باس له دوو زاراوه‌ی زۆر گرینگ و کێشهههڵگر دەکه‌م که یه‌کیان مێژووه و ئه‌ویتر سیاسه‌ت. مێژوو ئه‌زموونه که‌ڵه‌که‌بوو و وه‌رگیراوه‌کانی ئێمه‌یه له هێڵێکی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی زه‌مه‌نیدا و له هه‌ر ڕوویه‌که‌وه چاوی لێ بکه‌ین، ده‌رخه‌ری گرنگیی کات و زه‌مه‌ن له بوونی مرۆڤ و گه‌ردووندایه، قورسایی چه‌مکی کات له زه‌ینی بیرمه‌نداندا به ڕاده‌یه‌که که یه‌کێکی وه‌ک "ئیمانیۆڵ کانت" فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی، ده‌ڵێت "خودا کاتێکی بێ‌کۆتایی بێکاته". واته له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونی ئاسایی ناسینی ئێمه‌یه له‌ناو بازنه‌ی مێژوو و کات. فه‌یله‌سووفێکی مه‌زنی دوای ئه‌ویش واته "مارتین هایدگه‌ر" گرنگترین به‌رهه‌می فه‌لسه‌فی خۆی به ناوی "بوون و کات"، له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی 20 بڵاو کرده‌وه که بووە هۆی بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی گه‌وره له هه‌موو مێژووی فه‌لسه‌فه و بیرمه‌ندیی ڕۆژئاوا له سه‌رده‌می ئه‌ره‌ستوو به‌م لاوه تا قۆناغی خۆی، هه‌ر له فیزیا یان سروشت و فه‌لسه‌فه‌وه بگره تا ئیلاهیات و سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگە و به‌گشتی بوونی مرۆڤی خسته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه.
ئه‌مه و ده‌یان به‌ڵگه‌ی دیکه ده‌رخه‌ری گرینگیی کات وه‌ک مێژوو و جه‌مسه‌ر و کۆڵه‌که‌ی بوونی مرۆڤن و هه‌ر شتێک که میسداقییه‌ت و بوونێکی ده‌رهه‌ست په‌یدا ده‌کات، له گۆڕەپانی زه‌مه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م کۆڵه‌که‌یه‌ی بوونی مرۆڤ، واته زه‌مه‌ن ڕاوه‌ستاوه. به‌م مانایه بوونی ئێمه له هه‌موو ڕوو و جه‌مسه‌ره‌کانییه‌وه به‌ر له هه‌ر شتێک له ڕێگه‌ی کات و زه‌مه‌نه‌وه فۆرمەله و پراکتیزه کراوه که له‌ناو قه‌واره بچووکه‌که‌ی کات و زه‌مه‌نی فه‌لسه‌فه‌وه واته مێژوودا، ئاماده‌یه. كەواته ئێمه هه‌ر شتێکمان هه‌یه و هه‌ر شتێکمان له کیس داوه، له‌ناو مێژوودا به‌رهه‌ممان هێناوه یان به‌رهه‌م هاتووه و بۆمان هاتووته ئاراوه، وەك مه‌عریفه، نه‌ریت، زمان، سیاسه‌ت، شۆڕش و خه‌بات و شه‌هید و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی کۆمه‌ڵگەیه‌کی وه‌ک کوردستان له‌سه‌ری ژیاوه و ده‌ژی، له قوڕگی کات و زه‌مه‌ن، واته مێژووه‌وه هاتووه‌ته ده‌رێ، هه‌ربۆیه فه‌یله‌سووفێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هیگڵ ده‌ڵێت: مێژوو فه‌لسه‌فه‌یه.
بێگومان به‌م تێڕوانینه‌وه سیاسه‌ت که وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین ده‌رکه‌وته‌کانی ڕۆح و زه‌ینیه‌تی کورد بووه، له هه‌ناوی مێژوودا دێته ده‌ره‌وه. واته سیاسه‌ت و شۆڕش و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی پێوه‌ستن به بوون و کۆمه‌ڵی کورده‌وارییه‌وه له دوو سه‌ده پێشتره‌وه تا ئێسته، به‌م شێوه‌یه مانیفێست و تیۆریزه ده‌کرێن. بۆیه ده‌ڵێم له دوو سه‌ده پێشتر، چونکه مێژووی ئێمه هه‌تا به‌ره‌و دواوه ده‌ڕوا زیاتر تووشی لێڵوپێڵی و ده‌ستێوه‌ردان و به‌لاڕێدابردن هاتووه و ده‌شێت بڵێین پێوه‌ندیی ئێمه وه‌ک بکه‌ر و چالاکانی مێژوو له‌گه‌ڵ کات و زه‌مه‌نی گه‌شه و دیرۆکیی خۆماندا، به‌رده‌وام و ڕاستەهێڵ نه‌بووه، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک دابڕان و قه‌ڵشی تێکه‌وتووه و ئێسته‌یش خه‌ریکی سهریهکخستنهوه و یهکانگیرکردنیانین و داهاتووی ئێمه‌یش وه‌ک نه‌ته‌وه به‌شێکی گرنگی پێوه‌سته به‌م بابه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هەویرە ئاوی زۆر ده‌كێشێت و دایده‌نێم بۆ ده‌رفه‌تێکی دیکه.
پێوه‌ست به چه‌مکی مێژوو و سیاسه‌ت که له سه‌ره‌وه ئه‌وله‌وییه‌تی بوونناسانه و فه‌لسه‌فیی مێژووم ڕوون کرده‌وه و نه‌پساوه‌یی و دانه‌بڕاویی سیاسه‌تم له‌گه‌ڵی باس کرد، ده‌شێت بڵێم، کاتێک ئێمه له پانتایی و زەوینەی مێژوویه‌کی وه‌ها بوونمهندانهدا ژیاوین و ئه‌زموونمان کۆ کردووه‌ته‌وه و زمان و کۆمه‌ڵگە و نه‌ریت و ...مان به‌سه‌ریه‌که‌وه ناوه، ئه‌مه به‌و مانایه دێت كە سیستمی به‌هاکان به‌م ڕێچکه مێژووییه‌دا دروست ده‌بێت، به‌هاکان پله‌یه‌کی به‌رز و مانابهخشیان له کیان و بوونی هه‌ر کۆمه‌ڵه و پێکهاتێکدا هه‌یه و ته‌نانه‌ت به‌ر له سیاسه‌ت ئه‌مه به‌هاکانن که له‌ناو زه‌ینی تاک و کۆمه‌ڵدا ڕه‌گئاژۆ ده‌بن. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌هایه‌ک به‌ناوی کوردایه‌تیی نه‌بوایه، نه به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌یشتین که شۆڕش بکه‌ین و نه سیاسه‌تیشمان ده‌کرد. به‌م مانایه ده‌بێت بڵێین سیاسه‌ت به هه‌موو پێچ و په‌نا و ڕێژه‌گه‌رێتی و ته‌نانه‌ت ماکیاڤیلیستبوونیشیهوه، له کایه‌ی سیاسی ئێمه‌دا (به مه‌رجێک گوتارێکی کوردستانی بێت و به ناو ئه‌م مێژووه‌دا هاتبێت)، ده‌بێت ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌نی ئه‌و زه‌مه‌نه بێت.
بۆ ئێمه‌ی کورد که به‌شی زۆری زه‌مه‌ن و مێژوومان له سه‌ده‌ی بیسته‌م تێکه‌ڵی خوێن و خه‌بات بووه و شه‌هیده‌کانمان مامۆستا شێرکۆ وته‌نی به ئاماژه بۆ لق و چڵەپۆپهی دارستانه‌کان ده‌ناسرێنه‌وه، ئه‌م پێوه‌ندییه ده‌بێت زیاتر قووڵایی و ڕه‌سه‌نایه‌تی هه‌بێت.
له 2003ه‌وه تا ئێسته ئێمه ته‌نیا له ڕووی فۆرم و ڕوخساره‌وه هه‌ندێ گۆڕانکاریمان له به‌غدای داگیرکه‌ر و یاریکه‌رانی گۆڕەپانە سیاسییه‌که‌یدا بینی، ئه‌گینا له ئاستی ناوه‌رۆک و ڕۆحیه‌ته‌وه هه‌مان دهحان و عه‌دنان و سه‌دام وعوجاج و هاوه‌ڵ و ده‌سته و تاقمهکانیانن، ئه‌مان به یاسا ده‌تکوژن و برسیت ده‌که‌ن، ئه‌وان به یاسا و بێ یاسا. ئه‌مان چاوبه‌ست و یاریزانیان زیاتره و ئه‌وان وه‌ک شمشێر و بڕیاره‌کانی ئه‌نفال شووم و دیار و ساردن، له‌و سه‌رده‌مه‌وه تا ئێسته هه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرێک هاتووه‌ته سه‌ر تەخت، هه‌موو هه‌وڵی گوتاری کوردستانی و هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه بووه سازانێکی شارستانی و مامەڵەیەكی مرۆیی دروست بکات، به‌ڵام شکستی هێناوه.
بۆ ئه‌مه ته‌نیا به‌سه چاو له یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ بکه‌ین که بڕه بودجه‌ی سه‌ربازیی بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌یان قاتی هه‌موو که‌رته‌کانی تره، ئه‌مەیش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سیستمه‌که پشتگیریی هێزه دژ و دڕه‌کان له هه‌مبه‌ر کورد ده‌کات و هاوكاتیش له ئاستێکی باڵادا ئه‌م پڕچه‌ککردنه واتای ئه‌وه‌یه هێشتا باوه‌ڕ به لۆجیکی شمشێر و تۆپ و زیل له چڵه‌پۆپه‌دایه.
به هه‌موو ئهمانهیشەوە، نابێت که‌ناڵێکی وه‌ک ڕووداو به پێڕه‌وکردنی ئاراسته‌یه‌کی کزۆڵانه، مافه‌کانی کورد له شاشه‌یه‌کی کاریگه‌ره‌وه به‌و شێوه زه‌رد و بەكارهێنراوهوە داوا بکات و بابه‌ته‌که به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌ک ببات که ئه‌و هه‌موو خوێنەی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی پێشکه‌ش کراوه، له زاری کچه بێ ئه‌زموون و ناهوشیارێكهوه که پێده‌چێت پلانێکی سیاسیی دیاریکراو هێنابێتییه ئه‌وێ، دابه‌زێنێته سه‌ر ئاستێکی ماتریاڵی و میدیاتیک و بچووک، ئه‌ویش له زاری کهسێکەوە که ڕۆڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕه‌مز و برینی شوناسمانه.
ئه‌م جۆره سیاسه‌ته میدیاییه پێوه‌ندیی خوێنین و نه‌پساوه و قووڵی ئێمه به مێژووی مهزنمانهوه ده‌پچڕێت و ده‌که‌وێته ناو یارییه‌کی میدیایی به سیاسیکراوهوه که ڕه‌نگه نه‌زانێت کاردانه‌وه و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر شه‌قامی عێراقی داگیركەر و خه‌ڵکی کوردستان و که‌رامه‌تی بڵندیان، چییه.