هونەرمەند جەمال هیدایەت كۆچی دوایی كرد

:: PM:01:13:23/04/2024 ‌
لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، هونەمەندی گەورەی شارەكەمان جەمال هیدایەت كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی نیسان، لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دڵگرانین بەهەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی شارەكەمان مامۆستا جەمال هیدایەت.

ناوی تەواوی جەمال هیدایەت عەبدوڵایە، ساڵی 1931 لە شاری هەولێر لە دایك بووە، یەكەمین عوودژەنی شاری هەولێر بوو، ساڵی 1952 لە ژێر دەستی دوو مامۆستای بە ئەزموون فێری موزیك و ئامێری عوود بووە، یەكێكیان فەلەستینی بووە ئەوەی تریان میسری، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا 1955 بوو.

هونەرمەند لە 1956/10/3 لە قوتابخانەی ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئولا وەك مامۆستای سروود دامەزراوە، ساڵی 1957 مامۆستا و وانەبێژی سروود و موزیك بووە لە خانەی مامۆستایانی كوڕان، لە هەمان ساڵ بۆ ماوەی شەش مانگ لە هۆڵی ئیبن مستەوفی یەكەم خولی زانیاری موزیك و ئامێرەكانی لە هەولێر بەناوی تیپی موزیكی دەرسیم دامەزراندووە، ساڵی 1958-1959 یەكەم گرووپی موزیكی لە هەولێر بەناوی تیپی موزیكی دەرسیم دامەزراندووە، ساڵی 1959-1970 وەك ژەنیاری عوود بەشداری لە هەموو ئاهەنگ و فێستیڤاڵە هونەرییەكانی هەولێر كردووە.

ساڵی 1971 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرۆكی دەستەی كارگێڕی بووە، ساڵی 1973-1991 بەڕێوەبەری چالاكیی قوتابخانەكانی هەولێر بووە، بەشداری لە هەموو فێستیڤاڵ و كارە هونەرییەكانی وەزارەتی پەروەردە كردووە، ساڵی 1974-1975 وانەبێژی سروود بووە لە خانەی مامۆستایانی كچان، ساڵی 1975 ئەندامی دامەزرێنەری سەندیكای هونەرمەندانی هەولێر بووە، ساڵی 1982-1991 سەرۆكی دەستەی كارگێڕی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی عێراق بووە، ساڵی 1997 سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئۆركێسترای كوردستان بووە، ساڵی 1996-2004 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی سروود و موزیكی قوتابخانەكانی سەرەتایی بووە.




وشە - رامیار جەواد