چۆن سەرۆکی دادگای فیدراڵی ڕووبەڕووی یاسا بکەینەوە

AM:11:58:18/04/2024 ‌
(مشتومڕێکی درەنگ وەخت)

پێشەکی پووخت:
لە ماوەی نووسینەوەی دەستووردا، پاش دەنگدان و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستەیش مشتومڕ لەبارەی جێبەجێکردن و پیادەکردنی دەستوور لە لایەک و هەموارکردنەوەی لە لایەکی دیکەوە، هەیە. 

لێرەدا بە کورتی سەرنج دەخەینە سەر خاڵێک کە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکان، ئەویش دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی «یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری» لەسەر بنەمای «نەتەوە-مەزەوی». ڕەنگە شتێکی ئاسایی بێت دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن لەسەر بنەمای «نەتەوە-مەزەوی» دابڕێژرێت، بەڵام دابەشکردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و لەوانە دادگای فیدراڵی، لەسەر بنەمای «نەتەوە-مەزەو» کێشەی  یاسایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 

هەڵبەت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بیرکردنەوە لە دابەشکاری و کۆنترۆڵکردنی داودەزگاکان، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی «متمانە»ی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگەی عێراقی (شیعە -کورد- سوننە). هەر ئەم نەبوونی متمانەیە وایکردووە بیر لە دابەشکردن و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەیەکی گرنگی وەک دادگای فیدراڵی بکرێتەوە.

یەکێک لەو ڕەخنانەی هەیە، ئەوەیە کە دادوەرانی دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای توانا، ئەزموون و شارەزایی دانەمەزراون، بەڵکوو لەسەر بنەمای (نەتەو-مەزەو) بووە. ئەمەیش بمانەوێ یان نەمانەوێت، ڕەنگە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکاتە سەر بڕیارەکانی دادگا. 

لێرەدا ناگەڕێینەوە سەر وردەکاری ئەو مەسەلانە، بەڵکوو هەوڵ دەدەین مەسەلەی سەربەخۆیی و نا سەربەخۆیی دادگاكە، بخەینە ژێر پرسیارەوە. 

 پرسیار لەبارەی " تهدید- هەڕەشە"
خستنەڕووی مشتومڕی ڕووبەڕووکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر یاسا، دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی بانگەشەکردنی ئەو هەڕەشەیەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە خرایە ڕوو. ئەوەبوو مانگی رابردوو پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بە ناوی "مەشعان جبووری" لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە لەلایەن سەرۆکی دادگای فیدراڵییەوە «تەهدید-هەڕەشە»ی لێ کراوە. 

پاش ئەوەی دادگای فیدراڵی بە بەیانێک ئەوەی ڕاگەیاند کە دادگاکە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە. ئەوەبوو هەم ئەو ئەندام پەرلەمانە و هەم دادگای فیدراڵی بێ دەنگیان لەو  تۆمەتبارکردنە هەڵبژارد. بەڵام لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە دەچێتە خانەی «گوتەی ڕۆشن بۆ تۆمەتبار»کردن. چونکە تەهدید-هەڕەشە لە یاسایی سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراودا، لە مادەکانی ٤٣٠-٤٣١-٤٣٢ خراوەتە ڕوو . 

ئایا ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی لە سەرووی یاساوەن؟
ئایا دەتوانین دادوەرانی دادگای فیدراڵی ڕووبەڕووی دادگا/یاسا بکەینەوە؟ بۆچی و چۆن ئەم  ڕێوشوێنانە دەگیرێنە بەر؟.
ڕەنگە بەشێک لە خەڵکی وا تێبگەن لەبەرئەوەی بڕیارەکانی دادگا "یەکلاکەرەوەن و شایەنی تانەدان نین" ئیتر دادوەرانی دادگاکەیش لە سەروو یاساوەن. ڕاستییەكەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە، بەگوێرەی دەستووری عێراق، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە. هەر لەبەرئەوە دادوەرانیش وەک هەر هاونیشتمانییەکی ترت و لە سەرووی یاساوە نیین. (ڕاستە وەک هەندێک لە لایەنەکانی ناو کۆمەڵگە پارێزبەنیدییان هەیە و پێویستی بە ڕێوشوێنی تایبەت هەیە بۆ ڕووبەڕووکردنەوەیان بەرامبەر یاسا)، بەڵام لە سەرووی یاساوە نین.

