كۆنگرەی پارتی چیی پێ گوتین؟

AM:09:48:21/11/2022 ‌
سەرەنجام دوای دواخستنی بۆ ماوەی چەند ساڵێك، چواردەمین كۆنگری پارتی لە دهۆك بەڕێوە چوو. پارتی حزبێكی ڕەسەن و گەورە و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، بۆیە هەر ڕووداوێك پێوەندی بەو حزبەوە هەبێت، لای ناوەندە سیاسی و حزبییەكان و شەقام و جەماوەر بەگشتی، دەبێتە جێی گەنگەشە و پرسیار و بەدواداچوون، ئەمەیش بۆ پێگە و ڕۆڵی پارتی و كاریگەریی ئەو حزبە لە ژیانی سیاسی و ڕێكخراوەیی و جەماوەری كۆمەڵگەی كوردیدا دەگەڕێتەوە. لەمەوە كۆنگرەی ئەو حزبە، بە بایەخەوە بینرا و خوێندنەوەی بۆ كرا. 

كۆنگرە لە ژیانی هەر حزب و ڕێكخراوێكدا گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە گۆڕانكاری لە ئاستی پێڕەو و پەیكەربەندی، ستراتیجی كاركردن و پەنجە خستنەسەر كەموكورتییەكان دێنێتە ئاراوە. ئەمە وێڕای ئەوەی هێز و گڕوتینێكی كاركردنانی تازە لە ئاستی سیاسی و ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی ژیانی حزبایەتیدا، دروست دەكات. 

بۆیە كۆنگرە بۆ ژیانی هەر حزبێت گرنگە، بەتایبەتیش ئەگەر لێكەوتەكانی ئەو گۆڕانكارییانە بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی زیاتری حزب و ڕێكخستنە جەماوەرییەكەیدا بن، نەك كۆنگرە ببێتە هۆكارێك بۆ ترازاندنی حزب و قووڵكردنەوەی ململانێ و باڵباڵێنی حزبی، وەك ئەوەی لە ژیانی حزبەكانی تردا دەبینرێت. بەڵام هیچ كۆنگرەیەكی پارتی نییە بە سەركەوتوویی كارەكانی تەواو نەكردبێت، تەنانەت ئەگەر دەرفەتی بەستنی كۆنگرە نەشبووبێت، وەك ئەوەی لە نێوان هەردوو كۆنگرەی 13 و 14 بینیمان. 

پارتی بۆچی دەتوانێ كۆنگرەكانی سەركەوتووانە بەڕێوە ببات؟ نهێنی ئەوە چییە دوای 76 ساڵ هێشتا لە لووتكەی پێشڕەویی جەماوەردایە و ئەوپەڕی بەهێزیی ڕێكخستن و پەیكەربەندی حزبی هەیە؟ هەڵبەتە ئەمانە، پێوەندییان بە گەلێك ڕووی حزبییانە لە ژیانی سیاسیی ئەو حزبەوە هەیە، ئەمە وایكردووە پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆكەكەی، هیچ كاتێك كێشەیەكی ئەوتۆی نەبێت كە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی حزبایەتی و پێگەی جەماوەریی، وەك ئەوەی لە ژیانی حزبەكانی تردا دەیبینین. 

سەرنج بدەن، سەردەمانێك یەكێتی كێبەركێی پارتی دەكرد، ئێستە پارتی بە 24 كورسی لە پێشەوەی یەكێتییە و هەموو حزبەكانی ناو پەرلەمان، ئەوەندەی پارتی كورسی و پێگەی جەماوەرییان نییە، لە كاتێكدا ئەگەر حزبایەتی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەدا هیچ گرنگی و بەهایەكی نەمابێت، ئەوا دەبوو پارتیش هاوشێوەی حزبەكانی تر جەماوەرەكەی لە كورتی بدایە، لە كاتێكدا ئەوەی ئێمە لە زەوینەی واقیعدا دەیبینین، بە پێچەوانەوەیە. كەواتە دەكرێ بپرسین كۆنگرەی پارتی چی پێ گوتین؟ ئەم كۆنگرەیە چۆن شوناسی پارتی و پێگەی پارتی وەك حزبێكی سیاسیی گەورە بۆ هەمووان دەرخست؟ لێرەدا دەكرێ ئاماژە بە چەند خاڵێك بكەین كە وەك لێكەوتەی ئەرێنییانە بۆ هەمووانی دەرخست پارتی چییە و چۆنە:

یەكەم: كەسانێكی زۆر بڕوایان وابوو پارتیش وەك یەكێتی گرفتی گەورە و قووڵی ناوخۆیی هەیە و ئەگەر كۆنگرە بكات، تووشی كێشەی ناوخۆیی گەورە دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم كۆنگرە و كۆنگرەكانی پێشتریش هەمیشە ئەو ڕاستییەیان بۆ هەمووان دەرخستووە كە هیچ حزبێك وەك پارتی تۆكمە و ڕێكخراو، یەك باڵ و بەهێز و بە دیسپلین نییە. ئەم تۆكمەیەی پارتی بووەتە هۆی ئەوەی هیچ كات نەیارەكانی كە زۆركات لە ناوخۆ زۆرتر بوونە لە دوژمنە دەرەكییەكانی، نەتوانن زەفەری پێ ببەن و گرەو لەسەر مردنی پارتی بكەن. 

من دەڵێم مۆدیلی پارتی لەڕووی حزبییەوە، سەركەوتووترین مۆدیلی حزبایەتییە و هەقە حزبەكانی تر چاوی لێ بكەن. سەرنج بدەن، كێ تا ئێستە كادرێكی باڵای پارتی بینیوە بۆ بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆی، پشت لە پارتی بكات و سەنگەر بۆ حزبێكی تر بگوازێتەوە، وەك ئەوەی لەناو حزبەكانی تردا هەیە؟ لە بەرانبەردا دەبینین لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دێنە ناو پارتی. 
توندترین هەڵوێست كە ئەندام و كادرێكی پارتی وەریبگرێت، دانیشتنە لە ماڵ و هیچكاتیش ئامادە نییە سازش لەسەر پارتیبوونی خۆی بكات. ئەم جۆرە پەروەردە حزبییانەیە، كەم لەناو حزبەكاندا دەبینرێت. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە لای پارتییەكان پارتیبوون هەر تەنیا حزبایەتیی نییە، بەڵكو پرەنسیپ و بەها و ئاكار و خاسیەتێكی كۆمەڵایەتی و كەسی و پەروەردەیشە كە ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن.

دووەم: بڕوام وایە بارزانی هیچ كاتێك لاری لەوە نییە شوێنگرەوەی هەبێت، خۆی كەسێكی هێندە وابەستە بە دەسەڵات و كورسی نییە، تا ڕێ نەدات سەرۆكایەتیی پارتی بۆ هەڤاڵێكی تر بێت، بەڵام ئەگەر باشتر بیر بكەینەوە و ڕووداوەكان ببینین، بێگومان هیچ كەسێك ناتوانێ ببێتە بارزانی و ڕۆڵی سیاسیی و حزبییانەی ئەو لە ژیانی سیاسی بە گشتی و پارتایەتیشدا ببینێت. 

پارتی كە یەكگرتوو و بەهێز ماوەتەوە، حەكیمی و بەهێزیی و دووربینی و لێهاتوویی سەرۆكەكەیەتی، بۆیە كۆنگرە لە دوای كۆنگرە متمانەی پێ دەدرێتەوە. بارزانی نەك تەنیا بۆ پارتی وەك حزب، بەڵكو بۆ ژیانی سیاسیی هەرێمیش پێویست و گرنگە و مانەوەی كاریگەریی خۆی لەسەر ڕووداوەكان دەبێت، بۆیە تا بارزانی لە ژیاندا بێت، بوونی ئەو لە سەرۆكایەتیی پارتیدا پێویستە.

سێیەم: دەنگدان لای ئەندام ‌و كادر و جەماوەری پارتی، هەر تەنیا پراكتیزەكردنی مافێكی یاسایی و سیاسی ئاسایی نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر بە جێگەیاندنی ئەركێكی ئەخلاقییە. پێشتریش گوتوومە، ئەندامی پارتی هەرگیز لەسەر بنەمای تاكتیك و سیاسەتی ڕۆژ و بەرژەوەندیی حزبییانە دەنگ نادات، بەڵكو دەنگدان بە كردارێكی ئەخلاقی و نیشتمانی دەزانێت و هیچ كاتێك ئامادە نییە سەودا و مامەڵە بە دەنگەكەیەوە بكات. 

سەرنج بدەن كەسانێكی زۆر كە لە حزبەكانی ترەوە سەنگەریان گواستووەتەوە بۆ ناو پارتی، كاندید بوون بۆ كۆمیتەی ناوەندی، بەڵام ئەندامانی كۆنگرە سەریان نەخستن، چونكە لای ئەوان خەبات و تێكۆشانی پارتایەتی، ڕیزبەندی حزبییانە و بیروباوەڕی پارتییانە، پێوەرن بۆ دەنگدان لە كۆنگرە. ناكرێ جیاوازی لە نێوان كەسێك كە مێژوویەكی دێرینی پارتیانەی هەیە، لەگەڵ كەسێك كە لەبەر بەرژەوەندیی مادی سەنگەری گواستووەتەوە و بەرژەوەندی لە كوێ بوو ڕەنگە بەیانی بچێتە ئەوێ، نەكرێ. ئەمە ئاسان لەناو حزبێكی تر ڕوو دەدات، بەڵام لەناو پارتی نەخێر. ئەم شێوازەش لە دەنگدان، جۆرێكی ترە لە پرەنسیپ و پەروەردەی حزبییانەی پارتی.

چوارەم: لەوانەیە زۆر هەڤاڵ هەبووبن كە بارزانی بەلایەوە پێویست و گرنگ بێت ببنە كۆمیتەی ناوەندی، بە پێچەوانەیشەوە ڕەنگە بە پێویستیشی نەزانێ هەڤاڵێكی تر دەربچێت، كەچی دەنگدانی كۆنگرەی پارتی ئەوەی دەرخست كە سەرۆكی پارتی ئەوپەڕی ئازادیی دەنگدان بە ئەندامەكانی دەدات و هەرگیز ناچاریان ناكات لە دەرەوەی ویست و ئارەزووی حزبییانەی خۆیان دەنگ بدەن. دەرنەچوونی بەشێكی زۆر لەوانەی خۆیان كاندید كردبوو، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. 

ئەم پرۆسەیە دەریخست بارزانی ئەگەرچی سەرۆكی حزبە و بۆ ئەندامانی كۆنگرە، مەحاڵە بۆچوونی ڕەت بكرێتەوە، بەڵام بڕوای بە دیموكراسی و هەڵبژاردن و ئازادی كەسیی ئەندامانی پارتی هەیە و دەستێوەردان لە هەموو كارێك ناكات، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ئەوانەی دەیانگوت بارزانی لیستی هەیە و هەر دەبێ ئەو لیستەش دەربچێت، دەركەوت راست نییە.

پێنجەم: پارتی وەك یەكێتیی نەكرد، تێكۆشەرە دێرینەكانی خۆی لاتەریك و پەراوێز بخات، بەڵكو بە جۆرێك ڕێزی لێنان كە زۆرینەیانی نەخستە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنیشەوە، ئەمە وەك ڕێز و نرخاندنێك كە ئەو هەڤاڵانە تەمەنێكیان لە كاری پارتایەتیدا بەسەر بردووە و ڕۆڵ و پێگەیان دیار بووە لەناو حزبدا. بەمەش پارتی بە تێكەڵكردنی وزە و خوێنی نەوەی پێشوو، بە وزە و خوێنی نەوەی تازە، گڕوتینێكی تر بە كاری حزبییانەی خۆی لە پێنچ ساڵی داهاتوودا دەدات. 

حەوتەم: زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین كە پارتی حزبی بنەماڵەی بارزانییە، بەڵام بارزانی سەرۆكی پارتی، هیچ كاتێك ئەوەی نەشاردووەتەوە كە لە ئەندامێكی پارتییەوە بگرە تا سەرۆكەكەی، خاوەنی پارتین. 

پارتی نە حزبی كۆمیتەی ناوەندییە، نە كەس و باڵێك، بەڵكو حزبی خەڵك و جەماوەری كوردستانە. بارزانیش خۆی چەندان جار دووپاتی كردووەتەوە كە پێشمەرگایەتی گەورەترین پۆست و پلە و پایەیە لای ئەو. 

هەمیشە كۆنگرەكانی پارتی وەڵامی ئەو چەوشەكارییە دەدەنەوە كە دەیانەوێ پارتی بچووك بكەنەوە، لە كۆنگرەی 14 لە كۆی 51 ئەندام، تەنیا دوو هەڤاڵ (سیداد بارزانی و سیروان بارزانی) لە ماڵباتی بارزانین، ئەگەر هەڵە نەبم پارێزگاری هەولێر، سێیەم دەنگی كۆنگرەی هێنا. ئەم ڕاستییانە دەریدەخەن پارتی حزبی هەموو كوردپەروەرێكە كە بڕوای بە مافی نەتەوەییانەی گەلی كورد هەبێت و لەپێناو سەربەخۆیی كوردستاندا تێبكۆشێت. 

هەشتەم: كەسانێكی زۆر بەناوی چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەوان، ڕەخنەیان لە وتارەكەی بارزانی لە كۆتایی كۆنگرە گرت، بێگومان ئەوانە هێندە نەزان و بێ ئاگان، تا ئێستە كاری حزبی لە كاری گشتی جیا ناكەنەوە، نازانن بارزانی وەك سەرۆكی پارتی مافی ئەوەی هەیە لە كارێكی حزبیدا ئەوپەڕی پارتییانە قسە بكات. ئەوان چونكە بڕیاریان داوە بارزانی بەو جۆرە ببینن كە خۆیان دەیانەوێت، هەموو جار دەكەونە هەڵەوە. هیوادارم زۆرتر بخوێننەوە و چاودێر بن تا بزانن كۆنگرە كارێكی حزبییە، بۆیە مەرج نییە بارزانی بە دڵی هەمووان وتار بدات.

دواجار دەڵێم كۆنگرەی پارتی كۆتایی هات، بەڵام ئەرك و بەرپرسیارێتی نەتەوەییانە و نیشتمانییانەی پارتی كۆتایی نەهاتووە. شەڕی پارتی لەگەڵ دوژمنانی كورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانمان كۆتایی نەهاتووە، خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان بەردەوامە، بۆیە هەمووان چاویان لە پارتییە و بێ پارتی ئەم هەرێمە بەڕێوە ناچێت، بۆیە دەبێ پارتی هەمیشە پێشەنگی داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد بێت، وەك ئەوەی نوێنەرەكانی دەیكەن.