كەلار.. گردبوونەوەكەی شاسوار عەبدولواحید جگە لە وێنەی فەیسبووك پەیامێكی روونی نەبوو

:: PM:08:15:12/08/2020 ‌

دوای چەند رۆژێك لە بانگەشەكردن، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لە بازاڕی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەكی بەرچاوی منداڵ و مێردمنداڵ لە بازاڕی شارەكە گردبوونەوە، ئەوان جگە لە وێنەگرتن، پەیامێكی روونیان پێ نەبوو.
بۆ وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی لە فەیسبووك هاتوون
 لە ناو خۆپێشاندانەكەدا مندالێك كە هێشتا نەگەیشتبووە 11 ساڵ، بەناوی (هەردی ئیسماعیل)، بە پێكەنینەوە بە"وشە"ی گوت كە هاتووە بۆ وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی لە فەیسبووك .

 هاوكات چەند كادرێكی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی تر، بەتایبەتی ئیسلامییەكان، لە دوورەوە چاودێری خۆپێشاندانەكانیان دەكرد بۆ زانینی رای شەقام و چۆنیەتی هەوڵی سواربوونی خراپیی ژیانی هاووڵاتییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە.

 ئەحمەد حەسەن، كادری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە راستیدا ئەوەی هەیە قۆستنەوەی رای شەقامە لە دۆخێكی هەستیاردا، كە خۆی لە برسیەتی و بێكاریدا دەبینێتەوە .

هاوڕێ مەحموود، كادری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوەی لە شەقام هەیە، نیگەرانیی خەڵكە لە خراپیی دۆخی ژیانیان، هەروەها قۆستنەوەی شەقام وای نابینین لە بەرژەوەندی خەڵك بێ، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی ئەو لایەنەیە كە بانگەشەی خۆپێشاندانەكەی كردووە، بەڵام بۆ ئەوەیش خەڵك هۆشیار بووە، بۆیە ئێستە ئەوەی بەدی دەكرێ ئامادەبوونی كەسانی كەمە، هەروەها زۆرینەی ئامادەبووان توێژی منداڵانن.

 قۆستنەوەی شەقام بۆ وەدەستهێنانی پلە و پایە لەكاتێكدایە ماوەی شەش ساڵە حكوومەتی ناوەند مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، هاوكات كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بە هەنگاوی چاكسازی و ئەنجامدانی گفتوگۆ بێ سازشكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ حكوومەتی ناوەند رێك بكەوێ لە پێناو خەڵكی كوردستاندا.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل