نووسه‌ر و شرۆڤه‌كارێكی سیاسی عێراقی رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ململانێیه‌كی شاراوه له نێوان عه‌لی سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌ی عێراق و عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئێران‌دا هه‌یه و ئه‌و باسی دۆخه‌كه له دوای نه‌مانی سیستانی له عێراق و شوێنگره‌وه‌كانی ده‌كات.
عه‌لی مه‌عمووڕی نووسه‌ر له نووسینگه‌ی نه‌بزی عێراق له ماڵپه‌ڕی "مۆنیتۆر" و مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سیدنی له میانه‌ی قسه‌كانی له په‌یمانگه‌ی واشنتن بۆ لێكۆڵینه‌وه رای گه‌یاند، نموونه‌ی قوم پشت به ویلایه‌تی فه‌قێكان ده‌به‌ستێت، وه‌ك بیروباوه‌ڕێك كه سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی رێبه‌ری باڵای ئێرانه و له‌سه‌ر ده‌ستی ئایه‌توڵا خومه‌ینییه‌وه دامه‌زراوه، له به‌رامبه‌ردا نموونه‌ی نه‌جه‌ف شێوه‌ی كۆنی مه‌زه‌وی شیعه‌كانه به رێبه‌ری عه‌لی سیستانی.
زیاتر گوتی، له‌وه‌ته‌ی 2003ه‌وه سیستانی هه‌وڵی دا سیستمێكی سیاسی زیاتر دیموكراسی له عێراق دامه‌زرێنێت، به‌ڵام خامنه‌یی له رێگه‌ی ده‌ستڕۆیشتوویی به‌سه‌ر پارته سیاسییه شیعه‌كانی عێراق و نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه هاته ناو بابه‌ته‌كه، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له رێگه‌ی پاڵپشتیكردن له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێسته‌ی عێراق رووبه‌ڕووی هاته‌وه كه له 2014ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست.
مه‌عمووری روونی كرده‌وه ئێسته یه‌كڕیزیی عه‌بادی و سیستانی و هه‌وڵه‌كانی بۆ سنوورداركردنی باڵاده‌ستیی ئێران به روونی دیاره، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ خستنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی عه‌بادییه‌وه.
ئاماژه‌ی كرد، ئه‌و فه‌توایه‌ی سیستانی له 2014 دای بۆ هاندانی شیعه بۆ جه‌نگی داعش رووناكی خسته سه‌ر ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی له نێوان سیستانی و خامنه‌ییدا هه‌یه، چونكه له‌و كاته‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له شه‌ڕوانانی شیعه وه‌ڵامی سیستانی‌یان دایه‌وه و هاتنه عێراق، له‌ولاوه خامنه‌یی لایه‌نگرانی خۆی له كه‌سانی سیاسی و ته‌ناهی خزانده ناو هێزه‌كه بۆ راكێشانی ئه‌و شه‌ڕوانانه بۆ ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی.
ئه‌و مامۆستایه ئاماژه‌ی كرد كه ئه‌و كاته‌ی سیستانی چه‌ند هه‌نگاوێكی هاوێشت بۆ مسۆگه‌ری هێشتنه‌وه‌ی چه‌ند هێزێكی ناو حه‌شدی شه‌عبی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌ك هێزه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت و عه‌ته‌بات و عه‌لی ئه‌كبه‌ر، تاران له رێگه‌ی بێبه‌شكردنیان له پاڵپشتیی سه‌ربازی و دارایی بۆ ئه‌و هێزانه وه‌ڵامی دایه‌وه.
به‌پێی ئه‌و نووسه‌ره جیا له خامنه‌یی، سیستانی خۆی له گوتاردانی تایفه‌یی له دژی سه‌له‌فی و سوننه و ململانێی ئێران و سعوودیه به دوور ده‌گرێت، به‌ڵكو هانی هاووڵاتییانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی ده‌دات بۆ پاڵپشتی نه‌كردنی بزاوه نه‌یاره‌كان له دژی حكوومه‌ته‌كانیان، هاوكات لایه‌نگران و شوێنكه‌وتووانی بۆ هه‌ڵنه‌گرتنی چه‌ك له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گه‌رمی شیعه هان دا، له‌وانه پاڵپشتی نه‌كردنی ئه‌سه‌د له سووریا و به‌رهه‌ڵستی نه‌كردنی حكوومه‌تی سوننه له به‌حرێن كه خاوه‌ن زۆرینه‌یه‌كی شیعه‌یه.
