داوا لە حزبەكانی رۆژهەڵات دەكرێ بە یەكگرتووییان جێی قاسملوو پڕ بكەنەوە

:: PM:02:06:12/07/2020 ‌
31  ساڵ بەسەر تیرۆركردنی دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو یەكێك لە كاریزماترین كەسایەتییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا تێپەڕی. دكتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد پێی وایە هێشتا نەتوانراوە بۆشایی لەدەستدانی قاسملوو پڕ بكرێتەوە، بۆیەش داوای لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بە یەكگرتوویی درێژە بە خەباتیان بدەن و ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تەمووزی 2019  و 22ی پووشپەڕی 2720ی كوردی، ساڵوەگەڕی تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوو سكرتێری گشتیی ئەوكاتی حزبی دیموكراتی كورستانی ئێرانە. دكتۆر قاسملوو لەگەڵ هەریەك لە عەبدوڵا قادری ئازەر، نوێنەری ئەوكاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەوروپا و دكتۆر فازڵ رەسووڵ كەسایەتیی سیاسیی باشووری كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی دانوستانكاری لەگەڵ چەند نوێنەرێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە جلی دیپلۆماسیدا بەشدارییان كردبوو، كۆبوونەوە. لە میانەی كۆبوونەوەكەدا بەناو دیپلۆماتكارەكان لە ناكاو رووی راستەقینەی خۆیان پێشان دەدەن و تەقە لە قاسملوو و هاوڕێیانی دەكەن.

دكتۆر قاسملوو هانای بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی برد.
دكتۆر قاسملوو پێی وابوو چارەسەری پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە رێی سەربازی ناكرێت و هەر دەبێت بە دانوستان و بە پشتبەستن بە گفتوگۆی ئاشتییانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بۆیە  هانای بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی برد.

ئەو پێشتریش بە هاوكاری كەسانی تر و بە ناوبژیوانی كەسایەتی كورد و ئێرانی گفتوگۆ و دانیشتنی جیاوازی بۆ هەمان مەبەست ئەنجام دابوو، بەڵام لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەفێڵ بوون و هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان بە گفتوگۆ نەبووە، ویستوویانە خۆیان وا دەربخەن كە بەڕاستی دەیانەوێت بە گفتوگۆ لەگەڵ رێبەرانی حدكا پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان چارەسەر دەكەن، بەڵام لە ژێرەوە پیلانی تیرۆریان داڕشت.

كۆماری ئیسلامیی ئێران كەسایەتی دكتۆر قاسملووی بە تەواوی دەناسی و دەیزانی لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان هەرگیز ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە رێی تیرۆریان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بە نەهێشتنی رێبەرێكی بەتوانا، بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لاواز بكەن.
لەدەستدانی دكتۆر قاسملوو زیانێكی زۆری بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەیاند.

دكتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لەدەستدانی دكتۆر قاسملوو زیانێكی زۆری بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەیاند.

ئەو دەڵێ تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوو ئەوەی دەرخست بە هیچ شێوەیەك متمانە بە كۆماری ئیسلامیی ئێران ناكرێت و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش نابێ هەڵەی دكتۆر قاسملوو دووبارە بكەنەوە و بە بێ چاودێری لایەنی سێیەم هیچ كاتێك لەگەڵی بكەونە دانوستان. هەرچەندە دكتۆر قاسملوو باوەڕێكی پتەوی بە چارەسەریی كێشەكان بە گفتوگۆی ئاشتیینە هەبوو، بەڵام بەرانبەرەكەی زۆر دڕندە و ملهوڕ بوو و بە فەرمانی هاشمی رەفسنجانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی ئێران تیرۆرەكە ئەنجام درا.

دكتۆر مەحموود عوسمان ئاواتەخوازە دیموكراتەكان و تەنانەت حزبەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان یەك بگرن و بە یەكەوە درێژە بە خەباتیان دژی كۆماری ئیسلامی بدەن و بە یەكەوە جێی دكتۆر قاسملوو پڕ بكەنەوە.
دكتۆر قاسملوو كەسێك بوو پێوەندی لەگەڵ سەرجەم سەركردە سیاسییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان باش بوو

وەك ئەم سیاسەتمەدارە دەیخاتەڕوو، دكتۆر قاسملوو كەسێك بوو پێوەندی لەگەڵ سەرجەم سەركردە سیاسییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان باش بوو، لە دەرەوە و ناوخۆ بۆ نەتەوە و گەلەكەی تێدەكۆشا و لەو پێناوەشدا شەهید بوو.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە تیرۆرەكە لە وڵاتێكی دیموكراتیی ئەوروپا ئەنجام درا و یەكێك بوو لە ئارامترین ناوچەكانی ئەوروپا، دوای ئەوەی كە لە كۆبوونەوەكەدا تیرۆریستان تەقە لە شاندی كوردی دەكەن و شەهیدیان دەكەن، یەكسەر رادەكەن.

دەگوترێت لەوكاتەدا هێرش كراوەتە سەر شاندەكە، دكتۆر قاسملووش خێرا دەستی بۆ دەمانچەكەی بردووە و تەقەی لە تیرۆریستەكان كردووەتەوە و توانیویەتی لە ملی یەكێكیان بدات، بەڵام دواتر دەستڕێژی تری فیشەكی لێ كراوە و شەهید بووە، تیرۆریستەكانیش لە كاتێكدا یەكێكیان بریندار بووە، هەڵاتوون.

پۆلیسی نەمسا دەتوانێ تیرۆریستەكە بە جلی خوێناوی بگرێت، بەڵام خێرا كۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە سەر خەت
دوای ئەم رووداوە پۆلیسی نەمسا دەتوانێ تیرۆریستەكە بە جلی خوێناوی بگرێت، بەڵام خێرا كۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە سەر خەت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەمسا دەكەوێتە دانوستان و گفتوگۆ بۆ ئەوەی رووداوەكە پەردەپۆش بكەن . 

دوو بۆچوون هەن كە باس لە رێككەوتنی ژێربەژێری حكوومەتی نەمسا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، یەكەمیان ئەوەیە ئێران دۆسیەكەی لە نەمسا بە پارەیەكی زۆر كڕییەوە و بە مەرجی پەردەپۆشكردنی ئەو رووداوە تیرۆریستییە و رادەستكردنی تیرۆریستەكە بە ئێران، كۆمەڵێك ئیمتیازی ئابووری و بازرگانی و پارەیەكی زۆری داوەتە نەمسا.

بۆچوونی تریش لەمبارەیەوە هەیە و بە گوتەی نەسرین قاسملوو هاوسەری دكتۆر قاسملوو، حكوومەتی ئێران هەڕەشەی لە دەوڵەتی نەمسا كردووە ئەگەر تیرۆریستەكەیان رادەست نەكاتەوە، ئەوا كۆمەڵێك نهێنییان هەیە كە بۆ خەڵكی دنیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكەن.

لە سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، حكوومەتی نەمسا بێلایەنی خۆی لەو جەنگە راگەیاندبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەستی ئێراندا بوون، نەمسا چەكی بە هەردوو لایەنی جەنگ فرۆشتبوو، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بوو، بۆیە نەمسا رادەستی داواكارییەكەی ئێران بوو و تیرۆریستەكەی هەر بە جلی خوێناوییەوە رادەستی ئێران كرد.
دوای تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوو، هێشتا بكوژانی سزا نەدراون .

سەرەڕای بەڵگە حاشاھەڵنەگرەكانی  تیرۆرەكە، دەوڵەتی نەمسا ڕێی بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بە ئەنجام بگەیەنن، بۆیە دوای تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی دكتۆر  قاسملوو، هێشتا بكوژانی سزا نەدراون .

جێی باسە كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە تیرۆری دكتۆر قاسملوو وازی نەهێنا، بەڵكو سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی 1992 دكتۆر سادق شەرەفكەندی سكرتێری گشتیی ئەو كاتی حدكا و هاوڕێیانی لە بەرلینی ئەڵمانیا تیرۆر كرد. جیاوازی تیرۆرەكەی ئەڵمانیا لەوەدابوو كە دادگای میكۆنۆسی ئەڵمانیا سەربەخۆیانە لێكۆڵینەوەی كرد و دوای چەند ساڵ لێكۆڵینەوە تاوانبارانی ئاشكرا كرد و روون بووەوە، رێبەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت تیرۆرەكە بوون. ئەوكات سەرجەمیان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە شەرمەزار كران و بۆ هەموو دنیا دەركەوت كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چ شێوەیەك دەیەوێ دەنگی ئازادی و دیموكراسی كپ بكات.



وشە - سلێمان تاشان