منداڵانی تووشبوو بە كۆرۆنا رێژەیەكی زۆری ڤایرۆسەكەیان هەڵگرتووە

:: PM:11:14:31/07/2020 ‌

لەوكاتەی لە بەشێك لە وڵاتان تاوتوێی كردنەوەی قوتابخانەكان دەكەن، پزیشكانی ئەمەریكا بۆیان دەركەوت كە ئاستێكی سەرسوڕهێنەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە هەیە، كە زیاترە لەو بڕەی لای كەسانی پێگەیشتوو هەیە.
منداڵان دەتوانن خۆیان رزگار بكەن و ڤایرۆسەكە بگوازنەوە
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، توێژینەوەكە دەری خستووە كە منداڵانی تووشبوو بە كۆرۆنا، بەلایەنی كەم هەمان ئاستی ڤایرۆسەكەیان لە لووت و قورگیان هەیە، بە هاوشێوەی كەسانی پێگەیشتوو، روونی كردەوە، ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە پێنج ساڵ كەمترە، رەنگە ئاستی ڤایرۆسەكەیان 100 جار زیاتر بێت لەوەی لە بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدانی كەسانی گەورە هەیە. 

پزیشكان تێبینی ئەوەیان كرد، بۆ وەرگرتنی نموونە لە كەسانی گەورە و پێگەیشتوو، پێویست دەكات چەند جارێك لە لێخشانی قورگیان نموونە وەربگیرێت، بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویستی ڤایرۆسەكە بۆ پشكنین، كەچی لە منداڵان بەیەكجار تەواو دەبێت، وەك هیڵد سارجنت، پزیشك باسی دەكات كە نموونەی قورگی منداڵان ئەوەندی ڤایرۆسی تیادایە پێویست بە دووبارە وەرگرتنەوە ناكات.

ئەو پزیشكە و هاوڕێكانی لە سەنتەرێكی پشكنین لە شیكاغۆ چەندان نموونەی قورگی منداڵانیان وەرگرت و دەركەوت كە منداڵانی تووشبوو هەمان ئاست یان زیاتری ڤایرۆسەكەیان لە كەسانی گەورە و پێگەیشتوو هەیە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە ئەوان بتوانن خۆیان لە ڤایرۆسەكە رزگار بكەن و بۆ كەسانیتری بگوازنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل