داوا دەكرێت دەسەڵات بە حكوومەتی كاربەڕێكەر بدرێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات

:: PM:09:14:11/01/2020 ‌
داوا دەكرێت سێ دەسەڵات بە حكوومەتی كاربەڕێكەر بدرێت، یەكێك لەوانە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەیە. پەرلەمانتارێكی كوردستانی دەڵێ، بە فەرمی ئەو داواكارییە نەكراوە، ئەگەریش بكرێت پشتگیری لێ دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، هەندێك لایەن پێشنیاری ئەوەیان كردووە كە دەسەڵاتی ئەوە بە حكوومەتی كاربەڕێكەر بدرێت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

بەپێی ئەو داواكارییەی كراوە، سێ دەسەڵات بە حكوومەت دەدرێت كە یەكێكیان پێوەندارە بە رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان، ئەوەی دووەمیش رێككەوتننامەكەی حكوومەت لەگەڵ چین، هەروەها چالاكردنی ئەنجوومەنی خزمەتی فیدڕاڵی.

ناسڕ هەركی پەرلەمانتاری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمانی لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا ئەو پرسەی وروژاند، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەو داواكارییە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكراوە.

داوا دەكرێت دەسەڵات بە حكوومەتی كاربەڕێكەر بدرێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات


لای خۆیەوە فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری لیژنەی كاروباری پەرلەمان دووپات لەوە دەكاتەوە كە بە فەرمی ئەو داواكارییە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە.

ناسڕ هەركی زیاتر روونی كردەوە، ئەگەر بە فەرمی ئەو داواكارییە بكەن بەتایبەت لە پرسی رەوانەكردنی بودجەی 2020ـی عێراق، وەك لایەنە كوردستانییەكان پشتگیری لێدەكەین بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر بودجە رێككەوتنیان هەیە كە ئەمەش راستەوخۆ پێوەندارە بە ژیانی خەڵك.

 جێی باسە ئەگەرچی بودجەی عێراق پێش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر، رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام بەهۆی دەست لەكاركێشانەوەی ناردنی پڕۆژەكە لە دەسەڵاتی حكوومەتی كاربەڕێكەر نییە بۆ پەرلەمان.



وشە - فه‌رمان سادق