بەهۆی گوشارەكانی بەغدا باری ژیانی لاوانی كوردستان قورستر بووە

:: PM:03:29:12/08/2020 ‌
رۆژی 12ی ئابی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی لاوان دیاری كراوە، ساڵانێكە لاوانی كوردستان باجی قورسی سیاسەتی شۆڤێنیستانەی حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەدەن. بڕینی مووچە و گوشارە داراییەكان زۆرترین كاریگەریی بۆ سەر لاوان و گەنجان هەبووە و هەلێكی ئەوتۆی كاریان بۆ نەڕەخساوە.
 
ئارام عەدنان بەرپرسی ناوەندی باڵای گەرمیانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە"  گوتی، گومانی تێدا نییە كە ئەمساڵ پەتای كۆرۆنا چالاكییەكانی رژی جیهانیی لاوانی راگرتووە و بەو هۆیەوە ئەمساڵ هیچ چالاكییەك ئەنجام نادرێت.
هەلی دامەزراندن و هەلی كار بۆ لاوانی هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوە
 
ئەو دەڵێت "بەداخەوە بەهۆی بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن بەغداوە، هەلی دامەزراندن و هەلی كار بۆ لاوانی هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوە و گوشارێكی زۆر خراوەتە سەر لاوانی كوردستان".

 ئارام عەدنان بە پێویستی دەزانێت رێكخراوەكانی تایبەت بە لاوان لە هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا پڕۆژەی هاوبەشیان بۆ خزمەتكردنی گەنجان هەبێت و ئەوانیش وەك خۆیان ئامادەن لەگەڵ هەموو رێكخراوەكان كار بكەن.
 
 لە لایەكی ترەوە كارزان فوئاد توێژەرێكی كۆمەڵایەتی لەگەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، توێژی لاوان جیاواز لە بەساڵاچوو یان منداڵان بەهۆكاری ئەوەی لە بەردەم پێكەوەنانی خێزان و بەڕێوەبردنی ژیاندان، زیاتر پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە، بەڵام ساڵانێكە ئەم توێژە باجی سەختی بێ مووچەیی و بێكاری دەدەن و سزاكانی عێراق ئەم توێژەی هاڕیوە.
 
سەرباری سزاكانی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرێی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پڕۆژەی قەرزی بچووكی هەیە بۆ لاوان كە لەو رێیەوە لاوان تا ئاستێك توانیویانە باری سەختی سەرشانیان سووك بكەن.
 
لە كۆنگرەیەكدا بە بەشداریی بەرپرسانی وەزارەتەكانی لاوان لە سەرانسەری دنیا و لە ساڵی 1998دا لە لیشبۆنە، 12ی ئاب وەك رۆژی جیهانیی لاوان دەستنیشان كرا.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - سلێمان تاشان