(به‌بۆنه‌ی كۆنفرانسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی)
میدیاكان له دنیادا ڕۆڵی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ر ده‌گێڕن، به‌ڵام ئه‌م ڕۆڵگێڕانه مه‌رج نییه هه‌ر به باری ئه‌رێنیدا بێت، به‌ڵكو ده‌شێت به هۆكاری جۆراوجۆر ئاقاری خراپ و تاریك بپێوێت و كاریگه‌ریی كوشنده و وێڵكه‌ر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه دابنێت.
وشه‌ی میدیا (Media) له زمانی لاتیندا به واتای نێونجی یان پرد دێت یاخۆ هه‌ر شتێك پێوه‌ندیی نێوان دوو لایه‌ن هه‌ڵبپێكێت، له ڕووه مێژوویی و هزرییه‌كه‌یه‌وه میدیا بۆ ڕاگرتنی جۆرێك مه‌ودای نێوان خودا و به‌نده بووه. واته پارێزه‌ری میحرابی پیرۆزیی بووه، كه‌واته مه‌وداسازیی یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی میدیا یان ده‌كرێت بڵێین شائه‌ركی میدیاكانه. به‌و واتایه بووه كه وه‌ك به‌ربه‌ستێك له نێوان چینی خواره‌وه یان به‌نده له‌لایه‌ك و چینی سه‌ره‌وه یان خواكان له لایه‌كی تره‌وه، بوونیان هه‌بوو.
كه‌واته میدیا له سه‌رده‌مانی پێش گوندی جیهانی و تیۆر‌ی مارشاڵ مه‌ك لۆهانی كه‌نه‌دی له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بووری به‌ملاوه خرایه ڕوو، ئامرازێك بوو بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتدار و پیرۆزبه‌خشیی به تاج و سه‌ڵته‌نه‌ت و شكۆی ئه‌وان، له پاش ئه‌و مێژووه میدیا له گۆڕه‌پانه به‌رته‌سك و تایبه‌تدراو به ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هێنرایه ده‌ره‌وه و له ڕۆژئاوا، هه‌ر كه‌سه و به جۆرێك ده‌یتوانی گوزارشت له ڕووداو و دیارده‌كان بكات، پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و شۆڕشه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی دنیای مۆدێرن، ته‌خت و تاراجی ئه‌و قودسییه‌ت و خه‌رمانه پیرۆزه‌ی لێك هه‌ڵوه‌شانده‌وه و مرۆڤ ده‌یتوانی باس له ئازادی بكات، ده‌یتوانی له‌سه‌ر شه‌قام قه‌شه و پۆپ و مه‌تران و پاشا و وه‌زیر و ژنه‌كانیان و... ببینێت، ئه‌مه دیمه‌ن و ڕووداوێكی ناوازه بوو له مێژووی گه‌شه‌ی مرۆڤایه‌تی و پێشكه‌وتن و سه‌ربورده‌ی ئازادی‌دا.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مێژووه هه‌ر لێره‌وه كورت نه‌كرایه‌وه و میدیا وه‌ك نێونجی ڕاسته، كۆتایی به ئه‌ركی پردبوونی هاتبوو، به‌ڵام كه‌وتبووه قۆناغێكه‌وه ئیتر له سه‌رووی ئه‌م هاوكێشه‌ی بێژه‌ر/به‌رده‌نگ یان خوا و به‌نده و دووجه‌مسه‌رییه بوو، ئه‌وه‌ی دواتر و له درێژه‌دا ڕووی دا، كاره‌ساتاویتر بوو! میدیاكان به تایبه‌تی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆڵی نێونجبوونیان جێهێشت و ڕۆڵی بێژه‌ری به‌رده‌وام و ڕه‌های دنیایان وه‌رگرت، بێژه‌رێكی زیره‌ك و ته‌وقیتكراو كه له ڕێی زاری پێشكه‌شكارێكه‌وه، ده‌یان هه‌واڵی ئایدۆلۆجی و پیرۆزمه‌ندانه‌ی بۆ فڵان و فیسار سه‌رۆك و هاوسه‌رۆك و ... بڵاو ده‌كرده‌وه و دوای ماوه‌یه‌كی تر ده‌یتوانی هه‌مان هه‌واڵ ڕه‌ت بكاته‌وه، له میدیا و شاشه‌یه‌كی تر هوتافی به‌رزی و پیرۆزیی سه‌رۆك و حاكمێكی تری لێ ببیستینه‌وه.
ئه‌م ڕه‌وته ئاوه‌ژووه‌ی میدیا له سه‌رده‌می مۆدێرندا، به زۆری له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتیدا زاڵ بوو، چونكه وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ كاركردن و چالاكییه میدیاییه‌كان، هه‌م ڕێوشوێن و سیستمێكی یاساییان ڕه‌چاو كردووه و پراكتیزه‌ی ده‌كه‌ن، هه‌میش له ڕووی بنه‌وا كولتوورییه‌كانه‌وه به‌هاگه‌لی ڕاستبێژی و حه‌قبێژیی به دوور له ململانێ و هاوكێشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و ئایدۆلۆجی ته‌واو، له كۆمه‌ڵگه‌دا پته‌و بوونه‌ته‌وه. له كوردستان سه‌رده‌مێكی زێڕین بۆ میدیا و ئه‌و قۆناغه‌ی پیرۆزسازیی ده‌بینرێته‌وه.