ئاماژه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر خامنه‌یی یان سیستانی بمرن ئه‌وه بۆشایی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت و رێگه بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌وڵی فره‌وانكردنی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌دات، چونكه به‌درێژایی مێژوو له ساڵانی 5-15 ساڵی دوای مردنی هه‌ر گه‌وره مه‌رجه‌عێك، پاڵاوكه‌كان له نێوان خۆیاندا كێبه‌ركێی بنیاتنانی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری پاڵپشت بۆیان ده‌كه‌ن، له نموونه‌ی ئه‌وه‌ش له دوای مردنی مه‌رجه‌عه‌كانی عه‌بدولكه‌ریم حائیری یه‌زدی و حوسێن برۆجه‌ردی و موحسین حه‌كیم و ئه‌بی قاسم خوئی.
مه‌عمووری ده‌ڵێ كه له حاڵه‌تی نه‌مانی سیستانی، یه‌كه‌م جار عێراقییه‌كان داوای دانانی مه‌رجه‌عێكی تر ده‌كه‌ن له نه‌جه‌ف بۆ راوێژكاری ئاینی و بینینی رۆڵ له كایه‌ی سیاسی و ئاراسته‌كردنی حكوومه‌ت، ئاماژه ده‌كات كه ئێسته‌ش ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی له حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف به‌دیار كه‌وتوون بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سیستانی ئه‌وانیش محه‌مه‌د باقر ئێروانی و عه‌بدولئه‌علا سه‌بزواری و محه‌مه‌د ره‌زا سیستانی كوڕی سیستانی، هاوكات خامنه‌یی هه‌وڵ ده‌دات ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی له نه‌جه‌ف فره‌وانتر بكات، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌وێ به چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه پێوه‌ست ده‌بێت.
زیاتر گوتی، له‌و فاكته‌رانه، یه‌كه‌م، باڵاده‌ستی خامنه‌یی له تاران به‌هۆی پێگه سیاسییه‌كه‌یه‌تی زیاتر له پێگه ئاینییه‌كه‌یه‌وه، دووه‌م، نوێنه‌ری زۆری نییه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له نه‌جه‌ف، چونكه مه‌حموود هاشمی شه‌هره‌وه‌ردی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی راوێژكارانی سه‌ركرده‌ی ئێرانی له نه‌جه‌ف له دایك بووه، به‌ڵام ته‌نیا خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌كی بچووك و ژماره‌یه‌كی كه‌م قوتابی هه‌یه.
مه‌عمووری روونی كرده‌وه، هه‌رچی كه‌مال حه‌یده‌رییه كه مه‌رجه‌عێكی عێراقییه و له نه‌جه‌ف وانه‌ی وه‌رگرتووه و ئێسته له قوم داده‌نیشێت، ئه‌و سه‌ر به مه‌زه‌وی شیعه‌ی ریفۆرمخوازه كه جه‌ماوه‌رێكی زۆری له عێراق نییه.
له به‌رامبه‌ردا سیستانی تۆڕێكی به‌هێزی زیاتر له 600 نوێنه‌ری له سه‌رانسه‌ری عێراق هه‌یه كه ده‌توانن ببنه قه‌ڵغانێك له به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستیی خامنه‌یی، هه‌روه‌ها قوتابییانی حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف ده‌توانن رۆڵ ببینن بۆ پاڵپشتیكردنی مامۆستاكانیان بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سیستانی، وه‌ك نووسه‌ر باسی لێوه ده‌كات.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سیدنی، كۆتا به قسه‌كانی دێنێت و ده‌ڵێت كه نه‌جه‌ف خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری دارایی سه‌ربه‌خۆیه له هه‌موو ناوچه‌كانی دنیا، له‌وانه‌ش له به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و لبنان.