لە بەرەبەیانی دوێنێوە جموجۆڵی ناڕەزایەتی خۆپێشاندانەكان بۆ گوشارخستنە سەر حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق زیادی كردووە، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی وادەی ناسڕییە و بوونی زانیاری بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی لەلایەن سەرۆكی عێراقەوە، كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق بەفەرمی ژمارەی قوربانی و گیراوانی لەو ماوەیە بڵاو كردەوە.
لە ماوەی دوو رۆژدا 10 خۆپێشاندەر كوژراون و 115 بریندارن و 88یان گیراون
كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە لە بەرەبەیانی دوێنێوە تا ئێستە لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوو و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی بەریەككەوتنی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكانەوە ژمارەی قوربانیان زیادی كردووە.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە بەغدا چوار كوژراو و 85 بریندار هەن و 36 خۆپێشاندەریش گیراون، لە دیالە خۆپێشاندەرێك كوژراوە و سێش بریندارن لە بەسڕە سێ خۆپێشاندەر كوژراون و یەكیكشیان بریندارە، جگە لە برینداربوونی 24 كارمەندی تەناهی و گرتنی 22 خۆپێشاندەر، لە زیقاڕ هەشت خۆپێشاندەر بریندارن و لە كەربەلا دوو كوژراو و 18 بریندار و 30 گیراو لەریزی خۆپێشاندەران هەیە.
ئەمڕۆ سێشەم عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند، ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەكان لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو بریتییە لە شەش كوژراو كە چواریان لە بەغدا و یەكێكیان لە زیقاڕ و ئەوەی تریان لە بەسڕە بووە، ئەوە جیا لە دەیان بریندار كە 16یان كارمەندی تەناهین.
زیاتر گوتی، كۆمسیۆنەكە بەوردی چاودێریی دۆخی خۆپێشاندانەكان لە عێراق دەكات لەرێگەی تیمەكانییەوە، ئەگەرچی هیچ ئامارێكی فەرمیمان لە نەخۆشخانەكانی پارێزگاكان بەدەست نەگەیشتووە كە بەهۆی فراوانی رووبەری خۆپێشاندانەكان كارێكی سەختە.