وریایی لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی دەدرێت

:: PM:04:01:18/10/2016 ‌

مەترسییەكان لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ نوێ دەبێتەوە، بەهۆی ئەو تۆمارەی لە جەنگەكانی ئازادكردنەوەی فەلووجە و رومادی و تكریت لە دژی خەڵكی سونە هەیانە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وریایی لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لەدژی هەڵاتووان لە دەستی داعش دەدات.

لە جەنگەكانی پێشوو بۆ ئازادكردنەوەی تكریت و رومادی و فەلووجە و ناوچەكانی تریش لە داعش، هێزەكانی حەشدی شەعبی لەپاڵ سوپای عێراق و هەندێك جاریش بەناوی پۆلیسی فیدراڵ بەشدارییان كردووە، ئەوان لەكاتی جەنگەكە و لە بەرامبەر ئاوارەكانی لە داعش هەڵاتوون پێشێلكاری گەورەیان كردووە، لە ئەشكەنجەدان و رفاندن و كوشتن و ونكردن.

ئەمڕۆ رێكخراوەكە لە راپۆرتێكی خۆیدا رای گەیاند كە ئەو بەڵگانەی لە سەتان دیدار و چاوپێكەوتنی پێشووی ئاوارەكان تۆمار كراوە دەری دەخات كە ئەو هێزانە كاردانەوەی ترسناكیان لە دژی هاووڵاتییانەوە هەیە كە لە دەستی داعش رایان كردووە، بەتایبەتی سونەكان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری روودانی پێشێلكاری بەكۆمەڵ، لەو كاتەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ تازە دەستی پێ كردووە.

فیلیپ لۆسەر بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیای رێكخراوەكە لەوبارەوە رای گەیاند كە ئێستە عێراق لەلایەن داعشەوە لە ژێر هەڕەشەی راستەقینەیە، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو بۆ كاری تۆڵسەندنەوە و لەسێدارەدان لە دەرەوەی دادگە و ونكردن و رفاندنی بەزۆر و ئازاردان و گرتنی هەرەمەكی. 

زیاتر گوتی، پێویستە حكوومەتی عێراق رێگری لە روودانی ئەو پێشێلكارییە ترسناكانەی كە پێشتر كراوە بكات، هەروەها پێویستە وڵاتانی هاوپەیمانیەتی دژ بە داعش چیتر چاوپۆشی لەو پێشێلكارییانە نەكەن. 

راپۆرتەكە پشتی بە لێدوانی 470 گرتی پێشوو و شایەتحاڵ و چالاك و بەرپرس و كەسوكاری قوربانیان بەستووە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بە ئەنجامدانی پێشێلكاری ترسناك بۆ مافی مرۆڤ تۆمەتبار كرد، لەوانە تاوانی جەنگ و لەسێدارەدان لە دەرەوەی دادگە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە لە دەستی داعش رایان كردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەگەڵ فرەوانبوونی ئاستی جەنگەكانی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دەستی داعش، بەتایبەتی لە فەلوجە و شەرگات و حەویجە و مووسڵ، هاووڵاتییەكی زۆری ئەو ناوچانە هەڵاتن و روویان لە ناوچەكانی دەستی حكوومەتی عێراق كرد.

بەپێی راپۆرتەكە لە ئایار/مایۆی ئەمساڵ 12 پیاو و 4 ئافرەت لە ئاوارەكان لە دەرەوەی دادگە لە سێدارە دران، دوای ئەو خۆیان رادەستی كەسانێك كرد كە جلی سوپا و پۆلیسی عێراقیان لەبەردا بوو، هەروەها 73 پیاوی تر كە بۆ ناوچەی سەجر لە باكوری فەلووجە هەڵاتبوون تا ئێستە ونن.

تا ئێستە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە فەرمی دیاری نەكراوە، ئەوان خۆیان دەڵێن كە بەشداری دەكەن و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وای گوتووە، كەچی ئەمەریكا و سونە و توركیا و سعوودیە بەوە رازی نین، ئەگەرچی ئەگەری بەشداریكردنیان لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەری شیعەنشین دەكرێ. 

سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل