سبەی لە چەند ناوچەیەكی عێراق خۆپێشاندانە

:: PM:10:19:11/07/2020 ‌

لەگەڵ دەست پێكردنی وەرزی هاوین، كێشەی كەمی كارەبا لە عێراق سەرهەڵدەدات، بۆ ئەم هاوینەیش پێ دەچێت دۆخە سیاسییەكە و ململانێی هێزە شیعەكان، كار بكاتە سەر دۆخەكە، ئەمڕۆ كارەبای نیشتمانی چەند ناوچەیەكی باشووری عێراق كوژایەوە، وەك ناڕەزایەتییەك بڕیارە سبەی خۆپێشاندان ساز بكرێت.
كێشەی كارەبا لە عێراق دەستی پێ كردەوە
كێشەی خۆپێشاندانەكانی عێراق، بەتایبەتی لە پارێزگا شیعەكان بە سیاسی كراوە، واتە بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی حیسابات لەنێوان هێزەكانیان، بەتایبەتی ئەمجارەیان كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خەریكە دەست بۆ چەند دۆسیەكی هەستیار لای حزبە شیعەكان دەبات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دۆخەكە لەدژی كازمی و حكوومەتەكەی ئاڵۆزی تێ بكەوێت. 

مەحموود زەجراوی، پەرلەمانتاری شیعە و ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەموو گوتی، پاڵپشتی لە خۆپێشاندانی ئاشتیانەی جەماوەری دەكەین، كە بڕیارە سبەی یەكشەم لە زۆرینەی شارەكانی عێراق ئەنجام بدرێت، لەدژی خراپیی كارەبا.

زیاتر گوتی، ئێمە لەگەڵ خۆپێشاندانی ئاشتیانەین، وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر خراپیی دۆخی كارەبا، بەتایبەتی دوای كوژاندنەوەی كارەبای نیشتمانی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لە زۆرینەی ناوچەكاندا، جیا لەوە لە پەرلەمان هەڵوێستی ترمان دەبێت.

روونی كردەوە، خراپیی بەڕێوەبردن لە وەزارەتی كارەبا هەیە، كە هۆكاری خراپیی خومەتگوزارییەكەیە، جیا لە بوونی خراپیی بەڕێوەبردن لە چەند وێستگەیەكی كارەبا لە پارێزگاكان، بەڵام كێشە سەرەكییەكە لە وەزارەتی كاربایە.   

شایەنی باسە ئەمڕۆ هەدوو پارێزگەی بەسڕە و میسان تووشی پچڕانی تەزووی كارەبای نیشتمانی هاتنەوە، جیا لەوەی گلەیی لە كارەباری ئێرانی هەیە كە ڤۆڵتییەكەی باش نییە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل