گەڕان بەدوای تەرمێك بەردەوامە

:: AM:09:26:10/08/2020 ‌
ماوەی چەند ڕۆژێكە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێك لە ڕووباری سیروان بەردەوامە، ئەمڕۆ ئاوی بەنداوی دەربەندیخان  كەم دەكرێتەوە و گەڕانێكی فراوان دەست پێ‌ دەكات.

تا ئێستە تەرمەكە نەدۆزراوەتەوە
ئەمڕۆ دووشەم 10ـی ئاب، دەریا حەمە هاوڕێی نزیكی محەمەد جەلال بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی سێ‌ ڕۆژە گەڕان بەدوای تەرمی محەمەد جەلال بەردەوامە و لە سەعات 12ـی شەوی ڕابردوو، بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ڕادەگیرێت بۆ كارئاسانی.

باسی لەوەش كرد، هەڵمەتێكی فراوانی گەڕان دەستی پێ‌ كردووە و گەڕان بەدوای تەرمی محەمەد و سەرجەم تیمەكانی بەرپرس لەو سنوورە بەردەوامن لە گەڕان، تا ئێستە تەرمەكە نەدۆزراوەتەوە.

ڕوونی كردەوە، داواكارین لەلاوان و گەنجانی گەرمیان ئەمڕۆ بچنە سەر سیروان و گەڕانێكی ورد بكەن، بۆ ئەوەی تەرمەكەی بدۆزرێتەوە و ئاسوودەیی بگەڕێتەوە بۆ باوك و دایكی و كەسوكار و هاوڕێیانی.

محەمەد جەلال سەمین ڕۆژی حەوتی ئاب لە ڕووباری سیروان لە گوندی قولەسووتاو خنكاوە و تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد