بارزانی و كۆمیسیاری په‌نابه‌ران له‌سه‌ر ئاواره‌كانی مووسڵ كۆبوونه‌وه‌

:: PM:03:49:18/10/2016 ‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كۆمیساری باڵای پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گه‌یاند كه‌ یارمەتیدانی ئاوارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشەم لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ "فیلیپۆ گراندی" كۆمیساری باڵای پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كۆبووه‌وه‌ و شاندی میوان سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەددیات و گرفتی ئابووری میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری كردووە. هەروەها پێزانینی بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی هەبوو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ناردنی پەیامی دڵنیایی لە لایەن سەرۆك بارزانی بۆ دانیشتوانی موسڵ بەرز نرخاند. هەروەها هێمایشی بە نیگەرانییەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و بارودۆخی سیاسیی شاری موسڵ لەدوای ئازادكردنی شارەكە.

لەبەرامبەردا بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی موسڵ كرد و ئاماژەی بە هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە شەڕی دژی دوژمنێكی هاوبەش كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بابەتێكی مێژووییە و یەكەمجارە ڕوو دەدات و ئەوەی بە دەرفەتێك زانی بۆ پێداچوونەوە و بنیاتنانی ئاییندە.

پەیوەست بە بابەتی ئاوارەكان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە یارمەتیدانی ئاوارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن.


وشە - كوردۆ شابان