فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكی: كازمی كارەكان بە دروستی ئەنجام دەدات

:: PM:05:09:14/07/2020 ‌

فەرماندەی گشتی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا رای گەیاند كە دەسەڵاتدارانی عێراق پێشوازی لە بوونی ئەمەریكا لەسەر خاكی ئەو وڵاتە دەكەن، گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەیە سەبارەت بە بوونمان و روونی كردەوە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كارەكان بە دروستی ئەنجام دەدات.
ئەمەریكا كۆكە لەگەڵ مامەڵەكردنی حكوومەتی عێراق لەگەڵ میلیشیاكان
ئەگەرچی بە رێنوێنیی ئێران لە ماوەی دواییدا گرژی نێوان میلیشیا شیعەكان لە عێراق و هێزەكانی ئەمەریكا تا رادەیەك هێور بووەتەوە، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە گوشاركردن لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، كە وەك چاودێران ئاماژە دەكەن ئەوە نهێنی رازیبوونی ئێرانە بە بوونی كازمی بە سەرۆك وەزیران، واتە دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

جەنەراڵ كینیس ماكنزی، فەرماندەی گشتی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا گوتی، دەسەڵاتدارانی عێراق پێشوازی لە بوونی ئەمەریكا دەكەن و سەرۆك وەزیرانی عێراق كارەكان بە دروستی ئەنجام دەدات، ئەمەریكایش لەگەڵ ئاراستەی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە مامەڵەكردنی لەگەڵ میلیشیاكان كۆكە.

ئەو فەرماندەیە دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراقە پابەندە بە پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا، هاوكات ستایشی بەردەوامبوونی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان ئەمەریكا و عێراق كرد، ئاشكرای كرد كە ئێستە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەیە لەبارەی بوونی ئەمەریكا لەو وڵاتە، ئێستە سیستمی بەرگری نوێمان لە ناوچەی سەوز جێگیر كردووە، ئەگەر پێویست بكات.

 لای خۆیەوە كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران رژد نییە لە جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، چونكە بەرژەوەندی لە مانەوەی ئەو هێزانە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل