ڕاپه‌ڕین 33 ساڵەی ته‌مه‌نی خۆی به‌ڕێ ده‌کات، کاتێک ده‌ڵێین "ڕاپه‌ڕین" ته‌نیا مه‌به‌ست ڕاسان و هه‌ستانه‌وه‌ی شارێک به‌ناوی "ڕانیه" له باشووری کوردستان نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست و دیمه‌نی گه‌وره‌تر ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و چرکه‌ساته مێژووییه‌یه که ئاره‌زوو و ویستی ڕاماڵین و نه‌هێشتنی هه‌ر شوێنەوارێكی داگیرکاری و سته‌م و ده‌سدرێژیی له پشته‌وه بوو. بێگومان په‌یامی ڕاپه‌ڕین هه‌ر له‌وه‌دا کورت نابێته‌وه که به‌عس و سیستمی داگیرکا‌ر و دڕنده‌ی له خاکی کوردستان بکشێنه‌وه، به‌ڵکوو هاوکات ئه‌و پهیامهیشه که ئێمه خۆمان خاوه‌نی ئیراده و بوێری و وشیارین و له هه‌ر چرکه‌ساتێکدا بێت، فۆرم و چواورچێوه به‌رته‌سکه سه‌پێنراوه سیاسییه‌کان تێده‌په‌ڕێنین و گوزارشت له بوون و کیان و ئیراده‌ی خۆمان ده‌که‌ین.
ڕاستییەكەی ئه‌م فه‌لسه‌فه به ڕواڵه‌ت ساده‌یه له پشتی ڕاپه‌ڕینه‌وه بوو، واته په‌یامێکی دوو ڕه‌هه‌ندیی هاوکات که هه‌ر ڕه‌هه‌ندێکیان به مانای بوون و ئاماده‌یی ئهویتریشە. كەواته یاخیبوون له سته‌م و داگیرکاریی ئه‌ویتر و هاوکات هه‌نگاونان بۆ دامه‌زران و به‌ڕێوه‌بردنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ، پێم وانییه هیچ لایه‌ن و هێز و حزبێک به عه‌لمانی و ئیسلامی و چه‌پ و ڕاسته‌وه ئه‌و چرکه‌ساته‌ی ساڵی 1991 له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌ها و پێوه‌ره ببینێت.
دوای 33 ساڵ، ده‌بێت بپرسین ئامانجی ڕاپه‌ڕین به ڕاستی چی بوو؟ ئایا توانی مه‌به‌سته‌کانی خۆی بپێکێت؟ ئاخۆ به‌عسیزم و داگیرکاری و ملکه‌چبوون له هه‌مبه‌ر ئهویترەکان کۆتای‌یان پێ هات؟ ئه‌گه‌ر نا، هۆکاره‌کان چین؟ له کوێوه ئێمه ده‌ست بکه‌ین به خه‌سارناسیی چرکه‌ساتێکی دره‌وشاوه‌ی مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که ئێسته‌یش له سه‌ره‌کیترین مافی خۆی که ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه، (به ژماره‌یه‌کی زیاتر له 40 ملیۆن که‌سه‌وه)، بێبه‌ش کراوه؟
بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه یان لانیکه‌م ختووکه‌دانی ئاوه‌زی ئێمه بۆ هه‌ڵوێسته و قووڵبوونه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، دەرخهری به‌شێکی زۆری ئه‌و داڕمان و شکسته‌یه که ئێسته به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕاپه‌ڕین دژی به‌غدای کردووه بۆ هه‌ڵپه‌ڕین له ستایشی به‌غدا و دادگا نادەستوورییە فیدراڵییه‌که‌ی که خۆی له‌ژێر هه‌ژموون و عه‌مامه‌ی ئاخونده‌کانی قوم و ئایدۆلۆجیای کۆماری ئیسلامیی ئێراندایه!
