حكوومەتی ئێران بەرپرسیاری سەرەكییە لە ئاگركەوتنەوەكانی رۆژهەڵات

:: PM:12:28:29/06/2020 ‌
سێ ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتی كوژاندنەوەی ئاگرێك كە لە دارستانەكانی پاوە بەربووبوو، سووتان و لە پێناو پاراستنی ژینگەی كوردستان گیانیان بەخت كرد. ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە رۆژهەڵاتی كوردستان هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكان بۆ دەستی مرۆیی دەگەڕێنێتەوە نەك گۆڕانكارییەكانی ژینگە و حكوومەتیش بە بەرپرسیاری سەرەكی ئەم جۆرە رووداوانە هەژمار دەكات.

لە رۆژهەڵاتی كوردستان نیشتمانپەروەری رەهەندێكی بەرفراوانتری وەرگرتووە، هاووڵاتییان بە دامەزراندنی گرووپ و رێكخراوی جۆراوجۆری ژینگەپاریزی خۆشەویستی و هۆگریی خۆیان بۆ نیشتمان دەردەبڕن و هەوڵ دەدەن لە زیانەكان بیپارێزن.
بە بەرنامەداڕێژراو دارستانەكان دەسووتێنرێن

یەكێك لە سیاسەت و پیلانەكانی نەیارانی كورد و كوردستان ئەوە بووە چیا و ژینگە و دارستان و سەرچاوە سروشتییەكان لەناو بەرن. لەمدواییەدا بە بەرنامەداڕێژراو دارستانەكان دەسووتێنرێن و دەسەڵاتدارانیش مشووری دامركاندنەوەی ئاگرەكە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران ناخۆن، هەر ئەوەش وایكردووە هاووڵاتییان و نیشتمانپەروەران ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە.

كوژاندنەوەی ئاگر بەتایبەت لە شوێنی چڕ و بەرزاییەكان، پێویستی بە ئامێری پێشكەوتوو هەیە كە تەنیا بە حكوومەتەكان دابین دەكرێ. ئەمڕۆ لە دنیادا بۆ ئەو مەبەستە جگە لە فەرمانبەری شارەزای بەرگریی شارستانی و ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی پێشكەوتوو، سوود لە هێلیكۆپتەر وەردەگیرێ، بەڵام لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك ئاگرێك لە شوێنێك بەردەبێت، جگە لە خەڵكی ژینگەپارێز هیچ خەمخۆرێك شك نابرێت.
ژینگەپارێزان لەتاو ئەو ئاگرەی كەوتووەتە جەستەی نیشتمانیان، جەستەی خۆیان بیر دەچێتەوە

ژینگەپارێزان لە كاتی كەوتنەوەی ئاگر بە جلوبەرگی خۆیان هەوڵ دەدەن رێگری لە تەشەنەی ئاگرەكە بكەن، بەڵام ئەمە چارەی كوژاندنەوەی ئاگرەكە ناكات. زۆرجار ژینگەپارێزان لەتاو ئەو ئاگرەی كەوتووەتە جەستەی نیشتمانیان، جەستەی خۆیان بیر دەچێتەوە و لەپڕ دەكەونە گەمارۆی ئاگر و دواجار دەسووتێن و گیان دەسپێرن.

نوێترین رووداوی سووتانی ژینگەپارێزان دوێنێ یەكشەم بوو كە جەستەی سێ ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی بیلال ئەمینی، موختار خەندانی و یاسین كەریمی سووتان. 
خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك شەهید لەم ژینگەپارێزانە دەڕوانن

خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك شەهید لەم ژینگەپارێزانە دەڕوانن، بۆیە شەوی رابردوو لە كاتی هێنانەوەی تەرمەكان، خەڵكی پاوە بە دروشمی شەهید نامرێ و سروودی ئەی شەهیدان پێشوازییان لێ كردن.

ئیرەج قادری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، وەك ئەنجوومەن تیمێكیان رەوانەی پاوە كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە چۆنیەتی رووداوەكە ئاگادار بن. ئەو دەڵێت بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، ئەوانەی شەهید بوون كەسانی سڤیل بوون كە ویستوویانە پێش بە ئاگرەكە بگرن، بەڵام سووتاون و وەك شایەتحاڵەكان باسیان كردووە لە ناو ئاگر و دووكەڵدا دەنگی هاوارێكیان بیستووە، دوای ماوەیەك تەرمی سووتاوی ئەو سێ ژینگەپارێزەیان دۆزیوەتەوە.
پێدەچێت بەر لە گەیشتنی ئاگرەكە بەهۆی دووكەڵ خنكابن.

زانیارییە سەرەتاییەكان ئەوە دەردەخەن كە شوێنەواری فیشەك و تەقینەوە لەسەر جەستەیان نەبووە و پێدەچێت بەر لە گەیشتنی ئاگرەكە بەهۆی دووكەڵ خنكابن.