قۆناغێك كه له باشووری كوردستان، بۆ نموونه له ده‌ركردنی یه‌كه‌م ڕۆژنامه به ناوی "بانگی حه‌ق" له‌لایه‌ن شێخ مه‌حموودی نه‌مره‌وه له 1923 كه له ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه ده‌رده‌چوو، خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌مه خۆی پیرۆزسازییه‌كی لۆجیكی و ڕه‌وا بوو، چونكه به‌هاكانی ئازادی و ڕزگاری و دادپه‌روه‌ری بۆ گه‌لی كورد له هه‌مبه‌ر به‌ریتانیای داگیركه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، خۆی تێدا وه‌دیار ده‌خست، به‌ڵام نموونه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قۆناغه دره‌وشاوه و پیرۆزه، قۆناغی ئێسته‌یه له میدیاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیدا كه به زۆری ئێمه ده‌یان په‌یج و ئه‌كاونتی فه‌یك و بندیوار سه‌ربه ئایدۆلۆجیایه‌كی دیاریكراویش نا، به‌ڵكو سه‌ربه یه‌ك كه‌سی دیاریكراو ده‌بینن كه به‌رده‌وام چه‌پڵه بۆ پاشا لێ ده‌ده‌ن و كه‌س پێی ناڵێت ڕووتی.
خۆی كاره‌ساتی میدیا له دنیای كورددا لێره‌وه ڕوو ده‌دات و سه‌تان ساڵ له ڕووی تێگه‌یشتن و ناوه‌ڕۆكه‌وه ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه دواوه، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تاكی سه‌ره‌تایی ئه‌م جیۆگرافیایه چاوه‌ڕوانی ده‌ست و چاوبه‌ستكاری و فێڵی ده‌عجانییه ئه‌شكه‌وتنشینه‌كانی ده‌كرد، تا له كێشه و قه‌یرانه گه‌وره گه‌ردوونی و سروشتییه‌كانی وه‌ك بوومه‌له‌رزه، لافاو، گڕكان و هتد ڕزگاری بكه‌ن، ئه‌وان ببن به نێونجیی نێوان هێزی باڵاده‌ست و هێزی نزم و نه‌وی.
وێنه‌ی ئه‌م ئه‌شكه‌وته تاریكه زۆر دووره له ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی جاسه‌نه‌ی شێخ مه‌حموود كه به بانگی حه‌ق دژی داگیركه‌ری ده‌ره‌كی و ناپاكیی ناوخۆیی ده‌دره‌وشایه‌وه.
ئه‌گه‌رچی فه‌زای چالاكیی میدیایی له كوردستان به گشتی ئه‌مه‌یه، به‌ڵام له ڕووبه‌ری میدیایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه ئێسته كۆنفرانسی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندن ده‌كات، ئایا ئه‌وان ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و كه‌تنه گه‌وره‌یه‌ی میدیا سه‌ره‌كی و سێبه‌ره‌كانیان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه دروستی ده‌كه‌ن، ده‌خوێننه‌وه؟ یان نا به‌گشتی ئه‌میش شۆیه‌كی میدیایی تره بۆ ڕه‌واییدان به خه‌ونه‌كانی سه‌رۆك و جله سه‌ربازییه‌كانی پشت شاشه، به كۆمه‌ڵێك ڤیدیۆی پڕ له بزه‌ی ساخته و ژماره‌یه‌ك دروشمی ناڕاستی سه‌ركه‌وتن و سه‌مفۆنیایه‌ك له چه‌پڵه‌ی ئاراسته‌كراو تیده‌په‌ڕێت؟
مێژووی میدیای یه‌كێتی هه‌م خاڵی دره‌وشاوه‌ی له ڕووی كولتووری و هونه‌رییه‌وه تێدایه و هه‌میش خاڵی ڕه‌ش و كه‌تنی گه‌وره. نموونه‌ی دیاری ئه‌مه لێكدابڕانی ستافی به‌رنامه‌ی به‌رنامه و په‌رتبوونی هه‌ر هه‌موویان كه ئێسته به ماوه‌ی یه‌ك دوو مانگێك پێش ئه‌م كۆنفرانسه، ویستوویانه كۆیان بكه‌نه‌وه و یه‌كیان بخه‌ن و به‌رنامه‌ی نوێ تۆمار كرا و بڵاو كرایه‌وه، به‌ڵام ئاخۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه و دیمه‌نه‌كانی ڕابردوو، ئه‌و خاڵه دره‌وشاوانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟ یا ده‌ست به‌داوێنبوونی ڕابردوو له‌لایه‌ن ئه‌م حزبه‌وه بۆ كاروباری میدیایی، نیشانه‌ی شكستی سیاسه‌تی میدیایی ئێسته و ته‌نانه‌ت نه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌كی میدیایی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور نییه؟ .
حزبێك له ماوه‌ی 33 ساڵدا نه‌یتوانیبێت یه‌ك كه‌ناڵ و په‌یجی دیاریكراوی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت كه هه‌ر به‌هه‌مانشێوه باس له كێشه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، باس له پردێ و زاخۆیش بكات، چۆن ده‌شێت به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتنێكی رادیكاڵ و ڕچه‌شكێنانه، هیوای دروستكردنی ڕچه‌ی تازه‌مان پێی هه‌بێت؟
میدیا و ڕچه‌ی میدیایی یه‌كێتی له ڕووی سیاسییه‌وه خه‌ریكی چاندنی تۆوی ئاشووب و تێكدانی یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ین، ئه‌وان به كه‌مترین شێوه جیاوازییه سیاسییه‌كان له شوێنی دروستی خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و به ئاسانی ده‌یپێچن به بابه‌تی شارچێتی و دواتر جنێو و ته‌شهیره‌وه، ئایا هه‌ر ئه‌مه نییه وایكردووه بیرمه‌ندێكی وه‌ك فارووق ره‌فیق بڵێت، سلێمانی ئیتر شاری ڕۆشنبیری نییه و شاری جنێوه؟