قۆناغی یه‌كه‌می چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه، گۆڕان ده‌ڵێ، هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاكسازی به ئه‌رێنی ده‌بینین و له هه‌نگاوه‌كانی دواتری چاكسازی پێویستیمان به پاره‌ی به‌غدا نییه بۆ مووچه و بودجه.
داهاتێكی زۆر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و دادپه‌روه‌ری ده‌هێنێته كایه‌وه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووی ته‌مووز، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچوونی خۆمان له‌باره‌ی چاكسازی ڕاگه‌یاندووه، ئێسته قۆناخی یه‌كه‌می چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، پشتیوانی پرۆسه‌كه ده‌كه‌ین و ئێسته پاكسازی ده‌ستی پێ كردووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئێسته حكوومه‌ت پاكسازی له لیستی مووچه و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌باڵاكان ده‌كات، هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی باشه و چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی باشتر ده‌كه‌ین و مانگه‌كانی داهاتوو سه‌ره‌تاكانی ده‌رده‌كه‌وێت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تای چاكسازی زۆر ئه‌رێنییه و داهاتێكی زۆر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و دادپه‌روه‌ری ده‌هێنێته كایه‌وه.
"ئێمه وه‌ك گۆڕان دڵنیاین، قۆناغی یه‌كه‌می چاكسازی سه‌ركه‌وتوو بێت و مووچه‌ی پله‌باڵاكان كه‌م بكرێته‌وه و مووچه‌ی بندیواره‌كان ببڕێت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌مووی ڕێكبخرێته‌وه، قۆناغی دووه‌می چاكسازی داهاتی ناوخۆ و داهاتی گومرگی ڕێكبخرێته‌وه، پێویستیمان به پاره‌ی به‌غدا نابێت بۆ دابینكردنی بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان". شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا وای گوت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی گۆڕان دووپاتی ده‌كاته‌وه، ده‌ست به جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كراوه، حزبه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و یه‌كگرتوو، ڕایان گه‌یاندووه پشتیوانی ده‌كه‌ن و ده‌شبێت هه‌مووان پشتیوانی پرۆسه‌ی چاكسازی بین.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز ڕه‌سووڵ