بەر لە هێرشەكەی ئیسرائیل ئێران پەیامێكی توند بە ئەمەریكا دەدات

:: PM:07:55:18/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل لە دیمەشق تەلارێكی سەر بە كونسوڵگەی ئێرانی خاپوور كرد و سێ فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی كوشت، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئێران وەڵامی دایەوە و زیاتر لە 300 درۆن و مووشەكی لە خاكەكەیەوە ئاراستەی ئیسرائیل كرد، ئێستەش بەر لە هەر وەڵامدانەوەیەكی ئیسرائیل پەیامێك ئاراستەی واشنتن دەكات.

چاودێران پێیان وایە سەرەڕای نەیاری و سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران، ئیدارەی جۆ بایدن و دیموكراتەكان تا ئاستێك چاوپۆشی و دەستسووكی لەگەڵ ئێران دەكەن، لەوانە هەوڵی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی كە كۆمارییەكان لێی كشانەوە، هەروەها رێگەدان بە ئێران بە فرۆشتنی نەوتەكەی و هیتریش، لە بەرانبەردا ئێران هەوڵی داوە ئیدارەی بایدن شەرمەزار نەبێت و نەكەوێتە ژێر گوشاری ناوخۆیی و كۆمارییەكان لە ئەمەریكا، بۆ ئەوەی كۆمارییەكان لە كۆشكی سپی نەگەڕێنەوە دەسەڵات.

چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كرد كە دوای هێرشەكەی بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئەگەری وەڵامدانەوەی لەلایەن تەلئەبیبەوە، تاران لە رۆژانی دوایی و لە رێگەی وڵاتانی میانگیر پەیامێكی نوێی ئاراستەی ئیدارەی ئەمەریكا كردووە، لەو بابەتانەی دووپاتی لەسەر كردووەتەوە، ئەگەر ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكاتە ئامانج، چاو بە سڕكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەخشێنێتەوە.

سەرچاوەكان دەڵێن، لە ماوەی سێ رۆژی دواییدا تاران بە زمانێكی توندتر لە پێشوو پەیامێكی ئاراستەی واشنتن كردووە و رای گەیاندووە كە نایەوێ دۆخەكە زیاتر پەرە بستێنێت و ئەوە لە بەرنامەیدا نییە، بابەتی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی دیمەشقیش لێرە كۆتایی هاتووە، بەڵام وریایی لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكەی داوە و دووپاتی كردووەتەوە ئەگەر ئیسرائیل هەڕەشەكانی جێبەجێ بكات و هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە ناوچەكە یان ناو خاكی ئێران، وەڵامێكی هاوشێوەیان دەبێت و رەنگە دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت. 

سەرچاوەكان ئەوەشیان ئاشكرا كرد كە تاران لە پەیامەكەیدا ئەمەریكا و ئەروپای لە توندكردنی زیاتری سزاكانی سەری وریا كردووەتەوە، بەوەی هەنگاوەكانی بەرەو بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زیاتر پیتێنراو و پەرەپێدانی هەنگاوە ئەتۆمییەكانی زیاتر دەكات، بۆیە ئیدارەی ئەمەریكا لە هەر هێرشێكی نوێ ئیسرائیل بەرپرسیارە و تاران واشنتن بە هاوبەشی هەر هێرشێكی ئیسرائیل لە قەڵەم دەدات و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل