لە ئێران تەقینەوەیەك رووی دا

:: AM:11:59:30/06/2020 ‌
لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان  تەقینەوەیەك رووی دا و دەنگۆی ئەوە هەیە فەرماندەیەكی سوپای پاسداران كوژرابێت، سوپای پاسدارانیش گرووپی جەیشولزوڵم بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار دەكات.

تەقینەوەكە بۆمبی چێنراو بووە و لە كاتی تێپەڕینی دوو ئۆتۆمبێلی سوپای پاسداران تەقێنراونەتەوە، بەڵام نوێنەری زاهیدان لە پەرلەمانی ئێران باسی لەوە كردووە بەهۆی ئەم تەقینەوەیە هیچ كەسێك نەكوژراوە.

فیداحوسێن مالیكی نوێنەرەكەی پەرلەمان باسی لەوە كرد، بۆمبەكە لە كەناری ئەو شەقامە چێنرابوو كە ئۆتۆمبێلەكانی سوپای پێدا تێپەڕ دەبن و لە كاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكان، تەنیا یەكێكیان تەقیوەتەوە. بەگوێرەی فارسنیوز بەهۆی تەقینەوەكە فەرماندەیەكی سوپای پاسداران بریندار بووە.
دەنگۆ هەیە ژمارەیەك پاسدار و فەرماندەی سوپای پاسداران بەدیل گیرابن

باس لەوە دەكرێ لەگەڵ ئەم تەقینەوەیە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە رووی دابێت و ژمارەیەك پاسدار و فەرماندەی سوپای پاسداران بەدیل گیرابن، بەڵام نوێنەری زاهیدان لە پەرلەمانی ئێران بۆ سەرچاوەكە ئەمەی رەت كردووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە عەلی ئەحمەد مەوهیبەتی پارێزگاری سیستان و بەلووچستان ئاماژەی داوە، گرووپی جەیشولزوڵم بەرپرسیارێتی هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكانی سوپای لە ئەستۆ گرتووە و هیچ زیانێكی گیانییان نەبووە.

پێویستە بگوترێ بەلووچەكان نەتەوەیەكن كە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران دەژین، بەشێكیان كەوتوونەتە پاكستان و داوای مافە نەتەوەیی و مەزەوییەكانیان دەكەن، لە چەند ساڵی رابردووشدا كۆمەڵێك حزب و گرووپی جیاواز لەم ناوچەیە دروست بوون و بەشێكیان دژی سوپا چالاكی سەربازییان هەیە.

پێدەچێت مەبەستی سەرچاوەکەی ئێران لە ناوهێنانی جەیشولزولم هەمان گرووپی جەیشولعەدل بێ  و بۆ دژایەتیکردنی ئەوان ئەو ناوەی هەڵبژاردبێت کە پێشتریش کۆمەڵێک هێرشیان دژی سوپا ئەنجام داوە.




وشە - سلێمان تاشان