دیارده‌یه‌كی ناشیرین له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه و هاووڵاتییانی بێزار كردووه، ئه‌ویش لێدانی له‌زگه‌ی ڕێكلامی تانكه‌ری بیری ماڵانه بۆ ئاوه‌ڕۆ كه ته‌واوی ده‌رگاكانی شار و شارۆكه‌كانی گرتووه‌ته‌وه، به‌بێ به‌رنامه هه‌ر كه‌سه و ڕێكلامی خۆی لێ ده‌دات، هاووڵاتییان داوای چاره‌سه‌ر له‌لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌ن.
به له‌زگه‌یه‌كی سیكۆتینی لێ ده‌درێت و لێكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 13ی ئاب، چیمه‌ن مه‌عرووف كه هاووڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كی كامه‌رانییه له شاری هه‌ولێر و تازه چووه‌ته ناو خانووه‌كه‌یه‌وه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌ی كه‌متر له دوو مانگه چوومه‌ته ناو خانوویه‌كی تازه‌وه، ده‌رگای خانووه‌كه‌م ئێسته پێنج له‌زگه‌ی ڕێكلامی تانكه‌ری بیری ئاوه‌ڕۆی ماڵان و تانكه‌ری ئاوی خاوێنی لێ دراوه، له كاتێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوودی هه‌یه، به‌ڵام ده‌رگای ماڵه‌كه‌می ناشیرین كردووه به له‌زگه‌یه‌كی سیكۆتینی لێی دراوه و لێكردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه.
زیاتر گوتی، پێشتر له گه‌ڕه‌كی 121ی هه‌ڤاڵان ده‌ژیام، به‌هه‌مانشێوه ئه‌و له‌زگانه به ڕێژه‌یه‌كی زۆر له ده‌رگاكه‌م لێ درابوو، هه‌مووشیان هه‌مان شتن و ڕێكلام بۆ بابه‌تی تازه نین، زۆر بێزاری كردبووم و چاره‌سه‌ریش نییه ته‌نیا ده‌بێت خۆمان لێی بكه‌ینه‌وه.
هاووڵاتییان مافی خۆیانه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن و سكاڵایش تۆمار بكه‌ن
له‌لایه‌كی تر ڕێناس عومه‌ر خاوه‌ن ماڵێكه له گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆكی هه‌ولێر، له‌باره‌ی لێدانی ئه‌و ژماره زۆره‌ی له‌زگه‌ی ڕێكلام له ده‌رگای ماڵان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، من شه‌ش مانگه ماڵم چووه‌ته ئه‌و گه‌ڕه‌كه، خۆمان خانووه‌كه‌مان دروست كرد و به‌به‌رچاوی خۆم ده‌رگای حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌م به‌ست، كه‌چی ئێسته ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی ده‌رگاكه‌مم لێ ون بووه، هه‌مووی به له‌زگه‌ی ڕێكلامی تانكه‌ری بیر، وه‌ستای كاره‌با، بۆڕیچی، تانكه‌ری ئاو و نه‌وت پڕ بووه، له‌زگه‌كان هێنده توندن له سه‌ره‌تا لێ نه‌ده‌بوونه‌وه، ئێسته كه ئه‌و تیشكه به‌هێزه‌ی خۆری به‌ركه‌وتووه هه‌ر لێ نابێته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌وڵیشی له‌گه‌ڵدا بده‌م، بۆیه‌ی ده‌رگاكه‌ی پێوه لێ ده‌بێته‌وه و هێنده‌ی تر ناشیرینی ده‌كات.
لای خۆیه‌وه نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێمه له‌لای خۆمانه‌وه رێوشوێنمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه كردووه كه له‌زگه له ده‌رگای ماڵان ده‌ده‌ن و سزاشمان داون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته له شاری هه‌ولێر تێبینیمان كردبێت كه‌م بووه‌ته‌وه و وه‌ك پێشتر به لێشاو لێ نادرێت.
زیاتر گوتی، له سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌یش به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێت شاره‌وانییه‌كانیش له‌و كاره هاوكاربن، هاووڵاتییان مافی خۆیانه كه قبووڵ ناكه‌ن له دره‌گاكانیان له‌زگه‌ی ڕێكلامی لێ بدرێت.
ئه‌مڕۆ ڕاوێژكاری یاسایی یوسف سامان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هاووڵاتییان مافی خۆیانه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن و سكاڵایش له‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و كۆمپانیا و لایه‌نانه تۆمار بكه‌ن كه ده‌رگای ماڵه‌كانیان پیس ده‌كه‌ن به له‌زگه‌ی ڕێكلام.
