یه‌كێك له قه‌یرانه‌كان له باشووری كوردستان، نه‌بوونی میدیای پێویسته به گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی، هاوكات ڕۆشنبیرانه‌وه كه له سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزب و لایه‌ن و بگره مافیا و ده‌سته‌یه‌كه‌وه بجووڵێته‌وه، كاتێك باسی وه‌ها كه‌ناڵێك ده‌كه‌ین، باسمان له ئاراسته و گوتارێكه كه كوردبوون و كوردستان بۆی له سه‌رووی هه‌موو شته‌كانی تره‌وه بێت و به‌رده‌نگه‌كانیشی، ته‌نیا به‌شی سۆرانیبێژی باشووری كوردستان نه‌گرێته‌وه، به‌ڵكو فه‌یلی و كه‌لوڕی و...له‌خۆ بگرێت و هه‌موو كوردانی پارچه‌كانی تر و ده‌ره‌وه‌شی بۆ به‌رده‌نگ بێت.
ڕه‌نگه له ڕوانینی یه‌كه‌مدا ئه‌مه شتێكی سه‌یر و نه‌كرده بێته پێش چاو، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌نووكه زه‌ین و بیری زۆربه‌ی كورد عه‌وداڵی وه‌ها كه‌ناڵ و گوتارێكه، ئه‌گه‌ر نه‌بوونی وه‌ها كه‌ناڵێك قه‌یران و بۆشاییه له گوتاری كوردایه‌تیدا، ئه‌وه باسێكی تێروته‌سه‌ل هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام كاره‌ساتی گه‌وره ئه‌مه‌یه كه له نه‌بوونی وه‌ها كه‌ناڵێكدا، كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵ سه‌ربه لایه‌ن و كه‌سی دیاریكراو دێن و ده‌عیه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌فرۆشنه‌وه كه له پێناو كورد و كوردستاندا ئیش ده‌كه‌ن.
به‌داخه‌وه وه‌ك گوتم ئه‌م قه‌یرانه له باشووری كوردستان به زه‌قی دیاره، من لێره مه‌به‌ستم زۆنی سه‌وز و زۆنی زه‌ردكردن نییه، هه‌موومان ده‌زانین به‌پێی جیۆپۆله‌تیك و سنووری جیۆگرافیای سیاسیی میدیاكانی زۆنی زه‌رد، ده‌توانن له ژێر كاریگه‌ریی میدیای توركدا بن و هه‌روه‌تریش میدیاكانی زۆنی سه‌وز ده‌شێت له ژێر كاریگه‌ریی ئێرانییه‌كاندا بن، ئه‌مه‌ش تا شوێنێك بنه‌ما كولتووری و ته‌ناهییه‌كانی كوردستان نه‌كاته ئامانج (چ به ته‌كنیك و ستراتیجی درێژخایه‌ن بێت چ كورتخایه‌ن)، ئاسایی وه‌رده‌گیرێت و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێت پلانی میدیایش هه‌بێت بۆ سڕینه‌وه و كاڵكردنی ئه‌م كاریگه‌رییانه.