راستە ژمارەی ئاگركەوتنەوەكان لە هەموو دنیا زیاد بوون و بەشێك لەو ئاگركەوتنەوانەش پێوەندییان بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هەیە، بەڵام بە بۆچوونی ئەم ژینگەپارێزە ئاگركەوتنەوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بە كەمی پێوەندییان بە گۆڕانكاری كەشوهەوا هەیە و بە پێچەوانە لە هەندێك ناوچە رێژەی باران بارینەكان زۆر زیاتر بوون و تەنانەت جۆری دار و پێكهاتەی رووەكی چیاكانی كوردستان جۆرێكە وا بە ئاسانی و بە بێ هەبوونی دەستی مرۆیی ناسووتێن.
98%ی ئاگركەوتنەوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی مرۆییان لە پشتە

ئەو دەڵێت 98%ی ئاگركەوتنەوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی مرۆییان لە پشتە، جا ئەم دەستە لە رووی بێئاگاییەوە بێ یان مەبەستدار. لەوانەیە خەڵكێك لە سەیران ئاگریان كردبێتەوە یان شوانێك پاشماوەی ئاگرەكەی نەكوژاندبێتەوە یان هاتوچۆی زۆری خەڵك و فڕێدانی جگەرە كاریگەریی بۆ سەر رووداوی ئاگركەوتنەوە هەبێ، بەڵام ئەو جۆرە رووداوانەش زیاتر لەو شوێنانە روو دەدەن شوێنی نیشتەجێن و كاتێكیش ئاگركەوتنەوەكە روو دەدات، خەڵك زوو پێیان دەزانن و زووش كۆنترۆڵ دەكرێن.

ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە ئەو ناوچەیەی پاوە كە لە رۆژی پێنجشەمەوە ئاگری گرتبوو، خۆی شوێنێكی قەدەغەكراو بووو و بە دەگمەن خەڵك روو لەم شوێنە دەكات و هەر دەبێ كەسانێك بەمەبەست دارستانەكەیان سووتاندبێت.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیا رەخنە لە حكوومەت دەگرێ چ لە رووی ئەوەی زۆر كەمتەرخەم بووە لە بەسزاگەیاندنی ئەوانەی لە پشتی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەن و چ لە رووی كۆنترۆڵ و كوژاندنەوەی ئاگرەكان. ئەو دەڵێت توانای ئیدارەكانی ئاگركوژێنەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر كەمە و هەرچەندە كارمەندانی ئاگركوژێنەوە بە دڵسۆز دەزانن، بەڵام ئەوەندە كەم و بێ ئامرازی پێشكەوتووی ئاگركوژێنەوەن كە فریای كۆنترۆڵی ئاگری لەم شێوە بەرفراوانە ناگرن.

ئێران بەو مانۆڕ و مەشقە سەربازییانەی دەیانكات هۆكارە لە سووتاندنی ژینگەی كوردستان.
جگە لەمە حكوومەتی ئێران بەوەش تۆمەتبار دەكرێ بەو مانۆڕ و مەشقە سەربازییانەی دەیانكات هۆكارە لە سووتاندنی ژینگەی كوردستان.

دوو ساڵ لەمەوبەریش لە مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای تۆپبارانەكانی سوپای پاسداران بەشێك لە ژینگەی مەریوان ئاگری گرت و ژینگەپارێزانیش چوون ئاگرەكە بكوژێننەوە، بەڵام بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ژینگەپارێز بە ناوەكانی شەریف باجوەر و ئومێد كۆنەپۆشی كە رێوڕەسمێكی گەورە و بەشكۆی بۆ بەخاكسپاردنیان پێكهات، خەڵك بە دروشمی شەهید نامرێ و كۆمەڵێك دروشمی سیاسیی رێزیان لەم شەهیدانەیان گرت.

پەرویز ئیدەپوور قایمقامی مەریوان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی ئێران ئیرنا، باسی لە هەندێك لە وردەكارییەكانی رووداوەكە كردووە و دەڵێت، ئاگرەكەی پاوە لە پێنجشەمی رابردووەوە دەستی پێ كردبوو و لە ئێوارەی رۆژی شەموو بە یارمەتیی خەڵكی ناوچەكە ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە و بووبووە مایەی دڵخۆشی و شادی خەڵكی ناوچەكە، بەڵام رۆژی یەكشەم دووبارە ئاگرەكە دەستی پێ كردووەتەوە و دیسان خەڵك و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە هەوڵیان داوە ئاگرەكە بكوژێننەوە.
شوێنی ئاگركەوتنەوەكە دارستانێكی زۆر چڕ و بەفراوانە

شوێنی ئاگركەوتنەوەكە دارستانێكی زۆر چڕ و بەفراوانە، بۆیە ئەو سێ ژینگەپارێزەكە بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی با گەمارۆ دراون و دواجار كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەگەنە شوێنەكە، تەرمی سووتاوی سێ گەنجە ژینگەپارێزەكە دەدۆزنەوە.

لەلایەكی ترەوە فەرەیدوون یاوەریب بەڕێوەبەری گشتی ژینگەی كرماشان بۆ هەمان سەرچاوە ددانی بەوە ناوە هیچ توانایەك نییە فریای كۆنترۆڵكردنی ئەم جۆرە ئاگركەوتنەوانە بكرێت و پێی وایە دەبێ بە ئۆتۆمبێلی پێشكەوتوو و هێلیكۆپتەر رۆڵیان لە دامركاندنەوەی ئاگرەكان هەبێ كە پارێزگاكەیان لێی بێبەشە.

کرماشان نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم رووبەری دارستانی هەیە

رووبەری پارێزگای كرماشان  نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار هێکتارە کە دەکاتە 10 ملیۆن دۆنم  و سەرووی 70%ی سروشتی و پاوان و دارستانە. سەرووی دوو ملیۆن دۆنم دارستانە و چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆنمیشی پاوان و لەوەڕگەیە.


وشە - سلێمان تاشان