بەرگری لەش بەمشێوەیە رووبەڕووی كۆرۆنا دەبێتەوە

:: PM:02:29:19/03/2020 ‌

لەگەڵ دواكەوتنی دۆزینەوەی چارەسەرییەكی بنبڕٍی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پزیشك و توێژەران گرەو لەسەر توانای لەش و سیستمی بەرگرییەكەی دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە بە هاوشێوەی هەر ڤایرۆس و بەكتریا و مشەخورێكی تر. 
گرنگە لە سەرەتای دەركەوتنی نیشانەكان فریای خۆت بكەوی
توێژینەوەیەكی نوێی ئوسترالی گەیشتە ئەو رێگەیەی سیستمی بەرگری لەش لە دژی كۆرۆنا كاری پێ دەكات و رای گەیاند، ئەو سیستمە توانای لەناوبردنی ڤایرۆسەكەی هەیە، بە هەمان رێگەی كاركردنی بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئینفلەوەنزای ئاسایی.

توێژەران لە پەیمانگەی "پیتەر دوهرتی"، بۆ نەخۆشی و بەرگری لە ملبۆڕن، توانیان چەند جۆرێكی خانەی بەرگری دیاری بكەن توانای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان هەیە، ئەوەیش لە رێگەی چارەسەركردنی نەخۆشێكی ژن كە لە ووهانی چینییە بۆ ئوسترالیا هاتبوو و بە سووكی نیشانەكانی نەخۆشییەكەی هەبوو، كاتێك توێژەران بەر لە چاكبوونەوەی بە سێ رۆژ، تێبینی دەركەوتنی جۆرە خانەیەكی بەرگری لەشیان لە خوێنی نەخۆشەكە كرد.  

توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو جۆرە خانانە لە كاتی تووشبوون بە ئینفلەوەنزای ئاسایی دەردەكەون و لە هەمان قۆناغەكانی تووشبووندا، ئەوەیش دووپاتی دەكاتەوە بەوەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەی نیشانەی توندیان نییە، بە هەمان شێوەی تووشبووان بە ئینفلەوەنزای ئاسایی چاك دەبنەوە.

وەك شارەزایان دەڵێن، دۆزینەوەی جۆری خانەكانی بەرگری لەش دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، رەنگە یاریدەر بێت بۆ پەرەپێدانی پێكوتەیەك لە دژی ڤایرۆسەكە و زانینی قۆناغەكانی پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەوە دۆزینەوەیەكی راستەقینەی زانستییە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل