ئابووری عێراق لە نێوان بووژانەوە و ئەزموونی لبنانیدا

:: PM:07:53:14/07/2020 ‌

عێراق كە یەكێكە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام سیاسەتێكی دارایی تۆكمەی نییە، جیا لە گەندەڵی، خراپی ئیدارەدان و قۆرخكاری تیادایە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئابووری دنیای پەك خست، كەموكورتییەكانی ئابووری عێراق بەتەواوەتی دەركەوت، تا ئاستی دروستبوونی مەترسی لە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی لبنان.
بەهای دینار بێتە خوارەوە مووچە كەمیش نەكرێتەوە بەهای دادەبەزێت
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، دۆخێ عێراق لە رووی پێكهاتەی تایفی و سیاسییەوە لە لبنان نزیكە، دیوێكی تری لێكچوونیان بوونی گەندەڵییە، زاڵبوونی میلیشیا شیعەكان و ئێران بەسەر بڕیارەكانیان، لەگەڵ ئەوەیش جیاوازیان هەیە لە رووی كێشەكانیانەوە، لبنان وڵاتێكی كەم داهاتە، لەوكاتەی عێراق سەرچاوەی زۆری داهاتی هەیە، بەڵام گەندەڵی زۆری تیادایە.

زیاتر گوتی، ئەگەر لە دەوڵەتی عێراق چاكسازی بكرێت، هیچ تەنگژەیەكمان نامێنێت، چونكە كێشەكان ئەوەیە داهاتی دەوڵەت دەدزرێت، نەك لەوەبێت كە داهات نییە، لبنان سەرچاوەی داهاتی نییە، بۆیە یەكێك لە جیاوازییەكانی دۆخی ئەو دوو وڵاتە سەرچاوەی داهاتە، لبنان پشت بە هونەر و گەشتیاری دەبەستێت، كە ئێستە هەردووكیان بەهۆی هونەری توركی و كۆرۆناوە پەكیان كەوتووە، كەچی عێراق سەرچاوەی سروشتی زۆری هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاشكرای كرد، ئێستە عێراق گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و بە هاتنی حكوومەتی مستەفا كازمی باڵانسەكە شێواوە، پێش ئێستە دەوڵەتی شاراوە یان قووڵ هەبوو كە بریتی بوو لە حزبی دەعوە و ئەوانەی نزیكن لەو حزبە، بەڵام بە هاتنی سەدرییەكان، ئەوان لاواز بوون و ئێستە ئەوان ماون، یەڵام لە هەموو كایەكانی دەوڵەت نا.  

لەگەڵ گەشبینی بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق بە داهاتووی ئابووری ئەو وڵاتە، لە سایەی كاریگەریی ئەو تەنگژانەی هەن و ئەو گەندەڵییە زۆریەشی هەیە، شارەزایان نایشارنەوە كە ئەگەر چاكسازی نەكرێت و دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بەرەو خراپتر پەرە دەستێنێت.

د سەلام سمێسم، شارەزای ئابووری عێراقی وریایی دەدات لە هاوچارەنووسی عێراق و لبنان لە رووی دروستبوونی تەنگژەی داراییەوە و دەڵێت، عێراق خاوەن نەوتە، لەوكاتەی لبنان نەوتی نییە، بەڵام ئەو شێوازە بڕیاردانە ئابوورییەی لە عێراق هەیە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، چارەنووسی عێراق هەمان چارەنووسی لبنان دەبێت.

زیاتر گوتی، كێشەی لبنان كێشەیەكی مەترسیدارە، هیوامان وایە لە عێراق دووبارە نەبێتەوە، ئەویش هەستنەكردنە بە بەرپرسیارەتی بەرانبەر بە وڵات و هاووڵاتییان، بۆیە پێویستە خاوەن بڕیاری ئابووری لە عێراق هەست بە بەرپرسیارەتی بەرانبەر بە عێراقییەكان بكەن، چونكە ئەگەر بەهای دینار بێتە خوارەوە، بەهای مووچەیش دادەبەزێت، ئەگەر كەمیش نەكرێتەوە.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، كێشەی عێراق تەنیا سەرچاوەی داهات نییە، بەڵكو كێشەمان لە ئیدارەدانی دۆسیەی ئابووری هەیە، ئەو بابەتەیش پێوەستە بە خاوەن بڕیارانی ئابووری.

ئێستە لبنان لە تەنگژەیەكی سەختی ئابووریدا دەژیت، وای كردووە زۆرینەی هاووڵاتییانی تووشی مەترسی برسیبوون ببنەوە و لە ماوەی دواییدا میدیاكانی ئەو وڵاتە ساردكەرەوەی ماڵانیان بە بەتاڵی پێشان دا، وەك ئاماژەیەك بۆ نەبوونی خۆراكی  رۆژانە، ئەوەیش توڕەییەكی گەورەی لای هاووڵاتییان دروست كردووە، بەم دواییە وێنەی تەرمی پیاوێكی كوژراو لە بەیرووت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە خۆی كوشتبوو، ئەو پەیامێكی جێهێشتبوو لەسەری نووسراوە، من كافر نیم، بەڵام برسیەتی كافرە، وەك ئاماژەیەك بۆ هۆكاری خۆكوشتنەكەی.

لای خۆیەوە محەمەد ساحب دەراجی، ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە دەوڵەتێكی شاراوە هەیە رێگری لە كاری دەوڵەتی راستەقینە دەكات و كار بۆ وێرانكردنی ئابووری عێراق دەكات، عێراق 111 ملیار دۆلار قەرزدارە و 17 ملیار دۆلاری تریشی بۆ زیاد بكە، بۆیە لە قۆناغێكی ترسناك نزیك دەبینەوە و تا ئێستە نەمانتوانیوە قەرزی تر بكەین، ئەگەر كردمان دەچینە ناو قۆناغێكی مەترسیدار.

ئاشكرای كرد، عێراق مانگانە پێویستی بە حەوت ترلیۆن و 300 ملیار دینار هەیە، ئێستە لە فرۆشتنی نەوت دوو ترلیۆن و نیو دیناری دەست دەكەوێت، لەوكاتەی سەرداوەی تری داهات تەنیا 5%ی داهاتی گشتی دەوڵەت پێكدێنن، ئەوەیش بەهۆی خراپی ئیدارەدانی دەوڵەتە.  

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، نەبوونی بودجە هەڵەیەكی گەورەیە، وەزارەتی دارایی ئێستە سەرقاڵی بودجەی 2021، كێشەكە لە نەبوونی حیساباتی كۆتایی دەستی پێ كرد، كە لە 2014ەوە پێشكەیش نەكراوە، ئەوەیش كێشە لە حیساباتی دەوڵەت دروست دەكات، دووپاتی كردەوە، لە عێراق دەوڵەتێكی شاراوە لەناو دەوڵەتی راستەقینەدا هەیە، ئەو بەربەستی كاری دەوڵەت دەكات، لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسی و ئابووری ناوخۆیی و دەرەكییەوە بەڕێوە دەبرێت.

دەراجی كە وەزیرێكی پێشووە، ئاماژەی كرد، لایەنە دەرەكییەكان دەیانەوێ شكست بە ئەزموونی سیاسی و ئابووری عێراق بێنن و بیكەن بەتەنیا بازاڕێك بۆخۆیان، هەرچی لایەنە ناوخۆییەكانە، وەك بازرگان و سیاسەتوانان و چەند دەستەیەكی ئابووری، دەیانەوێ گرێبەست لە دەوڵەت بەدەست بێنن و هەڵبێن، بۆیە هەر بەرپرسێك بیەوێ بۆ بەرژەوەندی عێراق كار بكات، هەزار تۆمەتی بۆ دەدۆزنەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل