كاتێك شۆڕشی گه‌لانی ئێران له 1979 ڕژێمی پاشایه‌تیی نوقمه‌سار كرد، حزبی كۆماری ئیسلامی تاقه حزبێك بوو له پاڵ ده‌یان حزبی چه‌پ و ڕاستی تردا كه له هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینه‌كانی خومه‌ینیدا خۆی ده‌ناساند و ملی له حكوومه‌تكردن و سیاسه‌ت با ده‌دا، سه‌ره‌تای لێدوانه‌كانی خومه‌ینی خۆلادان بوو له هه‌ر جۆره ئاره‌زوویه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی و ئێسته‌ش ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه به‌رده‌ستن كه خومه‌ینی ده‌ڵێت: ئێمه كارمان چییه به حكوومه‌ته‌وه و حكوومه‌ت و ئیسلام كوجا مه‌رحه‌با! به‌ڵام دوا به‌دوای جێگیربوونی پێگه‌كه‌ی و پشتیوانیی ڕازئاویی هه‌ندێ وڵاتی ڕۆژئاوایی، له‌وانه‌ش ئینگلیز و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه نوێیانه‌ی كه مێژووزان و توێژه‌رێكی دیار و مامۆستایه‌كی زانكۆی وه‌ك د. عه‌باسی میلانی باسی لێ ده‌كات، خومه‌ینی هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كانی تری پلیشانده‌وه و لێكیانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
خومه‌ینی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه "سوپای پاسدارانی ئینقلاب" دامه‌زراند، وه‌ك ناو سوپای پاسدارانی ئینقلاب واته له‌شكری پارێزه‌رانی شۆڕشی ئیسلامی كه خومه‌ینی به‌ر له هه‌ر شتێك وه‌ك دوا مه‌ته‌رێزی ته‌ناهی و سه‌نگه‌ری پاراستنی خۆی و ئایدۆلۆجیاكه‌ی دایمه‌زراند، ئه‌گه‌ر وه‌ك هابز ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت هه‌ژدیها و لۆیاتانێكی چه‌ند سه‌ر بێت كه ئێمه له دواجاردا هه‌ر ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ین، ئه‌وا سوپای پاسداران ئه‌و هه‌ژدیهایه بوو كه پێش له دامه‌زراندنی یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران، له قووڵایی زه‌ریای ڕه‌شی مێژووی ململانێی شیعی و ئیسلامی سیاسی خه‌به‌ر كرایه‌وه.
جیاوازیی ئه‌م لۆیاتانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هابز ئه‌مه‌یه، ئه‌م هێزه هه‌میشه له سێبه‌ره، هێزێكی بێ یاسا و لۆجیكه، وه‌ك تاپۆیه‌كی ئهفسووناسی پێگه‌كه‌ی دیاری كراوه و له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كانی وه‌ك ئاخرزه‌مان، ویلایه‌تی فقیه و سه‌ربازه‌كانی له سێبه‌ر و بێناوی ئیمامی زه‌مان واته حه‌زره‌تی مه‌هدی و...ههڵپێكراون. ئه‌م هێزه له دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران، به‌هۆی ئاڵۆزیی دۆخه‌كه له قه‌واره‌ی ئه‌و دامه‌زراوه و ڕیكخراوانهی كه ناوی جۆراوجۆری وه‌ك پێڕهكارانی هێڵی ئیمام خومه‌ینی، دامه‌زراوه‌ی فه‌رمانی ئیمام و كۆمیته‌ی ئیمداد (یارمه‌تی) ئیمام خومه‌ینی و... ده‌یان و سه‌تان ڕێكخراوی تر ئیشی ده‌كرد، به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌م لۆیاتانه هه‌ر له بنی زه‌ریاوه، خۆراكی ده‌درایه و په‌روار ده‌كرا.
له سه‌رده‌می هاتنه سه‌ر كاری مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وه‌ك سه‌رۆك كۆمار كه به حیسابی به‌ره‌به‌ندیی سیاسیی ناو ئێران، له باڵی خامنه‌یی و بناژۆخوازه‌كان نزیك بوو، هه‌م په‌رده له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م لۆیاتانه لادرا و تۆڕه پان و به‌رینه‌كانی سوپای پاسداران له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ركه‌وت، هه‌میش به ئاشكرا ده‌ستیان بۆ شل كرا تا هه‌موو دامه‌زراوه و ڕیكخراوه ده‌وڵه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت كه‌رتی تایبه‌تیش بخه‌نه ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه، بۆیه سوپا له قه‌واره‌ی هێزێكی ئایدۆلۆجیكی، ته‌نیا هاته ده‌ره‌وه و بوو به ڕایه‌ڵه و تۆڕێكی گه‌وره‌ی بازرگانی و كۆمپانیا و مافیایه‌كی گه‌وره‌ی بێ پاسپۆرت كه هه‌موو دنیای كرده پانتای ململانێ و كه‌سابه‌تی خۆی.
خاڵی ترسناك و جێی سه‌رنج ئه‌مه بوو كه ئه‌م هێزه، هه‌م ده‌وڵه‌تی له ژێر ڕكێفدا بوو و هه‌میش پێبه‌ند نه‌بوو به هیچ یه‌ك له بنه‌ما یاساییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، له ناو كایه و قومارێكی ترسناك بۆ چالاكییه‌كان و مه‌به‌سته‌كانی خۆی ده‌جووڵایه‌وه. ئێسته هیچ كۆمپانایا و ڕێكخراو و دامه‌زراوه‌یه‌ك له هیچ بوارێكدا نییه كه سوپا پشكی گه‌وره‌ی تێدا نه‌بێت، هه‌ر له خۆراك و چای و ئاوی مه‌عده‌نییه‌وه بگره تا كۆمپانیاكانی بیناسازی و به‌نداو و گواستنه‌وه‌ی ئاو و دروستكردنی چه‌كی سه‌ربازی و فرۆشتنی به هه‌ر لایه‌نێك له به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووریدا بێت، تا گرێبه‌سته سیاسی و ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت ته‌داخول له گۆڕانكاریی سیاسی و سه‌ربازیی وڵاتاندا.
گومانێك له‌وه‌دا نییه سوپای پاسداران واته كۆماری ئیسلامیی ئێران، جه‌وهه‌ر و ڕۆحی راسته‌قینه‌ی و ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تریش ته‌نیا ڕووكار و ئامراز و ده‌مامكی سوپان، ئه‌مه ڕاسته‌قینه‌ی ڕژێمێكه كه زیاتر له 40 ساڵه نه‌ك ته‌نیا خه‌ڵكی خۆی ده‌چه‌وسێنیته‌وه، به‌ڵكو بۆ ئاشتی و ئارامیی دنیایش بووه‌ته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره، هه‌ر ئێسته‌ش ده‌یان دۆسیه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه كه له ڕێی جۆراوجۆره‌وه له ڕووی یاساییه‌وه هه‌ڵیپه‌ساردوون، وه‌ك دۆسیه‌ی میكۆنۆس و ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌رجه‌نتین و ده‌یانی تر. له پاش تێكچوونی دۆخی سووریا و سه‌رهه‌ڵدانی داعش، سوپا له زه‌ریا قووڵه‌كه‌وه هاته‌ده‌ر و به‌سه‌ر ئاسمان و زه‌وینی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا تۆوی شه‌ڕ و خوێنی باراند، ئێسته‌ش ڕه‌نگه ورده ورده دنیا و ناوچه‌كه له مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م لپیاتان و هه‌ژدیها گه‌وره‌یه تێبگه‌ن، هێرشه ناوه به ناوه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌خت و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری عێراق و داگیركاریی و كۆمه‌ڵكوژی له سووریا و فرۆشتنی چه‌ك و درۆن به ڕووسیا بۆ لێدان له ئۆكراینا، دیمه‌نی ترسناك و مه‌ترسیداری ئه‌م هێزه‌یان بۆ دنیا ده‌رخستووه.
به‌ڵام ئایا هێرشكردنی سه‌ر گرووپی جه‌یش عه‌دل له پاكستان كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمییه، ئه‌و هه‌ڵه و پێخزانهی ئه‌م لۆیاتانه نییه؟ ئایا ئه‌و هه‌ڵه‌یه نییه كه له به‌راورد و خه‌مڵاندنی ڕووداوه‌كان و هاوكێشه‌كاندا تووشی بوو و ئیتر ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ڕووداوی گه‌وره‌تر و رژدتر بین؟ هه‌رچییه‌ك بێت ئه‌وه‌ی كه حاشاهه‌ڵنه‌گره ئه‌مه‌یه، پاكستان له به‌رده‌م ده‌ستدرێژییه‌كانی سوپای پاسداران، هاوكێشه و فایلێكی نوێ ده‌كاته‌وه، بۆیه مهگهیشته 24 سه‌عات به‌رپه‌رچی دایه‌وه، ئه‌وه‌ی پێكهاتی سیاسی و كولتووری پاكستان بزانێت، تێده‌گات كه سوپا ده‌ستی داوه‌ته چ یاری و قومارێك، پاكستان وه‌ك كولتوور و نه‌ته‌وه، میله‌تێكی نه‌شكاو و له هه‌مبه‌ر ڕكابه‌ر و دوژمنانیاندا هیچ لێبوردهییهكیان نییه، سیستمی هه‌واڵگری و زانیاریی ئه‌و وڵاته‌ش ئه‌گه‌ر له ئاستی مۆساد و سی ئای ئه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا ململانێ‌یان ده‌كات. پێده‌چێت ئه‌م هاوكێشه نوێیه، یه‌كه‌م پێخزان و هه‌ڵخلیسكانی رژدی سوپا بێت و به‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ڕووداوی نه‌خوازراو له ناوچه‌كه‌دا بكاته‌وه كه بێگومان له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌نێك نییه.