سعوودیە دەیەوێ دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ عێراق بكاتەوە

:: PM:03:41:13/07/2020 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی سەردانێكی چاوەڕوانكراوی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە، ریاز ئامادەیی خۆی بۆ كردنەوەی دەروازەی عەرعەڕی سنووری لەگەڵ عێراق و دەست پێكردنی ئالوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیان دەربڕی.
كازمی سەردانی سعوودیە دەكات
سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەوبارەوە گوتی، سعوودیە ئامادەسازی پێشان داوە بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری عەرعەڕ لەگەڵ عێراق و دەست پێكردنی ئالوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی سەردانێكی چاوەڕوانكراوی كازمی بۆ سعوودیە، بێ ئەوەی وادەی بەروونی دیاری بكرێت.

لەوبارەوە سەرچاوەیەك لە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئاشكرای كردبوو كە دەروازەی عەرعەڕی سنووری نێوان سعوودیە و عێراق كە بۆ تێپەڕبوونی حاجی و عەمڕەكاران بەكار دەهات، دەبێتە دەروازەیەكی سنووری بۆ ئالوگۆڕكردنی بازرگانی، كاتێك سعوودیە بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تیادا خەرج كردووە و وادەی كردنەوەیشی لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دیاری كرابوو.

پرسی پێوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیە كە نەیارێكی سەرسەختی ئێرانە، لە دوای 2003 كەوتە ژێر بڕیاری هێزە شیعەكانی عێراق كە زیاتر لە ئێرانەوە نزیكن، بۆیە ئەوان تا ئێستەیش هەموو هەوڵێك بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە وڵاتانی عەرەبی و كەنداو دەدەن، بۆ ئەوەی عێراق لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وزە و گەشتیاری، بەتەواوەتی پشت بە ئێران ببەستێت. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل