بۆچی محەمەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لادرا؟

PM:08:20:14/11/2023 ‌
بەپێ بڕیاری دادگەی بە ناو دەستووری، ئەمڕۆ ئەندامیەتیی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە، ئەم بڕیارەی دادگەكە لەكاتێكدایە كە حەلبووسی زۆرترین دەنگی پێكهاتەی سووننەی لەگەڵدای، بێگومان ئەمە پێشهاتێكی زۆر مەترسیدارە و دەكرێ كاریگەریی زۆری لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق هەبێت، گومانیشی تیادا نییە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە فەرمانی ئێران و هێزە شیعەكان دەركراوە، بۆ ئەوەی گورزێكی گەورە لە هەموو ئەو كەس و هێزانە بدەن كە دژی ئەوان كاریان كردووە.

هەر لە سەرەتاوە دیار بوو ئێران و گرووپە شیعەكان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن و مەبەستیانە لە ناو سوننە كەسێك دەسەڵاتدار بێت كە ملكەچی بڕیار و سیاسەتەكانی ئێران بێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە حەلبووسی رۆڵێكی زۆری لە پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی و گەیشتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دەسەڵات هەبووە، ئەوەش دیسان دەری دەخات كە كورد و سوننە چ هەڵەیەكی گەوەریان كرد كە چوونە پاڵ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەر بە ئێران بۆ پێكهێنانی ئەم حكوومەتەی كە ئێستە لە دژیان بەكار دێت و تا ئێستەش تەنانەت یەك خاڵ لەو بەرنامەیەی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە جێبەجێ نەكراوە، ئەم هەنگاوەش تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر سوننە، بەڵكو مەترسی رژدی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەیە.

لێرەدا لەوانەیە پرسیاری ئەوە بكرێت كە ئاخۆ بۆچی هێزە شیعەكان لەم ساتەدا ئەم بڕیارەیان دەركرد، راستییەكەی زۆر هۆكار و فاكتەر هەن بۆ دەركردنی ئەم بڕیارە، بە تایبەتی لەم كاتەدا لەوانە:

1-  ئێران و میلیشیاكان تەنگژەی غەزە وەك دەرفەتێكی زێڕین بەكاردێنن بۆ لێدان لە نەیارەكانیان لە عێراق، لەبەر ئەوەی ئێستە زۆرینەی فۆكسی دنیا و هەرێمی لەسەر كەرتی غەزەیە و كەس ئاگەداری عێراق یان پرۆسەی سیاسی لە عێراق نەماوە، بۆیە ئێران و هێزە پرۆكسییەكان ئەمە بە دەرفەت دەزانن بۆ پاكتاوكردنی نەیارەكانیان.

2- شەڕی فەڵەستین و ئیسرائیل وای كردووە ئەمەریكا زیاتر چاوی لە سەر ئەم شەڕە بێت و هەوڵ دەدات بازنەی شەڕەكە فراوان نەبێت، بۆیە ئێستە ئەمەریكا سەرنجی زۆری لەسەر سیاسەتی هێزە شیعەكان لە عێراق نەماوە، تەنانەت ئێستە ئەمەریكا لە عێراق و سووریا لە ژێر گوشاری میلیشیاكاندایە، بۆیە دیسان ئەمە دەرفەتە بۆ هێزە شیعەكان بۆ ئەوەی لە نەیارەكانیان بدەن، بە تایبەتی لەوە دڵنیان كە ئێستە وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریكا زۆر گرنگی بە بابەتی پێكهاتەی سوننە یان لادانی حەلبووسی نادەن. هەر بۆ زانین ماوەیەك پێش ئیستە فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقیشیان لەسەر كار لادا، كە كەسێكی نزیك لە ئەمەریكا بوو.

3- هێزە شیعەكان و ئێران  لەبیریان ناچێت كە لە دوای هەڵبژاردنی 2021، حەلبووسی لەگەڵ پارتی و سەدر هاوپەیمانیەتی دروست كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە لە رێگەی دادگەوە تۆڵەی خۆیان لێ كردەوە، بێگومان بڕیاری دادگەكەش چاوترساندنە بۆ هەر هێزێك كە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجیندای ئێران كار بكات.

4- هێزە شیعەكان زۆر مەبەستیانە بەدیلێكی نزێك لە ئێران لە ناو پێكهاتەی سوننە بدۆزنەوە، كە بۆ ئێستە و داهاتوو بتوانێت جێگەی حەلبووسی بگرێتەوە، كە دیارە زیاتر لە ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبییەوە نزیكە، كەواتە ئێران مەبەستیەتی لەوە دڵنیا بێتەوە كە  زۆربەری ئەوانەی لە ناو پێكهاتەی سوننە بەهێزن، سەر بە خۆی بێت نەك لایەنێكی تر، ئێستە ئەم سیاسەتە لە ناو هەرێمیش زۆر بە وردی پراكتیزە دەكرێت.

5- ئێران و هاوپەیمانەكانی زۆر مەبەستیانە پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردەن گورزێكی گەورە لە حەلبووسی و هاوپەیمانەكانی بدەن، بۆ ئەوەی كەمترین دەنگ لە ناو پێكهاتەی سوننە بە دەست بێنن.

6- بۆ لایەنە شیعەكان و ئێران زۆر گرنگە هیچ هێزێك یان كەسایەتییەكی كاریگەر لە ناو پێكهاتەی سوننە دروست نەبێت، بە شێوەیەك بتوانێت پێگە و هێز بداتە پێكهاتەكە لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵكو ئێران زیاتر هەوڵ دەدات كورد و سوننە زیاتر پەرشوبڵاو و پەرتەوازە بن، بۆ ئەوەی بتوانێت سیاسەت و ئەجینداكانی لە عێراق بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات.