گۆڕینی "جیابوونەوە" بۆ "سەربەخۆیی" لەلایەن بارزانی مانای چی بوو؟

:: PM:08:40:04/10/2016 ‌

شارەزایەكی یاسایی عێراقی دەڵێت كە راستكردنەوەی بارزانی بۆ دەستەواژەی "جیابوونەوە" بۆ "سەربەخۆیی" هەرێمی كوردستان لە بەغدا، چەندان مانای لەخۆ گرتووە، روونی كردەوە كە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی سەربەخۆیی رێگە پێدراوە، بەڵام جیابوونەوە نەخێر.

پێنجشەمی رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هاوەڵی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرانی عێراق كۆ بووەوە و باسی چەندان پرسی گرنگی كرد پێوەست بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و فایلی نەوت و بوجەی هەرێم و جەنگی مووسڵەوە.

لە میانەی دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەو دەستەواژەی سەربەخۆیی لەبری بەكارهێنانی دەستەواژەی جیابوونەوەی لەلایەن عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق راست كردەوە كە ماناكانیان تەواو جیاوازن.

تاریق حەرب شارەزای یاسایی ئەمڕۆ یەكشەم تیشكی خستە سەر ئەو بابەتە و هۆكاری گۆڕینی دەستەواژەكەی لەلایەن بارزانی و لێكەوت و ماناكانی روون كردەوە و ئاماژەی كرد، سەربەخۆیی مانای دەركردنی بەشێكە بۆ هەموو و هەرچی جیابوونەوەیە وازهێنانی بەشێكە لە هەموو.

بەپێی قسەكانی حەرب، سەربەخۆیی بە دیدی یاسای نێودەوڵەتییەوە مەشرووع و یاسایییە، بەڵام جیابوونەوە نەخێر. دووپاتی كردەوە كە لە بەغدا بارزانی بەیەك وشە زۆری گوت، زۆر زیاتر لەوەی لە چەندان كۆنگرەی رۆژنامەوانی نەگوتراوە. دووپاتی كردەوە كە بارزانی لە مەبەست و قسەكانی روون بوو ئەو كاتەی بەكارهێنانی دەستەواژەی جیابوونەوەی لەلایەن حەكیمەوە بۆ سەربەخۆیی راست كردەوە.

حەرب روونی كردەوە كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان مانای ئەوەیە كە هەرێم موستەعمەرەیەكە و لەلایەن عێراقەوە داگیر كراوە و سەربەخۆیی وەردەگرێت و پێویستە كۆتا بەو داگیركارییە بهێنرێت.

ئەو شارەزایە یاسایییە روونی كردەوە كە جیابوونەوە ئەو كات دەبێت كە بەشێك لە دەوڵەتێك جیا دەبێتەوە لە كاتێك بە چەندان وابەستە بەیەكەوە بەستراونەتەوە و ئەوان لە ماف و ئەركەوە یەكسانن و داگیركاری نییە وەك لە سوودان رووی دا. 

حەرب دەڵێت كە سەربەخۆیی لە داگیركار و جیابوونەوە لە رووی یاسایییەوە جیاوازن، سەربەخۆیی یاساكانی دەوڵەت و دەستوورەكەی كۆنترۆڵی ناكەن، بەڵكو پێوەستە بە یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە سەربەخۆیی پێویستی بە رێوشوێنی دەستووری و یاسایی دەوڵەتی داگیركار نییە.  

ئاماژەی كرد كە بەو شێوەیە پرسەكە لە پرسێكی ناوەخۆیی دەكرێتە پرسێكی نێودەوڵەتی پێوەست بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلانی داگیركراو، ئەوەش بە پێی یاساكانی نێودەوڵەتییەوە، بۆیە هەموو پرسەكانی تر كە كارنامەی سەردانەكە بوون لە بەردەم ئەو پرسە مەترسیدارە گرنگیان نەما.

وشە/سكای پرێس-و: مەحموود 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل