له سه‌رده‌مانی کۆنه‌وه تا ئه‌م یه‌ک دوو ده‌یه‌ی دوایی، له نه‌ریت و دنیابینیی مرۆڤی ئێمه‌دا و به‌پێی باوه‌ڕه ئاینی و نه‌ریته کولتوورییه‌کان، "ڕۆح" له چاو جه‌سته‌دا به‌هایه‌کی زیاتر و باڵاتری بۆ دیاریکرابوو. ڕۆح له‌م دیدگایه‌وه ئه‌و وزه و بوونه نه‌مره بوو که له جیهانێکی ئه‌به‌دی و سهرمهدیدا ده‌مێنێته‌وه و به‌پێی کرده‌وه‌کانی له جیهانی ماده و ماتریاڵدا بۆ ئه‌به‌د و تا هه‌تایه ڕووبه‌ڕووی سزای تاوانه‌کانی یان پاداشتی چاکه‌کانی ده‌بێته‌وه.
ئه‌م تێڕوانینه وایکردبوو بۆ ساڵانێکی زۆر جه‌سته به‌هایه‌کی ئه‌وتۆی پێ نه‌درێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه له کۆمه‌ڵگەیەکی وه‌ک کوردی و له نه‌ریته ئاینییه داخراوه‌کاندا به تێـما و باڵاده‌ستییه‌کی پیاوسالارانه‌وه به گشتی، به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگەدا زاڵ بووه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه بۆ ژنان بابه‌ته‌که چه‌ند قات زیاتر چڕتر و خه‌ستتر بووه.
نه‌ریتی "چله‌کێشان" له عیرفانی ئیسلامی و ته‌سه‌وفی کوردی‌دا و بێزکردنەوە له هه‌ر جۆره خواردنێکی قورس و ژه‌مێکی چه‌ور و هه‌ڕ و بڕ، نموونه‌یه‌ک له‌و بۆنانه‌یه که ده‌رخه‌ری ئه‌و جهستهبێزی و ڕۆحپهرستییهن که تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو کۆمه‌ڵگە مه‌عنه‌وی و مانهویخوازهکانه و ئه‌م بابه‌ته له ناو ژناندا به خۆده‌رنه‌خستن و خۆنهنواندنی شوێنه شههوهتبزوێنهکان و خۆلادان له هه‌رجۆره لهنجهولارێکی ژنانه و به‌گشتی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه بووه که ژنێتی ژن پێناسه ده‌که‌ن، ئه‌م تێڕوانینه چ بۆ پیاو (وه‌ک ئه‌زموونی چله‌کێشان) و چ بۆ ژن (وه‌ک داپۆشراو و سه‌رکوتکردنی لایه‌نی ژنێتی جه‌سته)، له کولتووری ئێمه‌دا و له قۆناغی نامۆدێڕن و نهریتیماندا به‌پێی نه‌بوونی پێوه‌ندیی زۆر و به‌ربڵاوی نێوان کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگەکان و نه‌هاتنی شه‌پۆلی مۆدێرنیته و له‌قبوونی به‌ها کۆن و داخراوه‌کان، تا ئاستێك ئاسایی و سروشتی بووه.
واته به‌پێی ئه‌و که‌ش و جه‌غزه‌ی کۆمه‌ڵگەکان له قۆناغێکی پێش گوندی جیهانیدا هه‌بوون، مرۆڤه‌کان دنیابینیان بۆ جه‌سته و ڕۆح پێناسه کردووه و به‌ها و پله‌ی ڕۆح سه‌ت قاتی جه‌سته گرینگتر و له‌سه‌رتر بووه، جه‌سته به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هێمایه‌ک بووه بۆ قه‌فه‌سی ڕۆح و هه‌ڵگری قورسایی بوون و پیسایی دنیای فانی و مه‌رگئامێز، ئه‌وه ته‌نیا ڕۆحه که له پڵه باڵاکانی به‌هه‌شت و قورب له باری ته‌عالا بۆ ئه‌به‌د له دۆزه‌خ و عه‌زابی ئه‌لیم یان به‌هه‌شت و چێژی ئه‌به‌دی یاخۆ به‌رزه‌خ و هه‌ڵواسراویی کاتی‌دا، ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌م تێڕوانینه ڕۆحتهوهر و جهستهبێزه درێژکراوه و پریشکی هه‌مان ئیماندارێتی ئاینییه که مه‌رج نییه ته‌نیا له‌ناو ئاینه یه‌کتاپه‌رست و تهوحیدییهکاندا بووبێت، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له‌ناو ئاینه سه‌ره‌تایی و ئه‌فسانه‌ی خێڵه سه‌ره‌تاییه‌کان و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کانیشدا ڕۆحپهرستی یان به ده‌ربڕینێکی ڕه‌مزیتر باوه‌ڕ بۆ هێز و نه‌مریی ڕۆح له قه‌واره‌ی په‌رستشی ڕۆحدارێکی سه‌ره‌تایی وه‌ک دره‌خت، گیاندارێکی دوو پێ یا مانگ و زه‌ریا و... هه‌بووه، که‌واته ئه‌م دنیابینییه کۆن و له‌مێژینه‌یه. به‌و حاڵه‌یشەوە له دوو توێی ئه‌م دنیابینییهدا هه‌میشه هه‌وڵ دراوه هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان جه‌سته و ڕۆح‌دا ڕابگیرێت، بۆیە جه‌سته‌یه‌کی لاواز ناتوانێت هه‌ڵگری ڕۆحێکی به‌هێز بێت، دنیای کۆنی ڕۆحتهوهر هه‌ڵگری چه‌مکه‌کانی به‌هێزی و لاوازیی له نێوان جه‌سته و ڕۆح‌دا بووه و ئه‌و دوو چه‌مکه له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی بابه‌تی مه‌رگ و ژیان و نه‌مریدا، ڕۆڵێکی لێبراوانه و چارنووسسازی هه‌بووه.
پاش شه‌پۆلی جیهانی مۆدێڕن به هه‌موو لرفه و تافهکانییهوه، له پێوهندییهکانهوه له چوارچێوه‌ی گوندی جیهانییه‌وه بگره تا هێز و ده‌سه‌ڵاتی زانستیی و ته‌کنه‌لۆجیای مرۆڤ و زاڵبوون به‌سه‌ر سروشت و ماده‌دا، ڕۆڵی ماده گرینگییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری پێدرا و مرۆڤ تێگه‌یشت ماده به ڕاده‌ی ڕۆح ئاڵۆزیی تێدایه! هه‌رچه‌ند ئه‌م تێڕوانینه‌ی مرۆڤ ده‌یتوانی بنه‌مایه‌کی باش بێت بۆ دروستکردنی جۆرێک له هاوسه‌نگیی نێوان جه‌سته و ڕۆح و مرۆڤ و سروشت، هاوسه‌نگییه‌ک که یاسای جێگیر و ڕه‌های که‌ون و کائیناته، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه وه‌ک گه‌شه‌ی لایه‌نه ئامرازی و تاریکییه‌که‌ی مۆدێڕنه بوو به هۆکارێک بۆ ده‌ستێوه‌ردان له ماده و جه‌سته‌دا به‌مه‌به‌ستی بازرگانی و چه‌وساندنه‌وه. شه‌پۆلی به‌ربڵاوی خۆجوانکردن و جوانکاریی ژنان له وڵاتانی دنیا و به‌تایبه‌تی له وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا ئاماژه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرایه بۆ تێکچوونی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی نێوان ڕۆح و جه‌سته.
ئه‌م بابه‌ته له‌ناو ژنان و له سۆنگه‌ی جه‌سته‌یانه‌وه که ناوه‌ندی بازرگانی و کهسابهتپێوهکردنی ده‌رکه‌وته مادییه‌کانی مۆدێڕنهن، زیاتر دیار و به‌رچاوه، بۆیه هاوسه‌نگییه‌که بۆ دژوازی و تێکچوون گۆڕاوه. بۆ نموونه، ئێمه له کۆمه‌ڵگەی خۆماندا له ئاسته ده‌روونییه‌که‌یدا ژنانێک ده‌بینین باڵاپۆشن، باوه‌ڕمه‌ندن به ئاینی ئیسلام که ئه‌کاونت و واڵهکهیان به ئایه‌ته‌کانی قورئانی پیرۆز ڕازێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ژێر ئه‌و باڵاپۆشی و له پشت ئه‌و دێڕه مهعنهوهییانهوە، دنیایه‌ک به‌هاپێدان و ده‌ستێوه‌ردان له جه‌سته و خڕوخۆڵکردنی لەش له ڕێگه‌ی بۆتۆکس و فیلهریەی ده‌بینین.
ئه‌مه ته‌نیا باوه‌ڕدارانی وه‌ها ڕادیکاڵ ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو له‌ناو ژنانی نه‌ریتخوازی ناو به‌هاكانی پیاوسالاریدا ده‌ژین و لایەنگری هێنانی چه‌ند ژن بۆ مێرده‌که‌یان، ده‌بینینه‌وه. واته له سه‌رێکه‌وه باوه‌ڕمه‌ندیی به ڕۆحێکی نه‌مر و ئه‌به‌دی ده‌بینین و له سه‌رێکی تریشەوە زه‌قکردنه‌وه‌ی جه‌سته وه‌ک ڕاکێشه‌رێکی سێکسی و کایه‌یه‌کی ناو کایه‌کانی سێکسیزم و کاڵاگه‌رێتی ده‌بینین. به‌ڵام کێشه‌که ته‌نیا له‌م دژوازییه ده‌روونی و فیکرییەدا کورت ناکرێته‌وه، به‌ڵکوو لێکه‌وته‌ی ته‌ندروستیی و دژهجهستهیشی لێ ده‌که‌وێته‌وه تا شوێنێک که ژیانی ژنه‌کان به‌هۆی جوانکاری و دهرزیئاژنینەوە ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا ژنێک به‌هۆی جوانکاری و لای یه‌کێک له دکتۆره‌کانی جوانکاری هه‌م تووشی قرتانی ده‌ماری گه‌ردن بووه، هه‌م ته‌قه‌ڵێکی زۆر له بناگوێی دراوه و هه‌م قژی ڕووتاوه‌ته‌وه و هه‌م سكیشی تووشی کێشه بووه، ئه‌مه ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و باوه‌ڕه دژواز و ناهاوسهنگهیه که ژنان له نێوان باوه‌ڕێکی ناچاری و نه‌خوازراو به ڕۆح له لایه‌ک و پابه‌ندبوونێکی زۆره‌ملێ به به‌ها پیاوسالارانه و بازاڕییه‌کانی سه‌رده‌می ئێسته له لایه‌کی دیکە، تووشی ده‌بن.
دیاره سه‌رده‌مه‌کان به‌ها نوێکان له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێنن و که‌س حاشا له دروستبوونی هه‌ندێک له‌م به‌هایانه ناکات، جوانبوون و جوانیپه‌رستی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگە مرۆییه‌کانه به ژن و پیاویشه‌وه، به‌ڵام جوانکاریی ده‌سکردی زیاده‌ڕۆیانه، داکه‌وتن له‌وسه‌ری بانهکهیه و تێکچوونی جوانی و سروشتی مرۆڤه‌کانی لێ بەرهەم دێت. که هه‌مان تێکچوونی هاوسه‌نگیی نێوان ڕۆح و جه‌سته، سروشت و مرۆڤ و بوون و بوونه‌وه‌ره.