له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی و زۆربوونی ژماره‌ی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر بنكه‌كانی هاوپه‌یمانان و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، به‌رپرسان و سیاسییه‌كانی عێراق هۆشداری توند ده‌ده‌ن، كه ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی هه‌بێ و جارێكی تر بۆردمانی باره‌گه‌ی میلیشیاكان بكات و ئاڵۆزییه‌كان ڕوو له زیادبوون بكه‌ن.
له ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوو هێرشی مووشه‌كی كرایه سه‌ر سه‌ربازگه‌ی به‌له‌ند و دواتریش سه‌ربازگه‌ی تاجی، جیا له‌وه‌ی له ڕۆژانی ڕابردوویش كاروانێكی ئۆتۆمبێل كه كه‌لوپه‌لیان له كوێته‌وه بۆ سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌گواسته‌وه له باشوور هێرشیان كرایه سه‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانی له ئه‌نجامی هێرشه‌كان نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام سیاسییه‌كان و شاره‌زایان به دووری نازانن كه ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵام و گورزی كه‌مه‌رشكێن له میلیشیاكان بوه‌شێنێت و به بێده‌نگی نه‌مێنێته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا هێرش ده‌كاته سه‌ر میلیشیاكان و وه‌ڵامی بۆردمانه‌كانیان ده‌داته‌وه
به‌رپرسێكی عێراقی له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هێرشێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له مانگی ئادار/مارس كرایه سه‌ر میلیشیاكان، له وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئه‌و دواییه، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه بكرێته سه‌ر باره‌گه‌كانی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانه‌وه.
باسم خه‌شان په‌رله‌مانتاری عێراقیش به دووری نازانێت، كه به‌رده‌وامی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانان، هانی واشنتن ده‌دا كه وه‌ڵامی میلیشیاكان بداته‌وه و هێرشیان بكاته سه‌ر، ئه‌مه‌یش به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق نییه و مانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یه به گۆڕه‌پانی ململانێكانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا كه له سه‌ره‌تاوه كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌ی دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه نایانه‌وێ عێراق ببێته گۆڕه‌پانی جه‌نگی ئێران و ئه‌مه‌ریكا.