میدیاكانى ڕ‌ژێمى به‌شار ئه‌سه‌د بڵاویان كردووه‌ته‌وه، توركیا هه‌وڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ڕۆژئاواى كوردستانى چڕكردووه‌ته‌وه و نزیكه‌ى هه‌زار و 500 خێزانى ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى سووریاى هێناوه‌ته سه‌رێ كانى.
رۆژنامه‌ى
وه‌ته‌ن و ئاژانسى ساناى سووری كه هه‌ردووكیان سه‌ر به رژێمى به‌شار ئه‌سه‌دن، ئه‌مڕۆ سێشه‌م 21ى كانوونى دووه‌م هه‌ندێك زانیاری‌یان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى توركیا بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى رۆژئاواى كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه.
توركیا هه‌زار و 500 خێزانى ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى هێناوه‌ته سه‌رێ كانى
له هه‌واڵێكى ئاژانسى سانا هاتووه، "توركیا هه‌زار و 500 خێزانى چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانى خۆى هێناوه و له گه‌ڕه‌كى خه‌رابات و حیوارنه له سه‌رێ كانى نیشته‌جێى كردوون".
سانا ئه‌و چه‌كداره توندڕه‌وانه‌ى سه‌ر به توركیا به "تیرۆریست" ناو ده‌بات و ده‌ڵێ: گواستنه‌وه‌ى ئه‌و خێزانانه ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى له‌لایه‌ن خه‌ڵكى سه‌رێ كانى دروست كردووه.
رۆژنامه‌ى وه‌ته‌نى سووریش سه‌ره‌ڕاى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌مان زانیارى، باسى له‌وه‌یش كردووه له گرێ سپى هێزه‌كانى سه‌ر به توركیا ده‌ستیان به گرتنى خه‌ڵكى شاره‌كه كردووه و هه‌ڵمه‌تى به تورككردن و گۆڕینى دیمۆگرافی له چه‌ندان ناوچه‌ى تر‌ى سه‌ر به حه‌سه‌كه به‌رده‌وامه.
به بیانووى دانانى ناوچه‌ى ئارام له مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، هێزه‌كانى توركیا به هاوكاریی چه‌كدارانى ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى سووریا هێرشیان كرده سه‌ر رۆژئاواى كوردستان. دواتر به دوو رێككه‌وتنى جیا له‌گه‌ڵ رووسیا و ئه‌مه‌ریكا توركیا هێرشه‌كه‌ى وه‌ستاند، به‌ڵام رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه هێزه‌كانى سه‌ر به توركیا له پێشیلكارییه‌كانى خۆیان له ناوچه‌كه به‌رده‌وامن.