئازاد‌دا ده‌گه‌ڕێین كه جێی خه‌ونه‌كانمانی تێدا ببێته‌وه، به‌ڵام ئازادی كێشه‌یه‌كی كولتوورییه نه‌ك جیۆگرافی، ئه‌وه‌تا ئه‌و دایك و باوكه‌ی به‌هۆی ئازادیی سیاسییه‌وه ئێرانیان به‌جێهێشت، خۆیان سه‌رقاڵی بونیادنانی گرتووخانه‌یه‌كی ترن بۆ كچه‌كه‌یان. ئه‌و دایك و باوكه چه‌پخوازه كه باوه‌ڕیان به ئازادی رامیاری هه‌یه، ئازادیی تاكه‌كه‌سی به كچه‌كه‌یان ره‌وا نابینن. به‌گشتی ئه‌م ڕۆمانه له ڕێی شۆكی كولتوورییه‌وه، شكستی تێگه‌یشتنی هێزێكی سیاسی و چه‌پخواز بۆ ئازادی مانیفێست ده‌كات، ئه‌و تێگه‌یشتنه شكستخواردووه بۆ ئازادی له دنیای ئێمه‌دا نموونه‌ی زۆره.
یه‌كێك له‌و راڤانه‌ی ده‌شێت بۆ ئه‌م تێكسته‌ی بكه‌ین، ئه‌وه‌یه رازی نه‌بوونی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ناو ده‌قه‌كه به ژیان له‌گه‌ڵ دایك و باوكێكدا كه جۆرێك له (كه‌رتبوونی كه‌سێتی)یان هه‌یه، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی تێگه‌یشتنێكی تره بۆ ئازادی، به‌و مانایه‌ی ئازادی به‌ر له‌وه‌ی چه‌مكێكی رامیاری بێت، چه‌مكێكی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌بێ بوونی زه‌وینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری، ئازادی رامیاریش فه‌راهه‌م نابێت، چونكه له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا ئازادی وه‌ك پێویستییه‌كی كولتووری سه‌یر نه‌كراوه.
بزووتنه‌وه رامیارییه‌كان كه گه‌یشتوون به‌ده‌سه‌ڵات، نه‌یانتوانیوه نموونه‌یه‌كی باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆیه مێژوو له‌م جۆره كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، مێژووی بانگه‌شه‌كردنه بۆ ئازادی به مانا رامیارییه‌كه‌ی و ترسه له ئازادی به مانا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی. وه‌ك پیته‌ر فایس ده‌ڵێت:
تا وه‌ك هه‌ر ئاواهی داخراو بن
هه‌موو شۆڕشێكی ئێوه ده‌بێت به گرتووخانه.