كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لە كوردستان لە كاركردن بەردەوامن

:: PM:08:39:19/03/2020 ‌
راوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە رای گەیاند، كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەردەوامن لە كاری خۆیان و هیچ كۆمپانیایەك لە كاری خۆی نەوەستاوە.

لە هەرێمی كوردستان تائێستە هیچ كۆمپانیایەك بەرهەم هێنانی نەوتی رانەگرتووە
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، د.بێوار خنسی ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە بۆ "وشە"  گوتی، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە دنیا كۆمپانیاكانی بواری نەوت زیانی زۆریان بەردەكەوێت، چونكە لە هەر وڵاتێك تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت لە 30 دۆلار دەست پێ دەكات لە هەندێك شوێن دەگاتە 60دۆلار، بۆیە زۆرێك لە كۆمپانیاكان زیانی زۆریان بەردەكەوێت و ناچارن كاری خۆیان لەبەرهەم هێنان نەوت رابگرن.

ڕوونیشی كردەوە كە لە هەرێمی كوردستان تائێستە هیچ كۆمپانیایەك بەرهەم هێنانی نەوتی رانەگرتووە و بەردەوامیشن لەكاری خۆیان، چونكە لە هەرێمی كوردستان لەچاو وڵاتان كەمترین تێچوو لەبەرهەم هێنانی نەوت هەیە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ژمارەیەك كۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتان كارەكانیان راگرتووە بەتایبەت بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم