هیلال ئیبراهیم
ده‌ستوور و بنیاتنانه‌وه‌ى سته‌مكارى
له دواى كه‌وتنى ڕ‌ژێمى پێشوو، گرنگترین شت كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ناو كایه‌ى سیاسیى عێراق بیریان لێ كرده‌وه، چۆنیه‌تیى ڕێكخستنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقێكى نوێ بوو. لایه‌نه‌كان ده‌ستوورییان وه‌ك گه‌ره‌نتى ئه‌و قۆناغه نوێیه ته‌ماشا ده‌كرد. كێشمه‌كێش و دۆخى له‌ناكاوى ئه‌وكاته ڕه‌زامه‌ندى سه‌راپاگیر و رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى گشتیرى بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان هێنایه ئاراوه. هه‌ر ئه‌و دۆخه له‌ناكاو سه‌راپاگیره وای كرد به‌خێرایى و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى ده‌ستووریان نووسى.
له‌وكاته‌دا ده‌ستوور بوو به جێى ئومێدى لایه‌نه سیاسییه‌كان و خه‌ڵك، به‌و پێیه ده‌توانرێ عێراقێكى نوێى دژى سته‌مكارى بێننه ئاراوه. به‌ڵام ده‌ستوور بۆ مانه‌وه‌ى قه‌واره‌یه‌كى جیۆگرافى بوو به‌ناوى عێراق، ئه‌گه‌ر نا عه‌قڵیه‌تى سیاسى عێراقى ڕه‌گوڕیشه‌كانى خۆى له‌ناو سته‌مكارى دامه‌زراندووه.
سه‌رچاوه‌كانى سته‌مکارى و كه‌وتنى عه‌قڵ له به‌غدا مێژوویه‌كى درێژى هه‌یه. له قۆناغه جیاوازه‌كانیش ڕه‌گوڕیشه و بنچینه‌كانى ئه‌و كه‌وتنه ده‌بینین. ڕژێمه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان له عێراقدا هه‌وڵى ڕاستنكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌وتنه‌یان دا، به‌ڵام له‌جیاتى سوودوه‌رگرتن له‌و مێژووه دێرینه و شارستانیى ئه‌و ناوچه‌یه، نه‌ك ئه‌و عه‌قڵه هه‌ڵنه‌ستایه‌وه، بگره بۆ كاتێكى نادیار زیاتر كه‌وت و هه‌ره‌سى هێنا.
له پێشه‌كى ده‌ستوورى عێراقدا وشه‌ى زۆر جوان ریز كراون وه‌ك ئاماژه بۆ شارستانیی و مێژوو، به‌ڵام نه‌ك عه‌قڵى سیاسى له به‌غدا ڕێزى ئه‌و شارستانیی و مێژووه دێرینه‌ى نه‌گرت و ناگرێت، به‌ڵكو عێراق بوو به ناشیرین‌ترین ده‌وڵه‌تى دنیا. ئه‌م قۆناغه كه ئێمه‌ى تێدا ده‌ژین ده‌توانین وه‌ك درێژبوونه‌وه‌ى "كه‌وتنى عه‌قڵ له به‌غدا" ناوى بێنین و ته‌ماشاى بكه‌ین.
ئه‌و عه‌قڵه كه خۆى به خاوه‌نى شارستانیى سۆمه‌ر و ئه‌كه‌د و بابل و وڵاتى نێوان دوو ڕووبار ده‌زانێت، بووه‌ته نموونه‌ى عه‌قڵى وێرانكارى له سه‌ده‌ى نوێ‌دا. له دیباجه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا هاتووه "ئێمه ڕۆڵه‌كانى دۆڵى رافیده‌ین نیشتمانى نێردراوان و پێغه‌مبه‌ران جێى پێشه‌وایان و پیاوچاكان و پێشه‌نگانى شارستانیی و داهێنه‌رانى نووسین له‌سه‌ر زه‌وى، ئێمه یه‌كه‌م یاسامان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه دانا، له نیشتمانى ئێمه‌دا دادپه‌روه‌رانه‌ترین چه‌رخى سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتان هه‌نگاوى بۆ نرا...." هه‌موومان ده‌بینین چۆن ئه‌م ده‌ستووره ژیانى گه‌لانى عێراقى وێران كرد. ئه‌م ده‌ستووره یه‌كه‌مین هه‌نگاوى هه‌ستانه‌وه‌ى عێراق بوو بۆ دووباره سته‌مكارى و له‌ناوبردن.
