دۆزی کورد به‌شێوه‌یه‌کی توندوتوڵ دیاریکه‌ری شێواز و ڕێچکه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت و پێوه‌ندیه‌تی له‌گه‌ڵ دنیا و ده‌رودراوسێدا، ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ره دۆزی کورد له باشترین حاڵه‌تدا له‌ناو که‌وانه‌ی (کاتی ناوه‌خت)دا مانا ده‌کرێته‌وه. واته له کاتێکدا که دنیا هه‌موو ده‌رگا و دوکانی خۆیان به جۆره‌کانی چه‌ک و له‌شکر و هێز قایم کرد، فاشیه‌تی کولتووری و نه‌ژادی و خۆپه‌رستی سیاسیی و سه‌رمایه‌داری هه‌رێمی و جیهانی، وایکرد ئه‌و کاته له‌باره بۆ کورد به ڕه‌وا نه‌بینن، بۆ ئه‌مه‌یش "سایکس پیکۆ" و کێشه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ و دواتریش په‌یمانی "لۆزان" مۆرکێکی پڕی له ده‌رگای ئه‌و پاکه‌ته دا که هه‌واڵی ناوه‌ختی له کاتی ناوه‌خت بۆ کورد له‌سه‌ر نه‌خسه‌ی جیۆگرافیا بڵاو کرده‌وه.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه هۆکاری سه‌ره‌کیی سه‌رنه‌که‌وتنی دواجاری شۆڕشگەلی مه‌زنی وه‌ک ئه‌یلوول بۆ ئه‌م دۆزه‌ی ناوه‌ختزه‌ده‌کردنی دۆخی کورد ده‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌م دۆز و دۆخه خۆی وایکردووه هه‌میشه هه‌لومه‌رجێکی ناچاریی بۆ کورد له به‌رده‌مدا بێت تا کوردی پێ فریو بده‌ن و کوردیش له زۆر قۆناغدا به هه‌موو بوێری و له خۆڕادیوی و هاوکات ئاسۆلێڵییه‌وه ملی به‌م ناوه‌ختبوونه داوه و سه‌رکرده و پێشمه‌رگه و به گشتی نه‌ته‌وه‌ی کورد ناچا‌ر باجه‌که‌یان داوه، بۆیه ئه‌و ڕسته‌یه‌ی د. ڕه‌فیق سابیر شاعیر و نووسه‌ر، ئاوه‌زمه‌ندانەیه که ده‌ڵێت: ئێمه دێر ڕێگه دراینه ناو مێژووه‌وه. ئه‌مه‌یش هه‌ر ئه‌و ناوه‌ختزه‌ده‌ییه‌یه که بۆ ئێمه‌یان دانا.
بابه‌ته‌که ته‌نیا پێوه‌ست نییه به ئیراده‌ی ئێمه‌وه که بێگومان له خۆگری لاوازی و ناکۆکی و به‌رته‌سکبینی بووه، به‌ڵکوو له سه‌رێکیشه‌وه گرێ‌دراو بووه به‌و ململانێ ئایدۆلۆجی، سیاسی و سه‌رمایه‌دارییه‌وه که کوردستانی وه‌ک گۆڕەپانی هه‌راو و ده‌وڵه‌مه‌ندی ته‌ڕاتێنه‌کانی خۆی بینیوه‌ته‌وه. که‌واته ئه‌م ناوه‌ختزه‌ده‌ییه له سه‌رێکه‌وه خۆمان و له سه‌ریکیشه‌وه ئه‌ویترە داگیرکاره‌کان لێی به‌رپرسیارن، به‌ڵام ئه‌مه هیچ کات پسووڵه‌ی ئه‌وه نادا به ئێمه که ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان سووک هه‌ڵبگرین و ته‌نانه‌ت ته‌نیا ئاماژه بۆ ده‌رودراوسێی زاڵم و داگیرکه‌ر بده‌ین، به‌ڵکوو ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین له‌م ناوه‌ختزه‌ده‌ییه‌دا ئێمه به‌رپرسیار و گوناهبارین، تا ئه‌م ددانپێدانانه له ڕۆح و نیازێکی بێگه‌رد و ئیراده‌گه‌رایانه‌وه نه‌یه‌ت، ئێمه ناگه‌ین به هیچ.
ده‌بێ ددان به‌وه‌دا بنێین له قۆناغێک له قۆناغه هه‌ستیاره‌کانی مێژوودا بۆ ڕاده‌ی پێویست نه‌مانتوانی خۆمان به کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بسه‌لمێنن و بۆیان بچه‌سپێنین که چ غه‌درێک ده‌که‌ن و ناڕه‌وایی کرده‌وه‌کانیان به به‌ڵگه‌وه بخه‌ینه ڕوو، هه‌رچه‌نده له هیچ هه‌وڵێکیش قسوورمان نه‌کردووه، بۆیه له دواجاردا به ڕاده‌ی پێویست نه‌مانتوانی هه‌رێمێکی ئازادی ئاواهیمان هه‌بێت که بتوانین بۆ به‌رگری لێی، چه‌کی سووک و قورس (به هۆی به‌رهه‌مهێنانی خۆمانه‌وه یان کڕین له زلهێزه‌کان) دابین بکه‌ین و ده‌یان خاڵ و بابه‌تی دیکه، ئێسته له پاڵ ئه‌م خه‌سارناسییه‌دا ئێمه چ بژارده‌یه‌کمان له به‌رده‌سته؟ ئاخۆ له زه‌مه‌نی ناوه‌ختدا ده‌توانین چۆنچۆنی کاتی ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ خۆمان؟
به‌ڕای من سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌مارگرژانه‌ی له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا ده‌وترێت به شێوه‌ی سه‌ربازی، باشترین ڕێگە هه‌وڵی دیپلۆماسیی پلاندار و هاوکات سه‌رکێشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی درێژماوه‌دا خه‌ونه‌کانمان ورده ورده بگه‌یەنینه ئه‌نجام، له خه‌یاڵدانی داگیرکه‌ردا.
لێره‌دا تێده‌گه‌ین ده‌سکاریکردنی خه‌یالدانی داگیرکه‌ر یه‌کێکە له‌و پلانانه‌ی ئێمه‌ی ناوه‌ختزه‌ده که‌متر ئیشمان له‌سه‌ر کردووه، ئه‌مه ئه‌و پێویستییه مێژووییه‌یه که به سه‌رماندا ده‌سه‌پێت. واته ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی خۆشمان نه‌بێت، به‌ڵام بژارده‌یه‌کی ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه، ئێسته که جیهان به‌ره‌و ئاقارێک ده‌ڕوات شه‌ڕوئاشۆی و ئاژاوه‌گێڕی له هیچ قوڕنه‌یه‌کدا ددانی خێری پێدا نانرێت، تاقه ڕێ و بژارده‌ی ناچاریی، به‌ڵام شیاو بۆ کورد، ئه‌و دیپلۆماسییه‌تەیه که حکوومه‌تی هه‌رێم و کابینه‌ی نۆ هه‌م له ئاستی هه‌رێمی و هه‌م له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی پێڕه‌ویی لێ کردووه و ده‌یکات.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به‌پێی سیاسه‌تی چه‌کوچۆڵ بوایە و حکوومه‌تی کوردستان پێڕه‌وکاری وه‌ها هه‌ڵسوکه‌وتێک بوایە، ئێسته له ڕووی ئه‌منی و سیاسییه‌وه دۆخی کوردستان له سووریا و غه‌زه ده‌چوو، به‌ڵام کورد فه‌لسه‌فه‌یه‌کی هه‌یه که باوه‌ڕی وایه ده‌ستێک که ناتوانی بیبه‌زێنی، ده‌بێت به نه‌رمی بیچه‌مێنیته‌وه، به هه‌موو ئه‌و کێشانه‌وە له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه و به تایبه‌تی کۆماری ئیسلامییه‌وه بۆ کوردستان دروست کراون، ته‌نیا له ڕێگه‌ی ئه‌و دیپلۆماسییه ژیرانه‌وه ده‌کرا به‌رپه‌رچ بدرێته‌وه، وه‌ک نموونه ده‌توانین بڵێین له ئۆپه‌راسیۆنی ناڕه‌وای هێرشکردنه سه‌ر ماڵی ڕه‌وانشاد "پێشڕەو دزه‌یی"دا کۆماری ئیسلامی شکستێکی گه‌وره‌ی بۆ خۆی تۆمار کرد و له دنیادا ئه‌م شکسته‌ی ده‌نگی دایه‌وه و ئه‌وەیش به‌و دیپلۆماسییه به‌ربڵاو و تۆڕه گه‌وره‌یه‌ی پێوه‌ندی و دانوستانی حکوومه‌ت مسۆگه‌ر کرا، ئه‌مه وانه‌یه‌که هه‌م بۆ داگیرکه‌ر و هه‌م بۆ خۆیشمان.
راستییه‌ک هه‌یه که ئێمه له ئاستی سه‌ربازیدا لە ئاستێكدا نین بتوانین ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕی پێشکه‌وتووی هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی فاشیی دژه کورد ببینه‌وه، به‌ڵام له ئاستی دیپۆلۆماسیدا ده‌توانین خۆمان له پلانه‌کانیان لا بده‌ین و ورده ورده جێی خۆمان بۆ جووڵه به‌ره‌و خه‌ونی دواجار و هه‌میشه‌ییمان خۆش بکه‌ین. ڕاسته حکوومه‌تی هه‌رێمی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ نییه له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا و ئێسته‌یش عێراقی ئیحتیلال و ناکۆکی ناوخۆیی گوشاری زۆری خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام له ئاستی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا ته‌نیا دوو ڕووداوی دره‌وشاوه و ساده‌ی ئه‌م یه‌ک مانگه شیاوی ئاماژه پێدانن که سه‌ربه‌خۆبوونی ڕه‌مزی و تا ئاستێکیش واقیعمان بۆ ده‌نه‌خشێنن.
یه‌که‌میان به‌شداریی سه‌رۆکی حکوومه‌ت له کۆڕبه‌ندی جیهانیی وڵاتان له ئیمارات و دووه‌میش به‌شداریی سەرۆكی هەرێم له کۆڕبه‌ندی جیهانیی میونشن له ئەڵمانیا. له ئاستی ئه‌م دوو ڕووداوه جیهانییه گه‌و‌ره‌یه‌دا، کوردستان و حکوومه‌ته‌که‌ی وه‌ک وڵاتی سه‌ربه‌خۆ کورسی و پێگه‌یان بۆ دانراو و گوێ له قسه و باسوخواسه‌که‌ی گیراوه.
گرنگتر له‌مه‌یش، گواستنه‌وه‌ی گوتاری سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆییخوازییه له زاری سه‌رۆکی حکوومه‌ته‌وه بۆ وڵاتان به تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی، پێم وایه ئه‌مه ڕه‌وتێکی گه‌شه‌دار ده‌بێت که ئێمه گوتاری سه‌ربه‌خۆییخوازیی خۆمان له خیتابدان به چه‌ند وڵاتی فاشیی ده‌مارگرژه‌وه بگوازینه‌وه بۆ کۆی ناوچەكە، به تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ره که کورد له چوارچێوه‌ی ئه‌و گوتاره‌دا له ئه‌ورووپا و ئه‌مەریکا ڕه‌وایی زیاتری هه‌یه تا له وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام ئێسته به هۆی زۆر و هاتنه‌ئارای هاوکێشه‌ی دیکه و تێگه‌شتنی دیپلۆماسیی سیاسیی کورد، ده‌رگایه‌یه‌کی ڕووناک له به‌رده‌مماندایه و گرینگه به‌و پشوودرێژیی و کۆڵنه‌دانه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان، هه‌ر به‌رده‌وام بین و بڕوانینه داهاتوو و دڵنیا بین له پاڵ ئیراده و خواست و ماندووبووندا، ئاسۆ ڕوون ده‌دره‌وشێته‌وه.