ئەمەریكا بەشداری لێكۆڵینەوەكان لە تەقینەوەكەی بەیرووت دەكات

:: PM:08:19:13/08/2020 ‌

 


بەهۆی گەورەیی وێرانكارییەكانی، كاردانەوەی تەقینەوەكەی بەیرووت بەردەوامە و هەمووان داوای لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی دەكەن، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی ئاماژە دەكات كە تیمێكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا، بەشداری لە لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەیرووت دەكات.
ئەمەریكا و فڕەنسا بەدوای وردەكاری تەقینەوەكەی بەیرووتن
ئەمڕۆ پێنجشەم دێڤید هێل، دوای گەیشتنی بۆ بەیرووتی پایەتەختی لبنان و سەردانیكردنی چەند ناوچەیەكی زیانلێكەوتوو بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، بەمنزیكانە تیمی نووسینگەی (ئێف بی ئای)، دێنە پاڵ لێكۆڵەرانی لبنانی و بیانی بۆ یارمەتیدانیان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی زۆركەس دەیكەن سەبارەت بە دۆخی تەقینەوەكەی بەیرووت.    

ئەمە و لێكۆڵەرانی چەند وڵاتێك بەشداری لە لێكۆڵینەوەكان دەكەن لەوانە فڕەنسا، لەو لیكۆڵینەوەی دەسەڵاتدارانی لبنان دوای تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت رووی دا، دەستیان پێ كردووە كە بووە هۆی كوژرانی 171 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 6500 كەسیتر و نزیكەی نیوەی بەیرووت بووەتە وێرانە.

وەك لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی هێزە تەناهییەكانی لبنان دوای رووداوەكە هاتە راگەیاندن كە تەقینەوەكە بەهۆی تەقینەوەی ئەمباری ژمارە 12 لە بەندەری بەیرووت بووە، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە ئەمبارێكی نزیك لێوەی، لەوكاتەی بڕی 2750 تۆن لە مادەی نیتراتی ئەمۆنیومی مەترسیدار بۆ ماوەی ساڵانێكە لەو ئەمبارە هەڵگیراوە، بێ گوێدانە مەترسیدارەییەكەی، بۆیە ژمارەیەك زۆر لە بەرپرسانی بەندەرەكە گیراون بۆ لێكۆڵینەوە و بەهۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەریشەوە، حكوومەتی لبنان دەستی لە كار كێشایەوە.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل