هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق سەركۆنەی بۆردمانەكەی توركیا دەكەن

:: PM:10:15:11/08/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا كاروانێكی پاسەوانانی سنووری عێراقی لە ناوچەی برادۆست بۆردمان كرد و دوو ئەفسەری باڵای ئەو هێزانەی كوشت، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق رای گەیاند كە بۆردمانەكەی توركیا پەرەسەندنێكی مەترسیدارە، لەوكاتەی هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق سەركۆنەی پێشێلكردنی سەروەری عێراقیان كرد.
سازش لە سەروەری عێراق و پاڵپشتی لە وەڵامدانەوەی سەربازی ناكەین
دوای رووداوەكە كە دوو ئەفسەری باڵای سوپای عێراق كوژران، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان گوتی، رووداوەكە بەهۆی دەستدرێژی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا بووە و پەرەسەندنێكی مەترسیدارە، كاتێك دوو ئەفسەری باڵا كوژراون، وردەكاری تریش هەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان باسیان دەكەین، بۆ زانینی كە كردنەئامانجەكە چۆن بووە و چی وای كردووە لایەنی توركیا ئەو كارە ئەنجام بدات. 

لای خۆیەوە هیشام داود، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی رووداوەكەوە گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ رووی دا، پێشێلكارییەكی زەقی توركیایە بۆ سەروەری عێراق، لە سەعاتەكانی داهاتوو هەڵوێستی فەرمی عێراق دێتە راگەیاندن، رەنگە عێراق پەنا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ببات و سازش لە سەروەرییەكەی ناكات، هاوكات پاڵپشتی لە وەڵامدانەوەی سەربازیش ناكەین، لەو ناوەدا بانگهێشتی باڵوێزی توركیا دەكەین و سەردانی نزیكی بەرپرسانی هەردوولا هەڵدەپەسێرین.

هەر ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەیاننامەیەكی سەركۆنەی بۆ رووداوەكە دەركرد و دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی توركیای بە پێشێلكاری مەترسیدار بۆ سەروەری خاكی عێراق و یاسا و رێككەوتنەكانی نێودەوڵەتی و دراوسێتی دانا.

زیاتر هاتووە، سەركۆنەی ئەو كارە دوژمنكارییە دەكەین و داوای وەستانی راستەوخۆی ئەو دەستدرێژییە دەكەین و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سنووری نێوان هەردوو وڵات بە رێگەی ئاشتیانە.

هەر لەو بارەوە حوسێن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەركۆنەی دەستدرێژییەكەی توركیا كرد، كە رەنگە زیان بە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات بگەیەنێت، داوای كرد كە حكوومەت بانگهێشتی باڵوێزی توركیا بكات و ناڕەزایەتی توندی رادەست بكات، دووپاتی كردەوە كە ئەو رەفتارانەی توركیا، پێشێلكردنی زەقی هەموو رێككەوتنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە، داوایشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد بە پەلە بێتە ناو بابەتەكە و ئەو پێشێلكاریانە بوەستێنێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل