هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان ساڵه له سه‌رووی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ مریشك به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 2019ه‌وه هاورده‌كردنی هه‌موو جۆره‌كانی مریشك به زیندوو و به‌ستوو و پارچه پارچه‌كراوی قه‌ده‌غه كردووه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ ده‌ڵێ، ئه‌و پرسه كۆتایی هاتووه و له داهاتووشدا رێ به هاورده نادرێت.
دكتۆر فیراس سدیق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ له هه‌رێمی كوردستان، به ''وشه''ی راگه‌یاند، قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی مریشك له هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته 265 هه‌زار تۆن له ساڵێكدا، له كاتێكدا پێداویستییه‌كانی ناوخۆ به مریشك بریتییه له 147 هه‌زار تۆن.
كوردستان 118 هه‌زار تۆن زێدهبهرههمی هه‌یه
به‌و پێیه هه‌رێمی كوردستان 118 هه‌زار تۆن مریشكی له خۆی زیاده و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ساغ بكرێته‌وه. ئێسته 45.5% له كۆی به‌رهه‌می مریشكی كوردستان زیاده و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت.
پارێزگاكانی عێراق وێستگه‌ی سه‌ره‌كیی ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كوردستانن و به گوته‌ی فیراس سدیق، له ساڵانی رابردوودا هه‌رچه‌نده هه‌ندێك جار كێشه و به‌ربه‌ستیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه، به‌ڵام كه‌م یان زۆر ره‌وانه كراوه و به‌رهه‌می مریشكی كوردستان له بازاڕه‌كانی عێراق جێی متمانه‌ی هاووڵاتییانه و داخوازییه‌كی زۆری له‌سه‌ره.
مریشكی كوردستان له بازاڕه‌كانی عێراق جێی متمانه‌ی هاووڵاتییانه و داخوازییه‌كی زۆری له‌سه‌ره.
ئه‌و روونی كرده‌وه، یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانیان ئه‌وه‌بووه كه عێراق له ره‌هه‌ندێكی ئابووری و به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هه‌موو عێراق سه‌یری پرسه‌كه ناكات، به‌ڵكو زۆرجار بابهتهكهكان به سیاسی كراون و هاوشێوه‌ی مووچه و بودجه و چه‌ندان كێشه‌ی تر، كێشه‌یان بۆ ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه.
هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی نێوان حكوومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری زۆر گرنگه، ده‌كرێ به‌رهه‌مێك كه له هه‌رێمی كوردستان زیاده، له بازاڕه‌كانی عێراق ساغ بكرێته‌وه و به‌پێچه‌وانه به‌رهه‌مێك كه پارێزگاكانی عێراق زیاده، له هه‌رێمی كوردستان ساغ بكرێته‌وه.
له عێراقدا هاورده‌كردنی مریشك به لێشاوه
به پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له 2019ه‌وه هاورده‌ی مریشكی قه‌ده‌غه كردووه، له عێراق به لێشاو هاورده ده‌كرێت و یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ش كه به‌رهه‌مێكی زۆری مریشك ره‌وانه ده‌كات ئێرانه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌رپرسێكی ئێران رای گه‌یاند كه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، پێنج هه‌زار تۆن مریشك ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كه‌ن. ئه‌مه به زیانی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه به‌رهه‌مه ئێرانییه‌كه له‌وانه‌یه هه‌رزانتر بكه‌وێت و له‌و كاته‌شدا خاوه‌ن پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ناچارن هه‌رزانتر بیفرۆشن و له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده هه‌رزان بێت كه تێچوو دهرنههێنێتهوه و به‌گشتی زیان به كه‌رته‌كه بگات.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا نرخی مریشك له كوردستان به‌هۆی زۆریی به‌رهه‌مهێنان، 500 دیناری تر دابه‌زیوه و ئێسته كیلۆی مریشك به دوو هه‌زار و 250 دینار ده‌فرۆشرێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ زیاتریش دابه‌زێت و خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگه‌كان ده‌نگیان لێ به‌رز ببێته‌وه.
هه‌نارده
یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ی بۆ به‌رهه‌می زیاده‌ی هرێمی كوردستان هه‌یه ئه‌وه‌یه، هه‌رێمی كوردستان بیر له شوێنی زیاتر بۆ هه‌نارده بكاته‌وه و ته‌نیا پشت به پارێزگاكانی عێراق نه‌به‌ستێت.
له ساڵانی رابردوودا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می وه‌ك هه‌نار، هه‌نگوین، ئاوی كانزایی، په‌تاته و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می تر ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی كه‌نداو و ئه‌وروپا كراوه و ده‌كرێ مریشكیش هه‌نارده بكرێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌وڵێكی رژددایه كه هێلكه و مریشكیش ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات
دكتۆر فیراس سدیق ئاماژه‌ی دا كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌وڵێكی رژددایه كه هێلكه و مریشكیش ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات، ته‌نانه‌ت نموونه‌ی بۆ چه‌ند وڵاتێك ناردووه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیی له‌باره‌یه‌وه وه‌ربگیرێت.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه خۆراكییانه، هه‌ندێك رێوشوێنی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه كه ده‌بێت ره‌چاو بكرێن، ئومێده‌وارن له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رهه‌می مریشك و هێلكه‌ی كوردستانیش له بازاڕه‌كانی دنیا ساغ بكرێنه‌وه.