کەواتە ئەگەر هەر کەسێک لە هەر ئاستێکدا بێت، لە سەروو یاساوە نەبێت، کاتێک بانگەشەیەکی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە سەبارەت بە کارێک" بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە لەناو بواری خزمەتی گشتییدا بێت و لەوەیش گرنگتر، لە خزمەتی دادوەریدا بێت" لە سەروو یاساوە نییە، چونکە ئەوانە خۆیان پارێزەر و پیادەکەری یاسان.

چۆن بە شوێن ڕاستی ئەو مەسەلەدا بڕۆین؟
شتێکی هەرە گرنگ کە وەک نموونە دەتوانین بۆ سەربەخۆیی و ناسەربەخۆیی دادگاکان وەریبگرین، یەکلاکردنەوەی بابەتی ئەو هەڕەشەیە کە ئەو پەرلەمانتارە بانگەشەی بۆ دەکات. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لە یاسای سزادانی عێراقیدا مادەکانی ٤٣٠-٤٣١-٤٣٢ ئاماژە بە "تهدید-هەڕەشە" کراوە و لە مادەی ٤٣٢دا بە ڕوونی ئەو حاڵەتە خراوەتە ڕوو.

لە مادەکەدا هاتووە "هەر کەسێک هەڕەشە لە کەسێکی تر بکات بە گوتراو، یان بە کردەوە یان بە ئاماژەیی نووسراو یاخۆ بەهۆی کەسێکی ترەوە، جگە لە حاڵەتەکانی مادەکانی ٤٣٩ و ٤٣١، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بە مەرجێك لە ساڵێک زیاتر نەبێت یان بە پێ بژاردن (غەرامە) کە زیاتر نەبێت لە هەزار دینار.

سەبارەت بەو  مەسەلە هەندێک پرسیار دەخەینە ڕوو
- بۆچی دادگای فیدراڵی و سەرۆکی دادگاكە سکاڵای یاساییان بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی ئەو بانگەشەیە، تۆمار نەکرد؟

- بۆچی لە کاتی خۆیدا ئەو پەرلەمانتارە داوای ڕوونکردنەوەی نەداوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە لێی کراوە یان بۆچی پەنای نەبردووەتە بەر یاسا و سکاڵا تۆمار بکات؟
 ئەگەر لایەنەکانی ئەو مەسەلەیە نایەنەوێت ڕاستی ئەو "هەڕەشە" بسەلمێنن، ئەوە ناکاتە ئەوەی هاونیشتمانیان داوای ڕاستی و دروستی ئەو بانگەشەیە نەکەن، چونکە ئەو پرسە لە نێوان دوو کەسایەتیدا ڕووی داوە کە یەکێکیان نوێنەرایەتی خەڵکی کردووە و ئەویتریشیان سەرۆکی یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە یاساییەکانی وڵات و  بە پارێزەری دەستوور دادەنرێت. 

لەبەرئەوە بێدەنگی لەو "هەڕەشە"، ناکاتە ئەوەی ئەو مەسەلە بەتەواوی پشتگوێ بخرێت و بەسەر پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و یاساناسان و خەڵکیدا تێپەڕێت، لەپێناو سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگای فیدڕاڵی، پێویستە مەسەلەی "هەڕەشە"کە یەکلا بکرێتەوە 

ڕێوشوێنەکان
ئەگەر لایەنەکان بەردەوام بێدەنگیان هەڵبژارد، دەتوانین بەو هەنگاوانەی خوارەوە بۆ سەلماندنی ڕاستی و ناڕاستی ئەو تۆمەتە، لایەنەکان ناچار بکرێن کە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لە بەردەم دادگا  ئامادەبن.