له سه‌ره‌تادا کاتێک وتم مه‌به‌ست له ڕاپه‌ڕین ته‌نیا ڕابوون و هه‌ستانه‌وه‌ی شاری به شکۆی ڕانیه نه‌بووه، مه‌به‌ستم بوو سه‌رنج بۆ دوو خاڵی زۆر گرینگ ڕابکێشم:
یه‌که‌م، ڕانیه وه‌ک ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین له باشووری کوردستان، گوزارشتی له هه‌موو باشووری کوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه دژی داگیرکه‌ر و مانیفێستکردنی خواست و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی و سه‌ربه‌ستی خۆی بووه.
خاڵی دووەمیش ئه‌وه‌یه، ڕاپه‌ڕین له ڕانیه و باشوور ته‌نیا چرکه‌ساتێک نه‌بوو له جیۆگرافیایه‌کی ساخته و ده‌سکرد به ناوی عێراق قه‌تیس بکرێت و هه‌ر له‌و قه‌واره‌یه‌دا بخوێنرێته‌وه.
ئه‌م دوو خاڵه گرێپووچکه و پێچووپه‌نای تێگه‌یشتنی ئێمه له‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه و هه‌موو ئه‌و هۆکارانه‌یه که ڕاپه‌ڕینیان به‌ره‌و هه‌ڵپه‌ڕین بۆ داگیرکه‌ر ڕاکێش کرد.
ههڵنهپێکانی به‌رده‌وامی ئه‌م دوو خاڵه، به ئاسانی مه‌به‌ستی ڕاپه‌ڕینی کرد به داره‌ده‌ستی حزبێک. مه‌به‌ست له‌م گرێدانه‌ی ڕاپه‌ڕین وه‌ک چرکه‌سات به هه‌رێمێکی گه‌وره‌تر و فراوانتر له باشوور، واته به ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه ئه‌وه نییه که وه‌کوو هه‌ندێک پۆپۆلیستی میدیایی و ئینفلۆئێنسێره نزمه‌کانی جیهانی مه‌جازی له‌م ماوه‌یه‌دا باسیان ده‌کرد که باشوور یان ڕۆژهه‌ڵات ببن به ماڵ به‌سه‌ر یه‌کترییه‌وه (هه‌رچه‌ند من ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌م گوزارهسازی و ده‌ربڕینه سووک و چرووکانهدا ناکۆکم و ته‌نیا بۆیه وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌م تا ته‌می ده‌لاله‌تی هه‌ڵه له نووسینه‌که‌م بڕه‌وێنمه‌وه)، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌و هاوکێشه و ستەمە مێژوویی و جیۆپۆڵهتیکهیه که نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ناوی کورد و جیۆگرافیای کوردستان خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، جیۆگرافیایه‌ک که له چوار لاوه ده‌وره دراوه و وه‌ک مه‌سیح به خاچێکی به کۆڵکێشراوی خۆی له خاچ دراوه!
ئه‌م هاوکێشه و جه‌بره پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین ته‌نیا له هاوکێشه‌ی سیاسیی باشووردا نهبینرایە، ڕه‌نگه ئه‌م ههڵپهڕینهی ئێستەی کۆمه‌ڵ و تاقمێک بۆ بڕیاری دادگای کۆماری عێراقی به‌ناو فیدراڵ، نه‌هاتایه‌ته ئاراوه! کاتێک ڕاپه‌ڕین ته‌نیا وه‌ک چرکه‌ساتێک له‌ناو سنووره‌کانی باشووردا خوێنرایه‌وه و پلان و ستراتیجی وڵاتێکی سه‌تان ساڵه‌ی ڕێوی ڕێبازی وه‌ک ئێران و فێڵ و خه‌ونی نه‌گریسی ئاخونده‌کان بۆ ئه‌و چرکه‌ساته له‌به‌رچاو نه‌گیرا، ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر ده‌بێت به‌مه که نه‌ک ته‌نیا کۆماری ئیسلامی کێشه‌ی کورده‌کانی خۆی له ئێران پێ کپ و بێده‌نگ ده‌کات، به‌ڵکوو بوار به دره‌وشانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه و یه‌کجاره‌کیی ڕۆح و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی و دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌ستیش هیچ کات نادات، ئیتر به هه‌ر نرخێک بووبێت!
کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌میشه سیاسه‌تی پوازلێدان و قڵشتسازیی پێڕه‌و کردووه و تا قۆناغێک کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م پوازه هێنده نه‌بوو که ڕاپه‌ڕین دژی داگیرکه‌ر بکات به هه‌ڵپه‌ڕین، له به‌رده‌م داگیرکه‌ردا. ئاساییه کاریگه‌ری و هه‌ژموونی کۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتمانییه‌وه چ له سه‌رده‌می رەحمەتی مام جه‌لال و چ له سه‌رده‌می باڤڵی کوڕی زۆر بووه، هۆکاره‌که‌ی له سه‌رده‌می مام جه‌لالدا ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و جه‌بری جیۆپۆڵەتیک و سنووره به‌ناو هاوبه‌شه‌ی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان، به‌ڵام ئه‌و به‌گشتی له ته‌مه‌نی سیاسیی خۆیدا هه‌وڵی دا دۆخه‌که به‌شێوه‌یه‌ک نه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی کوردستان و کیانه‌که‌ی بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ته‌نانه‌ت له کاتی شه‌ڕی ناوخۆیش که جڵه‌وکێشی سوپای پاسداران بوو به‌ره‌و هه‌ولێر!
به‌ڵام له سه‌رده‌می باڤڵی کوڕیدا هه‌ژموونی ئێران ته‌نیا به هۆکار و له سۆنگه‌ی سنوور و جیۆگرافیاوه نییه، به‌ڵکوو وابه‌سته‌ی نه‌بوونی متمانه‌به‌خۆبوونی سیاسی و غیابی گوتاری ئهندێشمهندانه و له گۆڕنانی باوه‌ڕه به ڕێبازی کوردایه‌تیی، ئه‌مه‌یش خۆی له ملکه‌چیی کولتووری و سیاسی و گوتاری و ته‌نانه‌ت ئاینیشدا له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران‌دا ده‌بینێته‌وه!
هه‌موو ئه‌و تریبۆن و جومگانه‌ی که له ڕووی ڕۆشنگه‌ری و کولتووری و ڕۆشنبیرییه‌وه مام جه‌لال پشتگیرییه‌کی سه‌ت له سه‌تی لێکردبوون، باڤڵ هه‌ڵیوه‌شاندنه‌وه، نموونه‌ی ئاشکرا ناوه‌ندی چاو‌دێر و چالاکییه‌کانی مه‌لا به‌ختیار و شه‌پۆلی باڵاپۆشکردنی کچانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان به پێوه‌ری شیعیزیمی ئێرانییه! له‌م قۆناغه‌ی ئێستهیشماندا و له دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر، باڤڵ چه‌ندان وێستگه‌ی ته‌سلیمبوون و ملکه‌چی تێپه‌ڕاندووه و ئه‌مه‌ی دادگای به‌ناو فیدراڵی تازه‌ترینیانه و پێناچیت دواهه‌مینیشیان بێت!
بۆ هه‌مووان ڕوون و ئاشکرایه دادگای فیدراڵی چه‌کی یاسایی و نامیلیشیایی کۆماری ئیسلامییه له عێراق، کاتێک نه‌یتوانی به حه‌شدی شه‌عبی و به‌ناو به‌ره‌ی مقاوەمه و مووشه‌کی بالیستیکی کوردستان تێک بدا ئه‌و ڕێگا مه‌ده‌نی و یاساییه‌ی چالاک کردووه، ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی پردێکی چه‌ماوه به ناوی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانەوە به سه‌رۆکایه‌تیی باڤڵ تاڵه‌بانی. پردێک که ڕیتیمی ڕاپه‌ڕێنێکی شکۆمه‌ندانه ده‌کات به هه‌ڵپه‌ڕینێکی ملکه‌چانه!
نه ڕاپه‌ڕین له ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه‌ی کوردبوون و کوردستانیبوون به واتای دۆز و دۆخێکی سه‌رانسه‌ری ده‌خوێنرێته‌وه و نه هه‌ڵپه‌ڕینیش ده‌توانێت خه‌ونی ڕاپه‌ڕین و ئاوازی شکۆداری تێک بدات.