زیاتر گوتی، ده‌رگای ماڵ موڵكی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی و به لێدانی له‌زگه‌ی ڕێكلامی به‌بێ ئاگاداری خاوه‌ن موڵك یان به‌بێ ڕێككه‌وتن و ڕازیبوونی ده‌چێته چوارچێوه‌ی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روماڵی هاووڵاتی، هه‌موو كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و كاره ده‌توانێ سكاڵا تۆمار بكات و یاسایش سزای ده‌دات، به بابه‌تی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر موڵكی تایبه‌ت.
به‌رزه عومه‌ر خاوه‌نی كۆمپانیای به‌رزه بۆ بازرگانی چاپ و ڕێكلام به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و له‌زگه‌ی ڕێكلامانه له كۆمپانیاكانی چاپ و ڕێكلام له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت له‌سه‌ر داواكاری هاووڵاتییان و بازرگان و خاوه‌نكار خۆیان هه‌زار دانه له‌و له‌زگه لاكێشه بچووكانه به 50 هه‌زار دینار ده‌كڕێت، هه‌یانه كواڵێتییان زۆر خراپه و له‌كاتی لێدانیان له ده‌رگا به‌ته‌واوی پیسی ده‌كات و له‌كاتی لێكردنه‌وه‌ی بۆیه‌ی ده‌رگاكه له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌مه‌یش به‌هۆی هه‌رزانی له ماده‌ی چاپه‌كه‌یه.
له‌وباریه‌وه سیامه‌ند كه‌ریم گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئێمه پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی دیوار و ده‌رگای ماڵانمان له نووسین و له‌زگه‌ی ڕێكلام ڕاگه‌یاند و ده‌ستمان پێ كرد، هه‌رچه‌نده ئێسته ئه‌و دیارده‌یه به‌رده‌وامه و بڕیارمان داوه بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ركه‌سێك ئه‌وكاره بكات، لای خۆمان تۆماری بكه‌ین و زانیارییه‌كان بده‌ینه پۆلیس و قایمقامییه‌ت تا ئه‌وان سزای بده‌ن و رێوشوێنی یاسایی له‌گه‌ڵ بكه‌ن".
پیشه‌وه‌ران و كاسبكاران ده‌توانن ڕێی تر بگرنه به‌ر بۆ ڕێكلام و ناساندنی كاره‌كانیان
زیاتر گوتی، داوا له پیشه‌وه‌ران و كاسبكاران ده‌كه‌ین ڕێی تر بگرنه به‌ر بۆ ڕێكلام و ناساندنی كاره‌كانیان، واز له‌و ڕێیه نه‌شیاوه بهێنن كه به شێوه‌ی له‌زگه ده‌رگای ماڵان پیس ده‌كه‌ن، بۆ له‌مه‌ودوا به‌دواداچوونی ڕژ له‌وباره‌وه ده‌كرێت و سه‌رپێچیكاران سزا ده‌درێن.
موعته‌سه‌م كه خاوه‌نی یه‌كێك له‌و تانكه‌ری ئاوه‌ڕۆیانه‌یه، ژماره‌ی له‌سه‌ر ده‌رگای ماڵان دراوه بۆ "وشه" گوتی، هاووڵاتییان بۆ باسی ئه‌و سووده ناكه‌ن كه له‌وه‌ته‌ی ئێمه ڕێكلام ده‌كه‌ین، كاره‌كه‌یان بۆ ئاسان بووه و هه‌ركات بیانه‌وێت ژماره‌كه‌مان به‌رده‌سته.
ئاشكرای كرد، ئێمه ڕێی ترمان له‌به‌رده‌ست نییه بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌مان بناسێنین، ده‌بێت لایه‌نی پێوه‌ندیدار بیرێك له‌و كاره‌ی ئێمه بكاته‌وه و ڕێگری له هه‌موو كارێك نه‌كات، ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بۆ جۆری بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕێكلامه‌كانی ئێمه‌ش دابنرێت.
له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیارده‌ی لێدانی له‌زگه‌ی ڕێكلامی تانكه‌ری بیر، وه‌ستای كاره‌با، بۆڕیچی، تانكه‌ری ئاو و نه‌وت بووه به‌دیارده و هاووڵاتییان بێزار بوونه و داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیمای ده‌رگاكانیان ناشیرین كردووه، له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش تا ئێسته یاسایه‌كی تایبه‌ت نییه به ڕێگریكردن له‌و بواره.