١. پەرلەمانی عێراق دەتوانێ بانگهێشتی ئەو ئەندامەی پێشووی خۆی بکاتەوە بۆ پرسیارکردن لەبارەی ڕاستی و ناڕاستی ئەو هەڕەشەیە.
٢- پەنابردنی لایەکان بۆ دادگای تایبەتمەند بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مەسەلە. (ئەمەیش پاش ئەنجامدانی ڕێوشوێنەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندی دەبێت).
 ئەگەر هاتوو ئەو سێ قۆناغەیش ئەنجام نەدرا، ڕێوشوێنی دیکە چین بۆ گەیشتن بە ڕاستی؟

داواکاری گشتیی دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات لەسەر ئەو پەرلەمانتارە بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی ئەو بانگەشەیەی کردوویەتی كە گوایە سەرۆکی دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لێ کردووە. ئەگەر هاتوو داواکاری گشتیی خۆی بەم ئەرکە هەڵنەسا، ئەوا هەر هاووڵاتییەک دەتوانێ وەک هەواڵدەر داواکاری گشتیی ئاگەدار بکاتەوە بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە و سەلماندنی ڕاستی و دروستی بانگەشەکانی.

دەرەنجام
ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە ورد بینەوە لەو هەڕەشەیە، ئەوا پێویستە یەکێک لە لایەکانی ئەو مەسەلەیە لەسەر حەق نەبن. بێگومان گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی سەبارەت بەو هەڕەشەیە، دەرەنجامی یاسای سەرەتایی و کۆتایی دەبێت.
 ١. سەبارەت بە دەرئەنجامە سەرەتاییەکان 
- وەستاندنی ئەرکەکانی سەرۆکی دادگا تا یەکلابوونەوەی کێشەکە.
٢. دەرئەنجامی پاش بڕیاری دادگا
١. ئەگەر دەرکەوت ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە درۆیە و تەنیا بۆ شکاندنی دادگای فیدراڵی خستوویەتیە ڕوو، ئەوا ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبێتەوە بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی.

٢. ئەگەر هاتوو بۆ  دادگا سەلما کە سەرۆکی دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لەو ئەندامەی پەرلەمان کردووە، بێگومان سەرۆکی دادگای فیدراڵی ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، بەگوێرەی  ئەو مادە یاساییەی کە پێشتر خستمانە ڕوو.

هەروەها بەگوێرەی ڕای دادگا، ڕەنگە بڕیارەکەی دادگای تایبەتمەند کاریگەریی بکاتە سەر ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی لەو ماوەیەدا (لە سەردەمی هەڕەشەکەوە تا یەکلاکردنەوەی)، دەریکردوون. ئەمەیش لەبەر ناسەربەخۆیی دادگاکە.

تێبینیەکان
لەو شوێنەدا کە وشەی دادگا بەکار هاتووە، مەبەستمان دادگای فیدراڵییە و لەو شوێنەیش کە سەرۆکی دادگا هاتووە، مەبەستمان سەرۆکی دادگای فیدراڵیە.
سەبارەت بە ئەندام پەرلەمان مەشعان جبووری، لە ڕابردوودا قسەوباسی زۆر و جیاوازی لەسەر کراوە، سەبارەت بە ڕۆڵی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووردا، ئێمە لێرەدا وەک ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق خستوومانەتە ڕوو.


پەراوێزەکان:
١- یاسای‌ ژماره‌ 30ی ساڵی‌ 2005ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵ، له‌ ژماره ‌3996ی‌ رۆژی 17/3/2005ی‌ وه‌قائیعی‌ عێراقیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
٢- په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق له ‌ژماره‌ 3997 كە رۆژی 2/5/2005 لە وه‌قائیعی‌ عێراقیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
٣- ده‌ستووری‌ عێراق.
٤. یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو.