هیلال ئیبراهیم
بۆچى ته‌نیا شاخه‌كان دۆستمانن؟
له‌م بارودۆخه‌ى هه‌موومان تێیدا ده‌ژین، شاهیدى بۆ مێژوو ده‌ده‌ین كه له‌ناو دۆخى هاوشێوه‌ى ده‌یان ساڵ پێش ئێسته‌داین. دۆخێكى نوێ نییه بۆ ئێمه‌ى كورد، هه‌موو ئه‌گه‌رێك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له هه‌موو كات و شوێنێك ئاماده‌یه. ڕاهاتووین وه‌ك فڕینێكى نوێ به‌سه‌ر دنیادا ته‌ماشاى ئه‌م دۆخه‌یشمان بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌و هێرشه مێژوویییه كه سه‌تان ساڵه ده‌كرێته سه‌رمان، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخانه‌دا ژیاوین و ده‌ژین.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و دۆخه ڕۆژ دواى ڕۆژ نزیك ده‌بینه‌وه له وازهێنان له هه‌سته ده‌ره‌كییه‌كانمان و ڕووكردنه دڵه یاخییه‌كه‌مان، ئه‌و دڵه یاخییه‌ى مێژووه‌كه‌ى سه‌تان ساڵه ئه‌و هه‌ستانه‌ى كه پێوه‌ندى به دنیاى ده‌ره‌وه‌ى بوونه‌وه‌ره‌وه هه‌یه. كورد مێژوویه‌كه سه‌رقاڵه به وازهێنانیان، ئه‌و ته‌نیا دڵى كار ده‌كات، ته‌نیا به دڵ له‌م دنیایه ده‌ژى.
ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه مێژوویییه له سه‌ركوتكردن و سڕینه‌وه و له‌ناوبردنى كولتوورى و جه‌سته‌ى واى له كورد كردووه بۆ پاراستنى بوون و مانه‌وه‌ى به‌ته‌واوى هه‌سته ده‌ره‌كییه‌كانى فه‌رامۆش بكات، هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته واى كردووه شاخه‌كان بكات به ئۆمێد و په‌ناگه و دۆستى هه‌میشه‌یى.
ئه‌وه‌ى ئێسته ده‌یبینین و ده‌یبیستین، سه‌تان ساڵه كورد له‌ناو هه‌مان پڕوپاگه‌نده و هه‌مان هه‌وڵى كرداریی سه‌ركوتكردن ده‌ژى (به‌كورتى له‌ناو هه‌مان دنیاى پێشووه) به پێچه‌وانه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌وه كه پێیان وایه كورد عاتیفییه یان ده‌ڵێن دنیا نابینێت، یان پێمان ده‌ڵێن له‌ناو خۆتاندا ناكۆكن. ئه‌و تێڕوانینانه هه‌موویان ده‌چنه خانه‌ى (ئه‌و دنیایه‌ى كه بۆ كورد دروست كراوه- ئه‌و دنیایه هێزى خۆى له پڕوپاگه‌نده‌وه وه‌رده‌گرێت یان هێزى خۆیان له بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناشیرینیانه‌وه وه‌رده‌گرن كه به‌رده‌وام دروست ده‌كرێن). بۆ نموونه زۆر ده‌ڵێن كورد عاتیفییه و باوه‌ڕ به هه‌موو كه‌س و لایه‌ن و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێك ده‌كات، ده‌ستى دۆستایه‌تى بۆ هه‌موو كه‌سێك و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێك درێژ ده‌كات.
له ڕاستیدا كورد هه‌سته‌وه‌ره نه‌ك عاتیفى، هه‌سته‌وه‌ره له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ دۆستایه‌تى درێژ ده‌كات. ئه‌مه‌ش له بێباوه‌ڕی و مه‌ترسییه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌لانى دنیا نه‌ك له باوه‌ڕ و دڵنیایى. له هه‌سته‌وه‌رییه‌وه‌یه نه‌ك له عاتیفه. بۆ دداننان به ماف و بوون له به‌رانبه‌ر كورد و نه‌ته‌وه هاوشێوه‌كانى له‌و باوه‌ڕه‌دام مرۆڤایه‌تى دۆخى مرۆڤى چاخه‌كانى كۆنى تێنه‌په‌ڕاندووه، دۆزى كورد به‌ڵگه‌ى ئه‌و دۆخه‌یه كه مرۆڤایه‌تى له ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ى دداننان به ماف و مافى چاره‌نووسى گه‌لاندایه.
ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان پێیان وایه "ژیان و دنیا" به‌رده‌وامى له‌وانه‌وه وه‌رده‌گرن كه پێیان وایه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن مرۆڤایه‌تى له‌ناو ده‌چێت، ئه‌وان له‌ناو بیركردنه‌وه له "هێز" مه‌ست بوون، مه‌ستییه‌ك له مه‌ستی چاخه‌كانى به‌ردین ده‌چێ، ئه‌وان بیریان چووه "ژیان و دنیا" هێزى و مانا له‌خۆیانه‌وه وه‌رده‌گرن نه‌ك له نه‌ته‌وه و گه‌ل و ده‌وڵه‌ته‌وه. هه‌رچى پێوه‌سته به "هه‌بوون-وجود"، ئه‌وا بوون هێز و مانا له خۆیه‌وه وه‌رده‌گرێت، نه‌ك له شته‌كانى ناوى (شته‌كانى ناو بوون مه‌به‌ست له بوونه‌وه‌ره‌كان و زینده‌وه‌ره‌كان، باڵنده‌كان و دره‌خته‌كان و ئه‌ستێره و هه‌موو زینده‌وه‌ره هه‌ست پێكراو هه‌ست پێنه‌كراوه‌كان، ده‌رك پێكراو ده‌رك پێنه‌كراوه‌كان بینراو و نه‌بینراوه‌كان). لێره‌دا له‌به‌رئه‌وه مرۆڤ به‌گوێره‌ى قۆناغه جیاوازه‌كان هه‌وڵى په‌یبردن به ماناكانى بوونى له‌ڕێى پرسیاركردنه‌وه خستووه‌ته ڕوو، ئه‌م هه‌وڵه واى كرد مرۆڤ ته‌نیا خواستى ڕه‌ها له‌خۆیه‌وه وه‌ربگرێت بۆ پێناسه‌كردن و مانابه‌خشین به ژیان و دنیا.
ئه‌م دۆخه‌ى مرۆڤ وای كرد ورده ورده ماناى بوون و پرسیاركردن له‌باره‌یه‌وه فه‌رامۆش كراوه و بوونى مرۆڤ و پرسیاركردن له‌باره‌ى مانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنى تواناكانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى "هێز" جێى گرتووه‌ته‌وه. بیركردنه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانى هێز له هه‌موو قۆناغێكدا هه‌بووه و ئێسته گه‌یشتووه‌ته ترۆپكى خۆى، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه دیموكراسى هێشتا له‌ناو ئه‌سیناى كۆن و له‌ناو لاپه‌ڕه‌ى كتێبه‌كان ماوه‌ته‌وه و به‌ند كراوه. دواى ئه‌وه‌ى كورد دنیاى تاقی كرده‌وه، هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه ئازادى و دیموكراسى له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێسته بۆ گه‌لێكى دێرینى وه‌ك كورد ته‌نیا پڕوپاگه‌نده‌یه. خه‌ونى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌مان خه‌ونى ئیمپراتۆر و پاشا كۆنه‌كانه، به‌ڵام به كه‌ره‌سته و شێوازى جیا.
" مرۆڤى ڕاسته‌قینه، مرۆڤى یاخییه". ئه‌و میله‌ت و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ى وا بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وانن مانا ده‌ده‌ن به "ژیان و دنیا" له‌ناو ده‌وروخولى هه‌مان دنیاى پێشوودان، ئه‌وه ئه‌وان نین هێز و وزه ده‌به‌خشنه ژیان و دنیا، به‌ڵكو "ژیان و دنیا" خۆیانن مانا ده‌به‌خشنه خۆیان، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه به‌هێزه‌كان ئازادى وه‌ك دوا خه‌ونى مرۆڤ به‌كار دێنن بۆ سه‌ركوتكردن و له‌ناوبردن.
كاتێك كورد ده‌ڵێت ته‌نیا چیاكان دۆستمانن، مه‌به‌ست لێى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دووباره سه‌ركێشى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، دووباره هه‌ڵشاخانه به‌سه‌ر مێژوودا.
له‌ناو شاخ و چیاكاندا ژیا، خاوه‌نى سه‌ربازى به جه‌رگ و مێژوویى بووین ملكه‌چى ئیمپراتۆر و پاشا و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان نه‌بووین. سه‌ركێشى كورد بۆ ژیان و بوون و مانه‌وه تۆمارێكى سه‌تان ساڵه‌ى هه‌یه.
كاتێك دووباره ئه‌و بیره نۆستالۆجییه "نۆسالۆجیا واته غه‌ریبیكردنى ڕابردوو" دێته‌وه یاد و بیرى كورد، ئه‌وا چالاكبوونه‌وه‌ى ڕۆحه هه‌سته‌وه‌رییه‌كه‌یه‌تى به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه و گه‌لانى دنیا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆحى یاخیبوونه نه‌بووایه، هه‌رزوو كورد له‌ناو چووبوو. ئه‌و فشاره گه‌وره‌یه له‌سه‌ر بوونى كورد ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌ر گه‌لێكی تر بووایه، له دێرزه‌مانه‌وه كۆتای هاتبوو. خاڵى به‌هێزى به‌رگه‌گرتنى ئه‌و /كورد/ له‌م دنیایه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و خاوه‌نى (دڵێكى یاخى)یه، پێشتر و سه‌تان ساڵه دنیا ده‌ڵێن نازانین كورد چى ده‌وێ؟
كاتێكیش خواستى خۆى به ڕوونى ده‌خاته ڕوو بۆ نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و گه‌لانى دنیا كه داخوازى چییه و ده‌یه‌وێ چۆن بژى؟. وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رده‌مانى پێشوو فه‌رامۆش ده‌كرێت، دووباره ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه و له‌ناوبردن و سڕینه‌وه ده‌بێته‌وه، وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ى ئێسته كه ده‌یبینین مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر ژیان و مانه‌وه و بوونى خه‌ڵكى كوردستان هیچ كه‌متر نییه له دۆخى سه‌رده‌مى ڕژێمه‌كانى پێشوو.
ئه‌م ڕووداوانه‌ى به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه به‌سه‌ر ئێمه‌دا شاهیدى نوێ ده‌ده‌ن به ئێمه تا گه‌یشتنمان به ئازادى و مافه‌كانمان "ته‌نیا شاخه‌كان دۆستمانن".