چاودێران و مامۆستایانی سلێمانی ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنن

:: PM:12:18:15/09/2020 ‌
لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و چاودێرانی سیاسی و هاووڵاتییانی سلێمانی دووپات لە زەروورەتی سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەکەنەوە و دەڵێن، ئامانجی خەباتی هەموو شۆڕشەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی بووە.
ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئامانجی هەموو شۆڕشەکانی گەلی کورد بووە

ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئەیلوول، عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: كورد و دەوڵەت و مافی سەربەخۆیی شتێكی سروشتی و ئاساییە و ئەوە مافێك نییە كەس بە كوردی دابێت، بەڵكو ئەوە بوونی كوردە وەك نەتەوە وایكردووە چۆن عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیز مافی دەوڵەت و سەربەخۆیی هەیە، ئاواش كورد ئەو مافەی هەیبێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەڕاستیدا دەبوو نەتەوەكانی تر بایی ئەوە تێگەشتوو بوونایە كە دەوڵەت و سەربەخۆیی پێویستی بە ریفراندۆم نییە، چونكە ستەم و زوڵمی زلهێزان و وڵاتانی ناوچەكە وایكردووە كورد بیهەوێ بەم رێگایانە بگاتە سەربەخۆیی، دەوڵەت و نەتەوەكانی تر مرۆڤانە لەگەڵ كورد مامەڵەیان بكردایە، نە پێویستی بە شۆڕش دەكرد و نە ڕیفراندۆم.

"ڕیفراندۆم دوو لایەنی هەیە، یەكەم: بوونی خودی ڕیفراندۆمەكە مافێكی ئاسایی و سەرەتایی كوردە و نە عەیبەیە و نە شەرمە، هەر دەبێت ڕۆژێك بێت نەتەوە و دەوڵەتانی تر ئەو ڕاستییە قبوڵ بكەن كە كورد نەتەوەیەكی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەدەوڵەتبوون كەمترین قەرەبووی ئەو نەتەوە غەدر لێكراوەیە" عوسمان گوڵپی وای گوت.

لە بارەی لایەنی دووەمیشەوە ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵی، لایەنی دووەم كاتی ڕیفراندۆم بوو كە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی لەو وادەیەدا ناوماڵی كورد زۆر خراپ بوو، هێزەكان تەبا نەبوون و گرژییەكان لە هێڵی گەرمدا بوون، وڵاتانیش مرۆڤانە و دیموكراسییانە مامەڵەیان نەكرد و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتیان كردە کورد، بۆیە دەرئەنجامی ڕیفراندۆم خوازراو نەبوو، كێشە ناوخۆییەكان، ڕیفراندۆمی لە پرسێکی نەتەوەییەوە كردە پرسێکی حزبی كە ئەمە زۆر هەڵەیە هەركەسێك بەرژەوەندی نەتەوەیی تێكەڵ بكات و لە ڕقی حزبێكدا ببێتە بەشێك لە دژایەتیكردنی خەونێكی نەتەوەیی.

نەزاکەت حوسێن، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بۆچوونی وایە کە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کورد ئامانجی هەموو شۆڕشەکانی گەلی کورد بووە.

ئەو بۆ وشە گوتی: هەموو شۆڕش و قوربانییەکان بۆ ئەوەبوون کە گەلی کوردستان سەربەخۆبێت و لە ژێر چەتری دەوڵەتی خۆیدا بێت.

وەک هێمای پێ دەکات، ڕاستە ئێستا خاوەن هەرێمێکی ددان پێدانراوی دەستوورین لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەڵام ئەمە تموحی گەلی کوردستان و ئامانجی خەباتەکان نەبووە، ئەوهەموو خوێنەی ڕژاون، ئەو هەموو شەڕ و خەباتەی کراون بۆ ئەوەبوو گەلەکەمان سەربەخۆ بێت.

نەقیب سەردار مالوومەیی، فەرماندەی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی شانازی هەموو تاکێکی کوردە، بەلامەوە سەیرە هەندێک لە خەڵکی دژی ڕیفراندۆم دەوەستنەوە.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی، نەک جارێک، سەتجاری تریش ریفراندۆم بکرێت دەنگی ئێمە هەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو خوێنەی برا و باوکمان ڕشتی، بۆ سەربەخۆیی کوردستان بووە.

ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017، بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدرا کە 93٪ خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - هیدایه‌ت جان