ئه‌م نموونه جوانه‌ى سه‌ركردایه‌تیى به‌غدا به سته‌مكارى و كوشتن و له‌ناوبردن پێشكه‌شى دنیایان كرد، بێ وێنه‌یه. ئه‌و عه‌قڵه‌ى ئێسته له به‌غدا حاكمه عه‌قڵى هه‌ره‌س و وێرانكارییه، عه‌قڵى سته‌مكردن و زۆردارییه. كاتێك ئه‌و عه‌قڵه له به‌غدا حاكم بێت، هه‌ر جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ك له دانیشتن و گفتگۆ له‌سه‌ر ماف و ئازادى و ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه، جگه له گه‌مژه‌یى، هیچی تر نییه، چونكه ئه‌و عه‌قڵه هه‌میشه بۆ هه‌لى هه‌ستانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سته‌مكارى، ده‌سه‌ڵاتى ئێسته‌ى به‌غدا بۆ جینۆساید و له‌ناوبردنى سوننه به‌دواى هه‌لى هه‌ستانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دواى كۆتاى سوننه، ئه‌م دۆخه‌ى ئێسته‌ى كوردستان هه‌لى زێڕین ده‌دات به به‌غدا بۆ هه‌ستانه‌وه. ئه‌گه‌ر كورد بۆ جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا به‌و لاوازییه‌ى ئێسته‌ى، ئه‌وا بوارێكى نوێ بۆ هه‌ستانه‌وه ده‌داته‌وه به‌غدا وه‌ك له ساڵى 2003 سه‌ركردایه‌تیى كورد ئه‌م ئه‌ركه‌ى گرته ئه‌ستۆ، بۆیه پێویسته سه‌ركرایه‌تیى كورد وه‌ك سه‌رده‌مانى پێشوو له‌پێناو ده‌ستكه‌وتنى سیاسى ڕۆژ هه‌وڵى تێكه‌ڵبوونه‌وه و سه‌رله‌نوێ هه‌ستانه‌وه‌ى ئه‌و عه‌قڵه نه‌دات،.چونكه هه‌ر جۆره به‌شدارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ هه‌ستانه‌وه، به‌شداریكردنه له سته‌م و زۆردارى، به‌شدارییه له شه‌رعیدان به سته‌مكردن و له‌ناوبردنی ڕابردوو و ئێسته و داهاتوو، به‌شداریكردنه له هه‌ستانه‌وه‌ى عه‌قڵى سته‌مكارى.
جاران و له سه‌رده‌مى رژێمه‌كانى پێشوو، كورد گفتوگۆی له‌گه‌ڵ یه‌ك كه‌سى سته‌مكار ده‌كرد بۆ گه‌یشتن به ماف و داخوازییه‌كانى، به‌ڵام ئێسته له‌گه‌ڵ ده‌یان سته‌مكار. كێشه‌ى سته‌مكارى كێشه‌ى عه‌قڵه نه‌ك یاسا. ئه‌و عه‌قڵه سیاسییه‌ى ئێسته حاكمه هه‌مان عه‌قڵى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه و هیچ گۆڕانێكى بنه‌ڕه‌تى له‌و عه‌قڵه به‌دی نه‌كراوه. ته‌نانه‌ت ڕۆژ به‌رۆژ موكڕ ده‌بێت بۆ به‌دیهێنانى خه‌ونه مێژوویییه‌كه‌ى له‌ڕێى هێزه‌وه كه ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵات له عێراقدا پارێزگارى لێ ده‌كات.