به‌ڵام كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كات كه تۆ له پله‌ی كاریگه‌رییه‌وه به‌ربیته‌وه بۆ پله‌ی داگیربوون! واته نه‌ك هه‌ر ته‌نیا كاریگه‌ری، به‌ڵكو ڕێك بته‌وێت بنه‌ما كولتووری و سیاسییه‌كانی وڵاتێكی تر ببه‌یته پێشه‌وه، ڕه‌نگه هیچ مه‌ترسییه‌ك تا ئێسته هێنده‌ی ئه‌م مه‌ترسییه كولتوورییانه له‌سه‌ر قه‌واره و بوونی كورد هه‌م له ئاستی كولتووری و زمانی و هه‌م له ئاستی سیاسی و مێژوویی‌دا، رژد و سامناك نه‌بووبێت، پڕۆژه‌یه‌ك كه له زۆنی سه‌وز به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك خه‌ریكه پراكتیزه ده‌كرێت.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو پڕۆژه میدیاییه‌كانی زۆنی سه‌وز، ده‌كرێت بڵێم زۆربه‌ی زۆریان ته‌نانه‌ت به دوو كه‌ناڵی به‌پێشینه‌ی وه‌ك خاك و كوردساتیشه‌وه (كه زیاتر له ناو پێناسه‌ی پڕۆژه‌ی كولتووری-ڕۆشنبیریدا جێیان ده‌بێته‌وه و به هه‌موو ئه‌و په‌یجه سێبه‌ر و ناسێبه‌ر و بندیوار و سه‌ردیواره‌وه، به هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه سه‌ربه نه‌وه‌ی نوێ و ئیسلامییه‌كانن)، هه‌موویان له ژێر سێبه‌ر و هه‌یمه‌نه‌ی كولتووری ئێرانیدان، به دڵنیاییه‌وه كه‌ناڵه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ل، سپێده و په‌یام و... له مێژه نه‌یانشادرووه‌ته‌وه و له چه‌ند شوێنێكیشدا ددانیان به‌مه‌دا ناوه، پاره و یارمه‌تی له ئێران وه‌رده‌گرن و ئه‌مه شتێكی شاراوه‌ش نییه ، هه‌موو ئه‌و دراما و دۆكیۆمێنته بێ ناوه‌رۆك و دژه كولتوورییانه (كولتوور هه‌م به مانا نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی و هه‌م به مانای ئه‌و پێكهاته ئاینییه‌ی له سوننه و شیعه كه له كوردستان هه‌یه)، به سه‌رمایه‌یه‌كی نادیار و سه‌یره‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خاو و خلیچك و سووك دۆبلاجی كورد ده‌كرێن.
فیلمی 88 كه به پشتیوانی كۆمپانیاكانی نه‌وه‌ی نوێ و شاسوار عه‌بدولواحید به‌رهه‌م هاتووه، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له ئه‌كته‌ره ئێرانییه‌كان (ڕاسته به‌شێك له ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م فیلمه خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانن، به‌ڵام ده‌بێت بزانین له ڕووی گوتار و وشیارییه‌وه هه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ك كوردستانی نییه و هه‌ر ئێرانییه‌كیش ڕۆژهه‌ڵاتی نییه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌و گوتار و ڕوانگه نیشتمانییه‌یه‌یه و به‌داخه‌وه زۆربه‌ی زۆری ئه‌كته‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له وشیارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بێبه‌ری و كۆڵه‌وارن و هێنده له تاران و ئه‌سفه‌هانه‌وه ڕێچكه وه‌رده‌گرن، قه‌ت ئاوڕ له تایبه‌تمه‌ندییه كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان ناده‌نه‌وه!)، كه‌ڵك وه‌رگیراوه و به گوتارێكی ئێرانیییه‌وه و هه‌ڵبه‌ت به زمانی كوردییه‌وه ڕۆڵ ده‌گێڕن، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ئێمه ئه‌و هه‌لیكۆپته‌رانه‌ش كه بۆردمانی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ن له فیلمه‌كه‌دا، لێمانه‌وه دیار نییه كه هی عێراقه یان ئێرانز ئه‌مه‌ش وادیاره ده‌چیته خانه‌ی شه‌فافییه‌ته شاراوه‌كانی كاك شاسوار و كۆمپانیاكانیه‌وه.
جیاواز له‌وه‌ی كه ده‌یان زانیاریی ناڕاست و ساخته‌ی مێژوویی له‌و فیلمه‌دا هه‌یه كه من نامه‌وێ ئه‌وه شی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم دۆخی میدیایی له زۆنی سه‌وز، له قه‌یرانێكی دۆڕاندن و نسكۆی گه‌وره‌دایه، نسكۆیه‌ك كه ئیتر كوردستانیبوون به‌رگی نوێی ئاڵوواڵا، به‌ڵام ڕزیوی بیانی و ئێرانیی ده‌كرێته‌به‌ر و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، جه‌سته و ڕۆحێكی فرۆشراوه كه له‌لایه‌ن كۆمپانیا و مافیا حوكمڕانه‌كانی زۆنی سه‌وز ئاراسته ده‌كرێت.
كه‌ناڵ 8یش بێبه‌ری نییه له‌م هاوكێشه‌یه، هۆكاری ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و میدیایانه له‌سه‌ر یه‌ك ئاواز ده‌خوێنن، نه‌بوونی گوتاری نیشتمانی یان هه‌ر گوتار به هه‌ر مانایه‌كه، بۆیه خۆیان شل و شۆڵ كردووه بۆ گوتارێك كه گوگوش و هایده و... به نووكنووك بانگی له‌نجه‌ی شیرازی و تارانی ده‌كه‌ن! به‌داخه‌وه ئه‌م داڕزان و خۆدۆڕاندنه له به‌شێك له كولتووری سلێمانیشدا به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته هه‌ڵانه‌وه، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، كابرا و خاتوونی هونه‌رمه‌ندمان هه‌یه و گۆرانیبێژ و نه‌رمونیانه، هه‌موو ڕۆژ و ساتێك به گۆرانییه‌كی موعین ئه‌سفه‌هانی و ئومیدی فارس، گوێمان به ڕووی دنیا ده‌كاته‌وه، كه‌چی نه ئه‌یاس زاخۆیی ده‌ناسێ و نه مه‌حموود محه‌مه‌د (كه به ده‌ربڕینی خۆیان ئه‌ڵماسی هونه‌ری میلییه) به‌لاوه هونه‌رمه‌نده، كاتێكیش پرسیار ده‌كه‌ی بۆ وایه؟ ده‌ڵێن هونه‌ر سنووری نییه، باشه تۆ كاتێك پێت شه‌رمه ته‌حسین ته‌ها و فوئاد ئه‌حمه‌د گوێ لێ بگری، نهێنییه‌كه‌ی له كوێدایه كه موعین و ئومێدت به‌لاوه به‌رز و بڵنده؟ چۆن ده‌كه‌ویته دژوازیی كردارییه‌وه له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی "هونه‌ر سنووری نییه"؟!
هه‌ر ئێسته‌ش كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه له‌لایه‌ن موزیكوانه كورده‌كانه‌وه خراوه‌ته ڕوو كه ئه‌وانه زۆربه‌ی زۆری گۆرانییه‌كانیان له عه‌لی مه‌ردان و سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر و.. دزیوه! ده‌ی بۆ وشیار نابنه‌وه، ئه‌مه ئه‌و كاره‌ساته‌یه كه بێ گوتاری و نه‌بوونی پلانی سیاسی پڕۆژی دوژمنت پێ جێبه‌جێ ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی تێچوویه‌كی ئه‌وتۆی بۆ بدات، بێ هۆ نه‌یانگوتووه كورد ڕۆح و گیانی هه‌رزان كراوه. زه‌قترین و قێزه‌ونترین ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م حاڵه‌ته له كاتی لێدان له ماڵه‌كه‌ی ڕه‌وانشاد پێشره‌و دزه‌یی و شه‌هیدبوونی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و خه‌ڵكی سڤیل بوو، له كاتێكدا ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه میدیاییه دژه كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ش، به به‌ڵگه‌وه باسی ساخته‌كاریی میدیا و گوتاری ئێرانیان له پێوه‌ندیی به مۆساده‌وه ده‌كرد، په‌یجه‌كانی زۆنی سه‌وز خه‌ریك بوون به‌ڵگه‌یان كۆ ده‌كرده‌وه و له میدیاكاندا ده‌یانخسته ڕوو كه فڵان بازرگان بووه و له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێوه‌ندییه‌كی هه‌بووه.
كاتێك باسی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌كرێ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێسته‌ماندا، ده‌بێت به پله‌ی یه‌كه‌م بزانین تریبۆنه‌كانی كه‌ناڵه‌كان چ خیتاب و ئیعازێكمان بۆ ده‌ده‌ن، كه به‌داخه‌وه كه‌ناڵ 8 به چاوخشاندنێك به په‌یجه‌كه‌یدا، ده‌زانی كه هه‌م ئێرانییه و هه‌م عێراقیشه، واته ته‌نیا شتێك كه نییه كوردستانییه! ئه‌وه‌ی كه به زمانی كوردی قسه ده‌كات، خۆ نایكات به پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تكار به گه‌لی كورد، به هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی وه‌ك 8 و ئه‌وانه‌ی كه دژی كوردن به زوویی دابخرێن، ئه‌ركی هه‌موو میدیاكارێكیشه كه پشت له وه‌ها پڕۆژه‌گه‌لێك بكه‌ن.