28 ساڵ پێش ئێستە و نیوه‌ڕۆی 27ی شوباتی 1995، له ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا له شاری زاخۆ، 94 که‌سی سڤیل شه‌هید ده‌کرێن و زیاتر ل 185 که‌سیش بریندار ده‌بن، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه له‌لایه‌ن یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانه‌وه بڕیاره‌که‌ی ده‌رکرابوو. مه‌به‌ست له‌م یادکردنه‌وه‌یه جگه له ڕێزلێنان له گیانی شه‌هید و برینداران، وردبوونه‌وه‌یه‌کی نیشتمانی و ڕه‌خنه‌گرانه و بوێرانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی کورد له مێژوودا ده‌رهه‌ق به خۆی کردوونی.
له ده‌روونناسیدا ترس یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌یه که زۆر باسی لێ ده‌کرێت و له‌ڕووی ده‌روونی و وجودییه‌وه ئه‌م چه‌مکه کاریگه‌ری و ڕۆڵێکی بنه‌مایی له دنیای مرۆڤه‌کاندا هه‌یه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر که‌سێک له قۆناغی منداڵی‌دا به‌هۆی شتێکه‌وه ترسابێ، دواتر له کاتی گه‌وره‌ییدا به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی بۆی دروست بووه، تووشی جۆرێک له ترۆما و مۆته‌که ده‌بێت و ڕه‌نگه ببێت به "پی دی ئێس دی" یان کاریگه‌رییه‌کانی پاش ڕووداوه‌که و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، هه‌موو ژیانی تا مردن ده‌خاته ژێر کاریگه‌رییه‌وه.
به گشتیی زۆربه‌ی ده‌روونناسان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه، باشترین ڕێگه ڕۆشتنه‌وه بۆ ناو که‌شی ئه‌و ڕووداوه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یە له‌گه‌ڵیدا یان به کورتی چوونه قوڕگی کاره‌ساته‌که و قبووڵکردنی ڕاستی و ناڕاستییه‌که‌ی، له قۆناغی ئێستەدا.
له‌م کڵاوڕۆژنه‌یه‌وه مەبەستی باسه‌که‌ی منیش زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه، واته مه‌به‌ستی من چوونه ناخی ئه‌و برین و ئازارانه‌یه که خۆمان دروستمان کردوون، به‌بێ ترسی ئه‌وه‌ی ئێمه چیمان کردووه و بۆ وامان کردووه؟.
سه‌ره‌تا ده‌بێ دیواری ترسه‌که خۆی بشکێت و هه‌ڵاتن له ڕووداوه‌که وه‌ک لادانێکی سایکۆلۆجی ئه‌نجام بدرێت، پاشان ئه‌وه ڕووی دا که‌سه‌که له پرۆسه‌یه‌کی خۆتیمارکه‌رانه‌دا له خۆی ده‌پرسێت بۆ ئه‌مه هاته ئاراوه؟ بۆ ئه‌وه‌م کرد؟ ئه‌م فەرمانه بۆ له‌لایه‌ن منه‌وه (حزب یان که‌س) ده‌رچوو؟ ئایا ده‌بێ چ بکه‌م بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی؟ ئاخۆ نابێت ئه‌خلاقێکی به‌رزی خۆڕه‌خنه‌یی و خۆشه‌رمه‌زارکردن له خۆمدا په‌ره پێبده‌م تا لانیکه‌م له به‌شێک له‌و خوێن و برینانه‌ی غه‌درم لێ کردوون، به‌شێکی بچووک له ترووسکایی لێبووردنم به‌ربکه‌وێت، لانیکه‌م له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌که‌یدا؟
ئه‌م پرسیارانه سه‌ره‌تای مه‌عریفه‌یه‌کی بنیاتنه‌ر ده‌بن، به‌ڵام ئاخۆ یه‌کێتی و ئه‌و به‌رپرسه‌ی فەرمانی ئه‌م ته‌قینه‌وه سامناکه‌ی دژی خه‌ڵکی سڤیلی کورد لە (زاخۆ) ده‌رکردبوو، به‌رەو ئه‌و ئاقاره هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه؟
ڕه‌نگه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بابه‌ته بکه‌وێته ناو بازنه‌ی سایکۆلۆجیای سیاسیی-مێژوویی. بێگومان نه‌ته‌وه‌سازیی ته‌نیا به‌رهه‌مهێنانی گوتاری دروشمئامێز و بابه‌تی ده‌رهه‌ست و خه‌یاڵی نییه، هەروەك ته‌نیا چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی و فه‌لسه‌فیش نییه، ئه‌مانه له پله‌ی خۆیاندا گرینگیی و ڕۆڵی مێژوویی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام له‌وە گرینگتر، به کرده‌وه ده‌رخستنی ئه‌و مانا و به‌هایانه‌یه له‌لایه‌ن که‌سانی سیاسی و چالاکه‌وه، تا له زه‌ینی گشتیی‌دا ببێت به کۆڵه‌که‌یه‌ک بۆ ڕه‌فتاری جوامێرانه و به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی.
ڕاستییەكەی شوناسسازیی و نه‌ته‌وه‌سازی، هێنده‌ی پێوه‌سته به گوتار و ناوه‌رۆکی گوتاره‌وه، دووئەوەندە پێوه‌سته به به‌کرداریکردنی ئه‌و گوتاره‌وه تا نه‌ته‌وه و جه‌ماوه‌ر بزانن باوه‌ڕ و ئیمان به‌و به‌ها و دیسپلینانه ڕاستییه‌که و کایه‌ی پێ ناکرێت.
ئێمه چ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و چ وه‌ک کۆمه‌ڵگە و چ وه‌ک ڕێکخراو و حزب و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ک، بۆ ده‌ربازبوون له دۆخی چه‌قبه‌ستوویی و دۆزێکی ناڕه‌وا که ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له سه‌پاندنیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا به‌شدار بوون، ده‌بێ ئه‌و ئه‌رکه ڕاپه‌ڕێنین که به‌ده‌ر نییه له جۆرێکیش له له‌خۆبردوویی. به داخه‌وه ئه‌م ڕه‌هه‌نده له مێژووی ئێمه‌دا زۆر زه‌ق و دیار نییه، ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ک له کاره‌کته‌ری تیپکاڵ و نموونه‌یی له هه‌مبه‌ر دۆخه سه‌خته‌کاندا بهێنمه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست به‌راوردکردن بێت، ئه‌وا ده‌بێ بێمه‌وه سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلوول و بارزانیی نه‌مر.
له کاتی شۆڕشی ئه‌یلوولدا بارزانیی نه‌مر هه‌موو کوردستانی له ژێر سێبه‌ری مه‌عنه‌ویی خۆیدا کۆ کرده‌وه، هه‌موو هه‌وڵێکی دا هه‌تا گوتاری ئازادی و ڕزگاریی کورد به کرده‌وه بگه‌یه‌نێته هه‌واره هێمنه‌کانی مێژوو، به‌ڵام پیلانی ده‌ره‌کی و نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بارزانیی نه‌مریان خسته دۆخێکه‌وه که بڕیارێکی مێژوویی ده‌ربکات، ئه‌ویش دانانی چه‌ک بوو که هه‌ندێ میژوونووس و نووسه‌ر و ڕۆشنبیر ڕه‌نگه هوشیارانه یان ناهوشیرانه یا به غه‌ره‌ز و مه‌ره‌زه‌وه به نسکۆ و شکست ناوی ببه‌ن، له حاڵێکدا لاپه‌ڕه‌کانی ژیان و خه‌باتی بارزانیی نه‌مر هه‌ڵده‌ی‌ته‌وه هه‌ر له‌و کاته‌ی که له ته‌مه‌نێکی منداڵییه‌وه له مووسڵ زیندانی ده‌کرێت، تا ڕۆشتن بۆ پشتگیریی له شۆڕشی شێخ مه‌حموود و دواتر پێکه‌وه‌نانی هێزیی سه‌ربازیی کۆماری کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات و کۆچه گه‌وره‌که به‌ره‌و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و دواتر هاتنه‌وه‌ی بۆ عێراق و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، هه‌موو سه‌روه‌ری و سه‌لماندنی ئیمان و باوه‌ڕ بووه به‌و ڕێگایه‌ی پێیدا هاتووه.
ئه‌و، ته‌نانه‌ت کاتیکیش بۆ تیماری نه‌خۆشییه‌که‌ی گه‌یشته ئه‌مه‌ریکا، له‌وێش وازی له پرسی کورد نه‌هێنا و بۆ گه‌یاندنی به گوێی دنیا و مرۆڤایەتیی، به تەندروستیی خراپ و نه‌خۆشیشه‌وه، خه‌می ده‌خوارد. بۆیه بڕیاردان له‌و پلانه نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییه دژی شۆڕشی کورد، ئه‌وپه‌ڕی له‌خۆبردوویی و حیکمه‌ت بوو، گیانی سه‌تان هه‌زار پێشمه‌رگه و خه‌ڵک و ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ی ڕزگار کرد.
بارزانی داهاتوویه‌کی دووری ده‌بینی و تێگه‌یشتبوو پرسی کورد له پله‌ی یه‌که‌مدا له ئاستی سیاسی‌دا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه نموونه‌ی ئه‌و ڕابه‌ره‌یه که ئه‌گه‌ر له گیڤارا سه‌رتر نه‌بێت، که‌متر نییه و هه‌موو ده‌رکه‌وته و کرده‌یه‌کی له‌ناو سیاقی مێژوویی خۆیدا ده‌خوێنرێته‌وه.
مه‌به‌ستم له گێرانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ی خه‌بات و ژیانی سیاسیی بارزانیی نه‌مر ئه‌وه بوو، بڵێم ئه‌وده‌م زۆر که‌س پێیان گه‌یاند که چه‌ک دانه‌نێت و دایبنێی وا ده‌بێت و وا له سه‌رت قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام چونكە چاره‌نووس و دواڕۆژی ڕزگاریی گه‌له‌که‌ی له‌وه‌دا ده‌بینییه‌وه، ئه‌و بڕیاره مێژووییه‌ی ده‌رکرد.
لێره‌دا بێگومان من مه‌به‌ست به‌راوردکردنی ڕووداو و لایه‌نه‌کان نییه، ته‌نیا که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رنموونه و تیپیکاڵم باس کردووه که له زه‌یندا کرده‌وه‌ی بووه به شتێکی جێگیر و نه‌مر. له‌ولایشەوە ئێمه هێزی وامان هه‌یه که به ڕۆله‌ی بچووکی پارتیی هه‌ژمار ده‌کرا و ده‌کرێت، که‌چی ده‌ست ده‌داته کوشتن له فۆرمی ته‌قاندنه‌وه و هه‌وڵی تیرۆریستی خه‌ڵکی کوردستاندا، وه‌ک ئه‌و نموونه‌یه‌ی زاخۆ که ساڵوه‌گه‌ڕی هاتووه‌ته‌وه و له میدیاکاندا که‌مترین ڕووماڵ ده‌کرێت و لایه‌نی بکه‌ریش خۆی لێ گێل کردووه و له‌ناو بازنه‌ی ئه‌و ترسه مێژووییه‌ی که ده‌یخواته‌وه، ئێستەیش گیری خواردووه، بۆیه تا هێزه سیاسییه‌کانی ئێمه به‌تایبه‌تی یه‌کێتی له‌و ڕووداوه ڕه‌شانه خۆی نه‌سڕێته‌وه و له‌گه‌ڵ به‌دواداهاتی هه‌ڵه و کرده‌وه‌کانیدا ڕووبه‌ڕوو نه‌بێته‌وه، ئێمه ناتوانین بڵێین ئاسۆیه‌کی ڕوون له به‌رده‌م هێزێکی ئاوادا هه‌یه.