كورد و بێداربوونه‌وه‌ى سته‌مكارى
له كاتى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور، هه‌ر لایه‌نێك و بیرى به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیجییه‌كانى ده‌كرده‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ته‌وه و ئاین. عه‌قڵى سیاسى له عێراقدا بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان یان پێكهاته‌ى بنه‌ڕه‌تى له‌سه‌ر هه‌مان عه‌قڵی پێشوو دامه‌زراند. ئه‌و عه‌قڵه كه پێكهاته و بنه‌ما و ڕه‌گوڕیشه‌كه‌ى خه‌ونێكى ستراتیجى جیاكارى ئاینى و نه‌ته‌وه‌ى بووه، كاتێكیش به وردى ئه‌و عه‌قڵه بناسین، تێده‌گه‌ین ده‌ستوورى عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و پارچه پارچه‌كردنى عێراق نووسرا نه‌ك بۆ بنیاتنان و ڕێكخستن و پێكه‌وه‌ژیان.
ده‌ستوور وه‌ك مانیفێستى ئه‌و عه‌قڵه بوو به چه‌كێك بۆ جیاكارى و سه‌ركوتكارى مه‌زه‌وى و نه‌ته‌وه‌یى له كاتێكدا په‌یمانى ڕاسته‌قینه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور، ئه‌وه‌بوو كه ده‌ستوور بۆ له‌ناوبردنى جیاكارى له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌زه‌وى، نه‌ته‌وه‌یى، كۆتاهێنان به سته‌م و له‌ناوبردن و زۆردارى بێته ئاراوه. سووربوون له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌زه‌وى و نه‌ته‌وه‌یى، سه‌ره‌تاى هه‌نگاوێكى نوێ بوو بۆ درێژه‌پێدان به عه‌قڵى سته‌مكارى، هه‌رچه‌نده كورد پێداگرى به‌رده‌وامییان له‌سه‌ر مافه‌كانیان هه‌بووه. زۆر لایه‌نى گرنگى كێشه‌كانى كورد به‌ده‌ق گه‌ره‌نتى كراون، به‌ڵام به كردار ڕۆژ به‌رۆژ پێشێلى ده‌ستوور (ماده و بڕگه‌كانى ده‌كرێت).
ئه‌زموونى گه‌ره‌نتیكردنى ماف و چاره‌نووسى گه‌لان به ته‌نیا له‌ڕێى ده‌ستووره‌وه گه‌ره‌نتى ته‌واو بۆ پێكه‌وه‌ژیان ناهێنێته دى. له دنیادا ده‌یان نموونه‌مان هه‌ن كه ده‌ستوور و یاسا گه‌ره‌نتى ته‌واو بۆ پێكه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه و ئاینه‌كان ناكات ئه‌گه‌ر عه‌قڵى سیاسى له‌خۆیدا ئه‌و باوه‌ڕه‌ى هه‌ڵنه‌گرتبێت باوه‌ڕ به "ئازادى پێكه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه و ئاین و ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كان". كاتێك له ڕیشه‌دا ئه‌و عه‌قڵه باوه‌ڕى به سڕینه‌وه و سه‌ركوتكردنى ئه‌وانی تر هه‌بێت، ئه‌وا هه‌وڵه‌كانى له‌سه‌ر هه‌مان بناغه بینا ده‌كات، پایه گرنگه‌كانى ده‌ستوور كه له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه و ناوهێنانى نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و هاته داڕشتن، واته دداننان به هه‌بوونى كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌ى و مه‌زه‌وى له‌و وڵاته.
ده‌ستوور له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌زه‌وى و نه‌ته‌وه‌یى نووسرا، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى (هاووڵاتى)بوون. كاتێك بنه‌ماكانى ده‌ستوور به‌و شێوه‌یه بێت، به ڕوونى و ڕاشكاوى كێشه‌ى نه‌ته‌وه و مه‌زه‌وى تێدا به‌یان بكرێت، هه‌ر جۆره پێشێلكردنێكى ئه‌و مافه خۆى له‌خۆیدا هه‌نگاونانه بۆ ده‌ستكردن به سته‌م و زۆردارى له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌ى به‌هێزه له عێراقدا. ده‌ستوور گه‌لانى عێراقى خسته دۆخیكى نوێ و شێوازێكى تازه له سته‌مكارى، له‌به‌رئه‌وه بڕیارى جیابوونه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و په‌یمانه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسییه كه ناوى "ده‌ستووره"، مێژوویه‌كى نوێ له دنیا دژى سته‌مكارى تۆمار ده‌كات.